پەرلەمان کۆدەبێتەوە و تەنیا پارتی خۆی یەکلایی کردووەتەوە
بڕیارە سبەی یەکشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام تا ئێستا دیارنییە فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ بەشداری دەکەن یان نا.
لە بانگهێشتەکەی پەرلەماندا کە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئیمزای لەسەر کردووە هاتووە “بۆ بانگهێشتی پەرلەمانتاران پشت به‌بڕیاری ژماره(6)ی ساڵی 2020 بۆ درێژكردنه‌وه‌ی وه‌رزی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌می خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و حوكمی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له مادده‌ی (19) و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له مادده‌ی (66) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق بەستراوە”.
هەروەها ئاماژه به‌نووسراوی ژمارەی 1200ـی په‌رله‌مانی كوردستان بە ئیمزای سه‌رۆكی په‌رله‌مان له 16-7-2020 دەکات كه ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوه و تێیدا ئاماژه دانیشتنی په‌رله‌مان كراوه له ڕێكه‌وتی 26-27-28ـی 7- 2020.
هەرچەندە فراکسیۆنی پارتی بەو پێیەی لەگەڵ چەند فراکسیۆنێکی دیکەدا دەتوانن زۆرینە پێکبهێنن، سوورن لەسەر دانیشتنەکەی سبەی یەکشەممە، ئومێد خۆشنا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە باڵکێشی وت” بەهیچ جۆرێک دانیشتن دوا ناخەین و بە بڕیاری حیزب پەرلەمان پەک ناخەین”.
رۆژی یەکشەممە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر پێشنیازی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی حیزبەکە هەڵپەساردنی کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی خستە دەنگدان و بە دەنگی 65 ئەندامی سەرکردایەتی پەسندکرا.
بڕیارە ئەمشەویش فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ کۆبوونەوەی نێوخۆیی بکەن و بڕیار لەسەر بەشداریکردن یان نەکردنی دانیشتنەکەی سبەی بدەن.