لە سووریا هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت و کوردیش بایکۆتی دەکات
سبەی یەکشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا کە بە ئەنجوومەنی گەل ناسراوە، بەڕێوەدەچێت، بەڵام رێڤەبەری خۆسەر دەڵێ: هەڵبژاردنەکە بایکۆت دەکات و رێگە بە دانانی سندوقیش نادات لە سنووری دەسەڵاتی خۆی.
ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە نزیکەی 10 ساڵە قەیران و ئاڵۆزی سیاسیی، ئەمنی، ئابووری و کارگێڕی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە. بە رای چاودێران، شەڕی نیوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە بووەتە هۆی وێرانی، کۆچبەری و پەنابەربوونی ملیۆنان هاووڵاتیی، کەش و هەوای هەڵبژاردنەکان تێکدەدات.
لەلایەکی دیکەشەوە، رێڤەبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە 30٪ی خاکی وڵاتەکەی لەدەستە، رایگەیاندووە کە هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن و رێگەش بە دانانی سندووقی دەنگدان لە سنووری دەسەڵاتی خۆشیان نادەن.
رۆژی 13ی نیسانی 2020 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا دەستنیشانکرابوو، بەڵام دواتر بۆ 20ی ئایار دواخرا، بەڵام جارێکی دیکە دوخرایەوە و رۆژی 19ی تەممووز دیاریکراوە. بۆ ئەم هەڵبژاردنە 15 بازنە کە حەوت هەزار و 313 بنکە لەخۆ دەگررێت دیاریکراون، هاوکات دوو هەزار و 100 کەسیش خۆیان بەربژێر کردووە.