”توركیا هاوكاری ژنانی داعش دەكات”
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی”سکای نیوز”، “ژنە داعشەکانى کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان مانگانە (قەواڵەی داراییان) پێدەگات، بەشێک لەو پارانەش کە دەنێردرێت بۆ ژنانی داعشی دانیشتوی کەمپەکە خەرج دەکرێت و بەشێکی دیکەشی بۆ پارەدارکردنی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە خەرج دەکرێت”.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، “قەواڵە داراییەکان لە دوو سەرچاوەوە ئاڕاستەی ژنانی داعش دەکرێن لەکەمپی هۆل، خانەوادەی ژنە داعشەکان لەدەرەوەی سوریا کە مانگانە لانی کەم هەر خێزانێک بۆ کچەکەی خۆی 500 دۆلار دەنێرێت، سەرچاوەى دووەمیش ئەو کۆمەڵە و چڤاتانەن کە لەداعشەوە نزیکن پەیوەندیان لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا هەیە”.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سکای نیوز، کە زانیارییەکانی لە زاری کارمەندێکی ناوەندی ئاڵۆگۆری دراوەوە وەرگرتووە لە ڕیفی هۆل لە پارێزگای حەسەکە “بەشی هەره زۆری گواستنەوەی حەواڵەکان لە شاری ئیدلبەوە دەکرێت لەلایەن کۆمەڵەیەکەوە کە لە ئەو شارەیە کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی تورکیادایە و پڕۆسەی گواستنەوەی پارەکەش لەژێر ناونیشانی (خوشکەکان لە کەمپەکاندا) ئەنجامدەدرێت، ژمارەیەک ژنی توندڕەوی داعشیش کە ئەندامن لە دەزگای(حسبە)ی ڕێکخراوەکە سەرپەرشتی پڕۆسەی گواستنەوە و ناردنی حەواڵە دارییەکان دەکەن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “ژنە داعشەکانی ئەندام لەدەزگای ( حسبە) لەناو کەمپی هۆل لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕێکلام بۆ لایەنگرانی داعش دەکەن بۆ ئەوەی هانیان بدەن پارەیان پێ ببەخشن له ژێر ناونیشانی( فرمێسکی ژنانی دیل) یان ( ژنانی یەخسیر).