هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ باڵكێش: ئەگەر هاوڵاتیان هاوكارمانبن كۆنترۆڵی كۆرۆنا دەكەین
لەبارەی دۆخی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی، تۆڕی میدیای باڵكێش دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەنجامداوە و پارێزگاریش باسی دۆخی شارەكە و رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات.
باڵكێش: دۆخی ئێستای پارێزگای سلێمانی چۆنە؟
پارێزگاریی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر: بەگشتی دۆخی پارێزگای سلێمانی وەك هەموو شارەكانی تر بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا رادەیەك ئاڵۆزە و هەموو هەوڵێك و چاوێكمان لەسەر پارێزگاكەیە بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵبین و هیچ كێشەیەك لە شارەكەدا نەمێنێت، ئەوەش هەوڵی هەموو لایەكی پێویستە و دەبێت هەوڵی جدی بۆ بدرێت.
باڵكێش: چۆن دەتوانن ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكەن؟
پارێزگاریی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر: وەك هەموو شارێكی دونیا شارەكەی ئێمەش توشی ڤایرۆسەكە بووە و ئێمەش كار لەسەر ئەوە دەكەین بە پێدانی رێنمایی نوێی و چاودێری كردنی دۆخەكە كۆنترۆڵی كۆڤید 19 بكەین و رێگە نەدەین چیدیكە ئەو ڤایرۆسە لە شارەكەمان بمێنێتەوە.
باڵێكش: ئایا رێنمایی نوێ پێشكەشی شوێنە گشتیەكان دەكەن؟
پارێزگاریی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر: بێگومان بەبەردەوام تیمەكانی پارێزگایی سلێمانی تیمەتەندروستی و تیمە سەربازیەكانی پارێزگای سلێمانی بەردەوام رێنمانیی نوێ بەخەڵكی دەدەن و هەروەها چاودێری وردی دۆخەكە دەكەن.
باڵكێش: ئایا چاودێریی شوێنەگشتیەكان و كافتریا ورێستۆرانتەكان دەكەن؟
پارێزگاریی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر: بێگومان چاودێری ورد و توندوتۆڵی شوێنە گشتیەكان دەكەین و ناهێڵین هیچ شوێنێك سەرپێچی بكات و سزای سەرپێچیكەرانیش دەكەین، ئەوە لە خزمەتی هەموو خەڵكی شارەكەدایە و بۆ ئەوەیە بتوانین هەموومان پێكەوە لەم شارە بە تەندروستیەوە بژین.
باڵكێش: ئایا پێداویستییە تەندروستەكانی پارێزگاكە بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتەواوی لە بەردەستاندایە؟
پارێزگاریی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر: ئێستا هەموو پێداویستیەكان بۆ نەخۆش و توشبوەكان بەردەستە و ئێمە لەرێگەی حكومەت و خێرخوازانەوە نەمانهێشتوە شارەكەمان بێ پێداویستی و خزمەتگوزاریی ببێت ئەوەش سودێكی گەورەیی بۆ شارەكەمان هەیە و داوا لەسەر جەم خێرخوازانیش دەكەین وەك چۆن هاوكارمان بوون بەوشێوەیەش هاوكارمان بن.
باڵكێش: چ پەیامێكتان بۆ هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی هەیە؟
پارێزگاریی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر: داوا لە دانیشتوانی شارە خۆشویستەكە دەكەین بەدەم رێنمایەكانی حكومەتەوە بڕۆن و پابەند بن وەك چۆن پێتریش پابەند بوون بە رێنمایەكانەوە ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەتوانین بە باشترین شێوە كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكە بكەین، هیوادارین هەموو شارەكە لە ڤایرۆسەكە پاكبكرێتەوە.
باڵێكێش: چۆن دەتوانن كۆنترۆڵی تەواوەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن؟
پارێزگاریی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەكر: وەك هەموو وڵاتەكانی دونیا وڵاتەكەی ئێمەش كار لەسەر ئەوەدەكات كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكە بكەین و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە هاوڵاتیانە كە بتوانن رێنمایەكان جێبەجێبكەن و دووربكەونەوە لە كەسانی توشبوو بە ڤایرۆسەكە.