نێچیرڤان بارزانی: ڕۆڵی فەرەنسا و ماکرۆن لەبیر ناکرێت
ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێرە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، وەرک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میانی کۆنفرانسە هاوبەشە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وڵاتەکەی لە سەردەمی کۆرۆنا، هاوشێوەی شەڕی داعش، پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات، لەوانە ناردنی یارمەتیی پزیشکی بۆ کەرتی تەندروستی و هەروەها هاوکاری نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەکەن، ئەمە جگە لە پرۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا بۆ باشکردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگای دهۆک بە گوژمی 15 ملیۆن یۆرۆ.
لۆدریان باسی کوڕە شەهیدێکی پێشمەرگەی شەڕی داعش کرد و وتی: کە وڵاتەکەی پشتگیری دارایی کردووە بۆ ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستبهێنێت و دەڵێت داعش “پرسەی بۆ هەرێمی کوردستان و فەرەنسا هێنا” ؛ بۆیە هەردوولا بە هاوبەشی شەڕی داعشیان کرد.
ژان ئیڤ لۆدریان، ئاماژەی بەوەدا کە “قوتابییەکی کورد کە باوکی شەهیدی شەڕی داعشە بە پشتگیری وڵاتی فەرەنسا توانیویەتی خوێندن تەواو بکات، بەو جۆرە دەبێتە یەکەم قوتابی کە فەرەنسا پشتگیری بکات، بەڵام دڵنیام دوایین قوتابی نابێت، و دەبێتە دەستپێکی نەوەیەکی کورد کە لە سایەی خوێندنی فەرەنسی خۆیان پێدەگەینن.
وتیشی، وەزارەتی دەرەوە پرۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی دەستپێدەکات کە هاوکار دەبێت لە رەخساندنی هەلی کار.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆڵی فەرەنسا و ماکرۆن لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان لەبیرناکرێت.
نێچیرڤان بارزانی سەردانەکەی ئەمجارەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەم کاتەدا بەگرنگ ناوبرد و بە نیشانەی بەردەوامیی پشتگیریی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستانی دەزانێت. هەروەها بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی فەرەنسای کرد کە هەمیشە لە تەنگانەدا پشتگیریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی وتی، دوای ئابڵوقەی ساڵی 2017 لەسەر هەرێمی کوردستان، فەرەنسا رۆڵی سەرەکی بینی لە شکاندنی گەمارۆکە و هاوکار بوو لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆکی فەرەنسا کرد لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستان هاتبوو و گوتی، سەرۆک ماکرۆن رۆڵیکی زۆر بەرچاوی گێڕا کە هەرگیز لەلایەن گەلی کوردستانەوە لەبیر ناکرێت و مایەی رێز و پێزانینی بەردەوامە.