ناوچەیەکی پیشەسازی لە کەرکووک دەکرێتەوە

لە کەرکووک ناوچەیەکی پیشەسازیی لەسەر ڕووبەری 116 دۆنم دروستکرا و دەکەوێتە سەر رێگای ناحیەی تازە.

لە مەراسیمێکدا ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو کرایەوە کە دووەم ناوچەی پیشەسازییە لە کەرکووک و دەکەوێتە سەر رێگای ناحیەی تازە و رووبەرەکەی 116 دۆنم زەوی دەبێت.

پرۆژەکە لە سێ هەزار 600 شوێنی کارکردن پێکھاتووە لەوان، پێشانەگی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و کارگە و دووکانەکانی فرۆشتنی کەرەستە یەدەگانی ئۆتۆمبێل و کۆگا.

ناوچەی پیشەسازییەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2014 دەستکراوە بە دروستکردنی و دوای شەش ساڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/27 کرایەوە.

وەبەرھێنەری پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو رایگەیاند، پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو یەکێکە لە پرۆژە سەرکەوتووەکانی کەرکووک، کە ناو شارەکە پاک دەکاتەوە و پیسی ناھێڵیێت، ئەوانەشی دێنە ئێرە خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆیان بۆ دابین کراوە”.

رمەزان حاجی رەشید وتیشی، نرخی دووکانەکانی ناوچەی پیشەسازی زۆر گونجاوە بەراورد بەرەوشی ژیانی کاسبکاران و پیشەوەرانی شارەکە.

راکان سەعید جبوری، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت،  لەکاتی کردنەوەی پرۆژەکە رایگەیاند “پرۆژەکە گرنگی زۆری ھەیە بۆ کەرکووک و خزمەتگوزارییەکانی جێی دڵخۆشین”.
پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە ھەوڵ دەدەن ئەو ناوچە پیشەسازییە نافەرمییانەی گەڕەکەکانی شار بھێنینە ناو ئەم ناوچە پیشەسازییە و ھیچ پیشەوەرێکیش بە زۆرەملێ ناھێنرێتە ئێرە و دەبێت بە رەزامەندی خۆیان بێن.

ھەواڵی زیاتر