پۆلیسی هەڵەبجە: ئەو پیاوەی خۆی خنکاند چوار مووچەی هەبووە
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەو پیاوەی لە باخی گشتیی هەڵەبجەدا خۆی خنکاند، چوار مووچەی هەبووە و کێشەی دارایی نەبووە، بەڵکو کێشەی خێزانی هەبووە.
رائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجه لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند: “کاوە حەمەئەمین، ئەو پیاوە 39 ساڵەی ڕۆژی یەکشەممە لە باخی گشتیی هەڵەبجەدا بە پەت خۆی هەڵواسی لە خێزانێکی ناسراوی هەڵەبجەن، ئەو پیاوە نە کەمدەرامەت بووە و نە هیچ کێشەیەکی دارایی نەبووە، بەڵکو چوار مووچەی هەبووە ( مووچەی کەمئەندامی، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی، زیندانی سیاسی و مووچەی وارسی شەهیدان)، بنەماڵەکەشی خاوەن گەراج و کەسابەتی خۆیانن و لە هەڵەبجە ناسراون”.
بە قسەی وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجه هۆکاری خۆخنکاندنی ئەو پیاوە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و پێشتریش هەوڵی خۆسووتاندنی داوە.