ڕۆحانی: ئەمریکا داوای لێبوردن بکات، ڕێکدەکەوین
سەرۆککۆمارى ئێران رايگەياند، “وڵاتەكەى بە مەرجێک لەگەڵ ئەمریکا رێككدەكەوێت، کە ئەمريكا داواى لێبووردن بكات و بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنى ئەتۆمى”.
بە گوێرەى تەلەڤیزيۆنى فەرمی ئێران، حەسەن ڕوحانى، لەكاتى كۆبوونەوەى لەگەڵ ميدياكاران بەبۆنەى هەفتەى دەوڵەتەوە، وەڵامى چەند پرسيارێکی داوەتەوە، لەوان: لە كاتى دووبارە هەڵبژاردنەوەى دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆكى ئەمريكا، لەگەڵ ئێران دەگەنە رێككەوتن؟ ڕۆحانی لە وەڵامدا دەڵێت “پرۆژەى ئەوپەڕى فشارى ئەمريكا بە هاوكارى سعووديە و ئيسرائيل كە ئامانج لێى هێنانە سەر مێزی گفتوگۆی ئێرانە بە لاوازترين شێوە. هەوڵەكانيشيان بۆ رژاندنى خەڵك بۆ سەر شەقامەكان و داواكردنيان بۆ گۆڕينى رژێم بەبێ بەرهەم بوو”.
ڕۆحانی ئاماژەی بەوەشکرد “ترەمپ قسەی زۆر دەكات، ئەگەر ئەمريكا داواى لێبووردن بكات و بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنى ئەتۆمى، ئەوا رێككەوتن ئەنجامدەدرێت”.
سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ رۆژى يەكشەممە 2020/8/23 لە وتارێكيدا بۆ لايەنگرانى لە ويلايەتى نيوجێرسى ڕايگەياند، لە ئەگەرى دووبارە هەڵبژاردنەوەى بۆ سەرۆكى ئەمريكا، لە ماوەى چوار هەفتەدا لەگەڵ ئێران دەگەنە رێككەوتن.