37 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانیەكاندا تێپەڕدەبێت
ئهمڕۆ 31ى تهمموز، سی و حهوت ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بارزانییەکاندا تێپەڕ دەبێت، تاوانێکى دیکە له تۆمارى کۆمەڵکوژييهكانى رژێمی بەعسى فاشيست دژ بە گەلی کورد بهمهبهستى قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی كورد، كه تيايدا 8 هەزار بارزانی ئهنفال كران.
ئەنفالی بارزانییەکان سهرهتا بە راگواستنی بارزانییەکان دەستی پێکرد، لهم پرۆسه بهرنامه بۆ داڕێژراوهدا بارزانییەکان لە شوێنی رەسەنی خۆیان بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق راگوێزران، گوندەكانیان وێران کرا، رهز و باخ و زەوییە بەپیت و چێندراوەكانيان سوتێندرا، ژینگەى ناوچهكهيان تێکدرا و مەڕوماڵات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان تاڵان کرا.
لە ساڵى 1975 بەر لە هەڵمەتی ئەنفالکردنیان، بارزانییەکان بۆ باشووری عێراق راگوێزرابوون، دواتر لە ساڵی 1980 هێنرانهوه بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپە و لە هەردوو کۆمەڵگەی “قودس و قادسیە” نیشتەجێ كران، بەر لەمەش لە ساڵی 1978 هەندێکی دیکەیان ئەوانەی لە شوێنی رەسەنی خۆیان مابوون راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا، هەریر، بەحركە و گۆڕەتوو).
بارزانییەكان لەو ئۆردوگایانە لەژێر چاودێريى توندی سەربازیدا كۆكرابوونەوە، بەم شێوەیە ئەم كۆمەڵە مرۆڤەی کە بە بۆچوونی بەعس پێویست بوو لە ناو ببرێن كە بارزانیيەكان بوون، دەستنیشان كران.
لە كۆتایی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابی ساڵى 1983، دەستكرا بە گرتنی پیاوان و کوڕانی بارزانییەکان، ئەوانەی پێشتر لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا نیشتەجێ کرابوون، بارزانیيەكان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و رەوانەی پارێزگای موسەنا كران. پاش ئەوە و لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 1983دا جارێکی دیکە هێزە ئەمنی و سیخوڕییەکانى بهعس لە ئوردۆگای قوشتەپە، ماڵ بە ماڵ گەڕان و ئەو مێردمنداڵانەی جاری پێشووتر شاردرابوونهوه، ئەوانیشیان دەستگیر كرد و بێسەروشوێن کران.