بەپێی بەدواداچونێک، بۆ دامەزراندن و کڕینی ئامێرەکانی ئەو کەناڵە، نۆ ملیۆن دۆلار لەبودجەی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی دابینکراوە.
لەدوای ڕوداوەکانی ٨ی تەمموز، بەپێی ئەو دیکۆمێنتانەی دەستی بەسەرداگیراوە، مانگانە ٤٨ هەزار دۆلار کە دەکاتە ٧٠٠ ملیۆن دیناری عێڕاقی تەنیا بۆ موچە تەرخانکراوەو زۆرترین موچە بۆ بەرپرسی دەزگاکە بوە کە بڕی ٢٢ ملیۆن دینار بوەو نزیکەی ٥ ملیۆن دیناریشی پێدراوە بۆ مەسروفاتی ڕۆژانەی شەخسی خۆی. لەکاتێکدا ئەو کەناڵە تا ئێستا دەستی بەپەخش نەکردوە.
دوای دەست بەسەرداگرتنی تەواوی کەناڵی ئایپڵەس، لێژنەیەک تەخمینی کڕینی کەل و پەلەکانی ئەو دەزگایە دەکات. ئەو کەل و پەلانەی لەدەزگا بەجێماون کۆی گشتی بە سێ ملیۆن دۆلار دەکڕدرێن و ئەو لێژنەیە پێی وایە بڕی شەش ملیۆن دۆلار بەهەدەر دراوە لەکڕینی کەل و پەلەکاندا.
بەپێی زانیارییەکان، قوباد تاڵەبانی دوای پشوەکانی جەژن کۆبونەوەیەک لەگەڵ کارمەندەکانی ئەو کەناڵە ئەنجام دەدات و پێیان ڕادەگەیەنێت ئەو کەناڵە دەخرێتە سەر مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی و ئەوەی دەیەوێت بمێنێتەوە هەمان و موچەو ئیمتیازاتی کەناڵی کوردسات و گەلی کوردستانی پێدەدرێت.
لەئەگەری بەردەوام نەبونی کارمەندەکانی ئەو دەزگایە تەواوی کەل و پەلەکانی کەناڵەکە بەسەر هەردو کەناڵی گەلی کوردستان و کوردسات دابەش دەکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییەکان، لەچوار چێوەی دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی کەسانی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی دەست بەسەر خانوەکەی بەڕێوەبەڕی کەناڵی ئایپڵەس داگیراوە کە نرخەکەی نیو ملیۆن دۆلارە.
لە بوار نیوز وەرگیراوە