قەبارەی قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکانی عێراق ئاشکرا دەکرێت
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق قەبارەی قەرزەکانی سەر وڵاتی عێراق ئاشكرا دەكات.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، قەرزی دەرەكیی لە عێراق زیاترە لە 30 ملیار دۆلاری، هەرووها لیژنەكە لە ساڵی 2019ـەوە قەرزی دەرەكی وەستاندووە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا، ھەروەھا بێ توانایی حكومەت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ھۆكارن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە عێراق ڕوو لە قەرزی دەرەكیی بکاتەوە لە بانكی جیھانی بە بڕی 5 ملیار دۆلار.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار لە بانكەكانی عێراق وەرگیراوە تاوەکو مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت.
ئەحمەد سەفار وتیشی، قەرزی دەرەكی زیاترە لە 30 ملیار دۆلاری و قەرزی ناوخۆش 50 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و حكومەت پابەند كراوە بەوەی لە زووترین كاتدا بەرنامەی چاكسازی دارایی و ئابووری جێبەجێ بكات.