عارف باوەجانی: 41 ساڵە ئێران كورد دەچەوسێنێتەوە

تۆڕی میدیایی باڵكێش هەڤپەیفینێكی لەگەڵ سەرۆكی پارتی سەربەستیی كوردستان عارف باوەجانی دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامداوە و دەڵێت: ئێستا دۆخی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر خراپە و تادێت خراپتریش دەبێت و داواش دەكات پارتە كوردیەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەر و باشكردنی دۆخی كورد لە ئێران بخەنەروو.

باڵكێش: دۆخی ئێستای شارە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوڕدستان لە ڕووی ئابورری و سیاسیەوە چۆنە؟

عارف باوەجانی سەرۆكی پارتی سەربەستیی كوردستان: بەداخەوە دەکرێت بڵێین کە دۆخی شارە کوردییەکان لە درێژایی تەمەنی ئەو 41 ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران، و ڕێژیمەکانی دەیان ساڵی پێشتری ئەوانیش، بەراورد بە شارەکانی دیکەی فارسی، لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی و سیاسیەوە خراپتر بووە.

بە تایبەتیش لەم ساڵانەی کە کێشەی نێوان ئەمریکا  وئێران گەیشتووەتە ئاستی بایکووتی ئابووری، و هەروەها بڵابوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژیانی ناوچە کوردییەکا چەند قات دژوارتر کردووە. لە بەر ئەوەی بەشێکی زۆری ژیانی ئەو خەڵکە لە سەر کارو کەساپەتی نێوان سنوورە دەستدرووستکراوەکەی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستانە بەو هۆکارانەش کە باسمان کرد ئاستەنگییەکی زۆر بۆ سەر سنوورەکان درووستبووە.

 بەشێکی دیکەی ژیانی لاوانی کورد هەر لە سەر ئەو سنوورانە کۆڵبەری بووە، کە ئەوانیش لە سەردەمانی پێش قەدەغەی هاتووچۆش بێ بەزەییانە کەوتوونەتە بەر گوولەی پاسدارانی سەر سنوور و گیانیان لە پێناو پەیداکردنی ناون بۆ بنەماڵەکەیان بەخشیووە ، ئێستا ئەو هەموو ئاستەنگییانەش کە درووستبووە، تەواو ئاستەنگی بۆ ژیانی دارایی شارە کوردییەکانیش هەڵچنیوە.

لە بواری ئەمنی سیاسییشەوە، وەک دەبینن، کە بەردەوام هەواڵی لە سێدارەدان و گرتن و بڕینەوەی بەندی بۆ چالاکوانان بڵاو دەبێتەوە کەوابێت ساڵ بە ساڵ دۆخەکە خراپتر بووەو خراپتریش دەبێت.

 باڵكێش:  ئایا گۆڕانكارییە ڕیشەییەكانی ئێران چۆن دەبینن و  پێتان وایە لە قازانجی ئێرانە؟

  عارف باوەجانی:  هەر جۆرە گۆڕانکارییەک بێتە ئاراوە دەسەڵاتدارانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری لێدەکەن، و بەدژی کار دەکەن، چوون بە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ڕووخانی خۆیانی دەزانن. ڕاستییەکەشی وایە، خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی بندەست، بە شارە فارسیەکانیشەوە ئەو پەیامەی بە گوێدا گەیاندوون، کە هەموویان درووشمیان بڕووخێت دیکتاتۆر، و ناوهێنانی دەسەڵاتدارانی باڵای رێژیم.

کەوابێت ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات، و خەڵک مەجاڵی هەڵوێست دەربرێنی هەبێت، کاری یەکەمیان ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەبێت. من لە کۆی گشتیدا دەڵێم بە بێ گۆڕانی ئەم ڕێژیمەی ئێستا. هەرگیز هیچ گۆڕانکارییەک جێ ناگرێت، من ئەو بۆچوونەشم لە وڵامی پرسیاری چەند لایەنێک کە لە کاتەکانی، دیدارم لەگەڵ زۆربەی وڵاتان و لایەنە گرنگەکان باسکردووە، کە بەشێک لەوان پێیانوابووە بە گۆڕانکاری ئێستا و مانەوەی ڕێژیمەکە، لەوانەیە ئاسانتر بێت.

باڵكێش: كورد لە كویێ گۆڕانكاریەكانی ئێراندایە؟

عارف باوەجانی: کورد لە نێوان نەتەوەکانی ئەو 4 وڵاتە داگیرکەرەدا، هەمێشە ناو و ژمارەیەکی دیارو بەرچاو بووە، هەم لە ئاست سیاسیدا و هەم لە ئاست بەرەنگاری لە بەرامبەر ڕێژیمیە دیکتاتۆرەکاندا. لە خۆرهەڵاتی کوردستانیش هەم نەتەوەی حاکم و هەم نەتەوەکانی دیکەی بندەستیش هەموویان قورسایی کورد باش دەزانن، بەڵام ئەگەر کورد بۆ خۆی تێکی نەدا؟.

 بێگوومان کورد یەکێکە لە نەتەوە بەرچاوەکانی ئێستاش و دواڕۆژی گۆڕانکارییەکانیش لە ئێراندا، بەڵام بە مەرجێک یەکگرتوو  یەکگووتار بێت.

باڵكێش: پێویستە كورد چۆن بۆ  دۆخی نوێی ئێران خۆی ئامادە بكات؟

باوەجانی: کورد دەتوانێت بە یەکگووتاری و یەکدەنگی خۆی وەک نەتەوەیەکی زیندوو ئامادەبکات بۆ هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا.

پێویستە وەک سەردەمانی شۆڕشی ١٩٧٩ کە یەک دەنگیی بە شاندی هاوبەشەوە لەگەڵ خومەینی دیالۆگیان هەبوو، بۆ ئایندەش هەر لایەنێک خۆی بە نوێنەری گشتی نەزانێت، و پێویستە لێژنەیەکی هاوبەشی کوردستانی پێک بهێنرێت، بەو کارشیان لە ئاستێکی گەورەدا پێشوازیان لێدەکرێت. ئەگەر لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ ببن، تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پشتیوانیان دەبن، بێگوومان کاتێک نەتەوەکەشت لە پشت بێت، هەم زلهێزانی ناوچەکەو هەم بە نەتەوەکانی دیکەی بندەست، هەروەها ئەوانەش کە بە ناو ئوپۆزوسیونی دەسەڵاتن، و بە کردەوە سەرتاسەریخوازن ناچار دەبن، ڕێز لە قورساییت بگرن و نەتەوانن داواکارییەکانت بە کەم بگرن.

نەتەوەیەکی گەورەی وەک کورد، ئەم هەموو ساڵە خەبات و خوێندانە، بۆ هەموو لایەک شاراوە نییەو، پێگەو قورسایی خۆی هەیە.

باڵكێش: هەماهەنگی نێوان حزبەكان  لەسەر ئاستی باڵا تا چ ڕادەیەك باشە؟

عارف باوەجانی: ئەوەی کە لە ئێستادا هەیە جێگەی دڵخۆشییە، کە مەترسی ڕووداوی ناخۆش و شەر بە دژی یەک نەماوە، دەکرێت بڵێین لە ئێستادا دۆخەکە لە ناو لایەنە کوردییەکان بە باش دەبینرێت، شەڕی ڕاگەیاندن و دژە یەک کەم بووەتەوە. لایەنی ٢ دیمۆکرات و ٢ کۆمەڵە پێکەوە لە ناوەندێک کاری هاوبەشیان هەیە، و بەو هیوایە ئەو کارە هاوبەشە ئاسانتر بکرێت، و دەرگاکەی بە ڕووی زۆربەی لایەنەکانی دیکەی کوردستانێشدا بکرێتەوە، بە بەشداری گشت لایەنەکان ماناو مەفهوومێکی گشتی نەتەوەیی دەدات بە کارەکە.

وەک وتم باشە، بەڵام ئەو باشییە کاری زیاتری ماوە بۆ ئەوەی خراپ نەبێت.

باڵكێش: پیویستە لایەنە كوردیەكان چۆن خۆیان بۆ  ئێران ئامادەبكەن؟

باوەجانی: من پێموایە پێویستە کورد  پێش لە ئێران خۆی بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان زیاتر ئامادە بکات، واتە کاتێک چووینەوە لە پلەی یەکەم لە هەوڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی خۆرهەڵاتی کوردستان بین، نەک وەک ئەزموونەکەی باشوور بچن بەغدایەکی وێران چاک کەنەوەو دواتر هەر ئەوانەش ببنە دووژمنی سەرسەختی گەلی کورد لە باشوور، و بەردەوام بووجەی مووچە خۆران ببڕن و ئاستەنگی بۆ سەر ئاشتی وئارامی باشووری کوردستان درووست بکەن.

ئەگەر تارانیش پێش کوردستان ئاوەدان بکەنەوە، ئەوا بێگوومان هەروەک سەردەمی خومەینی یەکەم مەشقی هێزەتازەکەی ئێران، پەلاماردانی کوردستان دەبێت.

من پێموایە کورد شاندێکی هەڵبژێراو، پێکهاتوو لە نوێنەری هەموو لایەن و پێکهاتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی درووستبکات، بۆ دیالۆگ لەگەڵ ناوەند و چاودێرانی وڵاتان لە ناوچەکەدا، ئیتر ئەو شاندە نوێنەرایەتی کورد بکات، وەک پێویستیشە کورد واز لە فیدراڵی و خودموختارییە گەڕەکییەکە بێنێت، کورد دەبێت داوای مافی تەواوی خۆی بکات، جا با ئەو کات بە گەرەنتی وزەمانەتی نێونەتەوەیی بە هێندێک شتی کاتی ڕازی ببێت.

ئێمە دەبێت ئەوە بە هەند وەرگرین، لە کاتی شێواندنی ئەم ڕێژیمە کە زیاد لە٤٠ ساڵە فیتنەی و هەژاری چاندووە، ئاڵۆزییەکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش درووست دەبێت، ئەگەر بەرگری نەکرێت تاڵانی و  ڕەشە کووژی و برسێتی درووست دەبێت. بۆیە بە بۆچوونی من کورد پێویستە هێزێکی پووختەی نێشتیمانی پێک بهێنێت، کە ئەمنییەتی هەموو سنوورەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بپارێزێت. بە کورتی و پووختی دەبێت، خەمی یەکەمان ئاگاداری لە  خۆرهەڵاتی کوردستان بێت.

ھەواڵی زیاتر