لە چاوانی ئەوەوە گەڕامەوە زەمەنی پێش ئەنفال!

منداڵی جوان زۆرن، بەڵکه ڕاستتر وایە بڵێم زۆربەی منداڵان جوانن. منداڵی بەشمەینەتیش لەم وڵاتەی مەدا فرە فرەن. منداڵی ژیر و وریایش کەم نین. ژمارەیەکی بەرچاویش منداڵ هەن، بۆ پەیداکردنی بژێویی خۆیان و خێزانیان خەریکی کارکردنن… وەلێ یەکگرتنی ئەم گشت سیفەتانە لە یەک منداڵدا، دەگمەنە، لەوەیش دەگمەنتر ئەوەیە تۆ ڕێت لە منداڵێکی وا بکەوێت.
هەندێ منداڵ هەن، لە ڕوخساریاندا، یا وردتر بێژم لە ڕوانینی چاوانیاندا دەریایەک لە ڕاز، لە جوانی و ژیان شەپۆل دەدات. دەکرێت تابلۆی ڕوومەتی یەک لەو فریشتانە ببێتە توحفەیەکی مێژوویی تەواوی جیهان، یان ڕەنگە وێنەی یەک لەو پەرییانە ببێتە ڕازێنەرەوەی ڕووپەڕی دەیان گۆڤار و وارگەی ئەلیکترۆنی… زۆریشیان ئەم بەختەیان نابێت و بە گومناوی دەمێننەوە و لە پێچێکی ئەم دنیا هەزار بە هەزارەدا دەژین و بەکپی گەورە دەبن و بێدەنگ دەمرن.
من بە بینینی منداڵێک کە لە چوارڕییان و جادەکانی شاردا کار دەکات، زۆر تێکدەچم و ناخم دەهەژێت، وەلێ بۆ منداڵی گوند بەپێچەوانەوە، گەر نەجووڵێت و هاریکاریی ماڵەوە نەکات، بە خراپی دەزانم. ئاخر کاری گوند خۆڕسکانەیە و دەبێتە هۆی بەهێزیی منداڵ و چاوی دەکاتەوە و ئازا و شارەزای دەکات، بەڵام کار لە شاردا، منداڵ بەرەو لادان و دەستەمۆیی و سەرکزی دەبات.
سووریا، ئەو کچە ڕازاوی و پڕسیحرەیە کە لەسەر ڕێی ماولێکان، کە گوندێکی نزیکی بلێ و بارزانە، نێرگز و گێوژ و هەرمێ و میوەی وەرزی دەفرۆشێت و هەردوو چاوی، دوو کڵاوڕۆژنەن و تیشکی خۆری ڕووحێکی گەورەیان لێوە دەڕژێتە دەرەوە و خوا بە قیسمەتی کردم چاوم پێ بکەوێت.
لە گەشتێکی پاییزە-زستانەدا، هاوڕێ لەگەل هۆشەنگ فەتتاح، محەمەد کەلاری، عەلی کوردی و هاروون ماهووتیدا چووینە گەلیی زۆرەگڤان. پێش چوونمان، هۆشەنگ -کە وەک هەنگ لە هەرکوێ پاکی و جوانییەک هەبێت دەیدۆزێتەوە- پێی گوتم: «بەڵکە ئەو منداڵەیش ببینین کە شت دەفرۆشێت، منداڵێکی زۆر تایبەتە.» بەڵام بەداخەوە ئێمە لە ڕێگەیەکی ترەوە چووینە زۆرەگڤان و بانگی مەغریبیشی دا، هێشتا سواری سەیارەکەمان نەبووبووین بۆ گەڕانەوە، بۆیە کەسمان ئەو منداڵەمان بیر نەمابوو.
لە سەروەختی گەڕانەوەدا، نزیکی بانگی عیشا، گەیشتینە گوندەکەی سووریا، لەپڕ هۆشەنگ بەدەم ئاژوشتنی ئۆتۆمبێلەکەیەوە گوتی: «مامۆستا، وا بزانم ئەوە کچەکەیە کە بۆم باس کردی، سەیارەکە ڕابگرم؟» بێ یەک و دوو، «بەڵێ»م بۆ کرد. هەر کە لە ماشێنەکە هاتینە خوارەوە، کچ و کوڕێکمان دیت، کچەکە، پڕ بە ڕوخساری دەگرژنی و دەگەشایەوە، کوڕەکەیش لە شەرماندا هەر ملی خوار دەکردەوە و خۆی گرمۆڵە دەکرد. سەلاممان لێ کردن، کچەکە وەکو کەسێکی ژیر و فامیدە وەڵامی داینەوە. یەک-دوو کیلۆ هەرمێ و چەند قاپێک گۆیژی لەسەر مێزێک دانابوو، پرسیاری نرخمان لێ کرد، بە زەردەخەنەیەکی تایبەتەوە پێی گوتین: «گۆیژ، قاپی هەزار و هەرمێیش، کیلۆی بە سێ هەزارە و دوو کیلۆیشی پێنج هەزار.»‌
پێم گوت: کچە جوانەکە، ناوت چییە؟ وەک ئەوەی لەم پرسیارانە ڕاهاتبێت و لە مێژ بێت خۆی بۆ وەڵامدانەوە ئامادە کردبێت، گوتی: سووریا. درێژەم دایێ و پرسیم: تەمەنت چەند ساڵە؟ گوتی: نۆ ساڵانم. دواتر گورجێک گوتی: لە تەمەنی یەکساڵییەوە کار دەکەم! ڕوون دیار بوو وەک شانازییەک ئەمەی باس کرد، نەک ئەوەی بەزەیی ئێمە بۆ خۆی ڕابکێشێت و بیەوێت هەژاری و ناچاریی خۆیمان پێ بڵێت.
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، تەنیا چاوە سیحراوییەکەی نەبوو، بەڵکە ئەو بێمنەتی و بوێری و گەورەییەی بوو وا نیشانی دەداین. بەپێچەوانەی سووریاوە، هاشمی برای یەکجار شەرمن بوو، هەرچیمان کرد نەهاتە نزیکمانەوە و تەوقەیەکی لەگەڵدا نەکردین، چەندیش هۆشەنگ کۆشا وێنەیەکی بگرێت، هەر خۆی شاردەوە، سەیر ئەوە بوو تەنیا ساڵێکیش لە سووریا مناڵتر بوو. هەر ئەو دەمەی ئێمە وەستابووین و گۆیژمان دەخوارد، نیسانێکی دەبڵ ڕایگرت و شۆڤێرەکەی، کە پیاوێکی پەنجا ساڵان دەبوو، دابەزی و گوتی: «سووریا گیان، باشیت؟» ئەویش بەگەرمی چووە پیرییەوە و خێراتنی کرد. کابرا گوتی «دوو قاپ گێوژم بدەرێ، بەڵام بۆمی بکێشە.» دیار بوو کابرا وەکو ئێمە، زیاتر لە خۆشەویستیی سووریادا دابەزیبوو تا ئەوەی حەزی لە گێوژ بێت، بۆیە گوتی: «قورسە، کەمێکی لێ دەرکە.» کەچی سووریا بەپێچەوانەوە، گوتی: «نا، قەیدی چییە، با قورس بی.» لەوەیش خۆشتر ئەوە بوو نیو قاپی تر گۆیژی زیادەی بۆ کردە نێو کیسەکەوە!
لەو دەمەدا، بەدەم هەڵلەرزینی سەرما دوو پلەییەکەی ئەو دەڤەرەوە، بیرم لە گەورەیی ڕووحی ئەم منداڵە و دڵتێرییەکەی کردەوە و بێ ئەوەی بزانم بۆ، دڵم داخورپی لەوەی ئەم ڕووحە پاکە ڕێی لە شار بکەوێت و تووشی چاوچنۆکی و تەماحی زۆر ببێت و قەت تێر نەبێت. هەر ئەو کاتە و ئێستایشی لەگەلدا بێت، کە چەند ڕۆژێک بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕیوە، بیرم بۆ بناری گل و مناڵانی ڕێی کانی و ناو پەچای ڕانەمەڕان گەڕایەوە و لە ڕوومەتی پاک و ترەکاوی سووریادا، مناڵەکانی سی و سێ ساڵ پێش ئێستای ئاوایی بارام بەگ و کانی قادرم دیت. دڵنیام و زەڕە گومانم نییە، گەر دایکم، ڕووحی غەریقی ڕەحمەت بێت، سووریای بدیایە؛ تێری بە شان و باڵدا هەڵدەگوت و لە دەیان جێدا دەیدا بە چاوی مناڵانی خاووخلیچک و تەمبەڵدا، ئاخر دایکم یەکجار وریا و خێرا و حەزبەئیش بوو، کەیفیشی بە کەسی گێل و گیانقورس و نەکارا نەدەهات.
ڕوخسەتمان لە سووریا خواست تا هەندێ وێنەی لەگەڵدا بگرین، هۆشەنگ پرسیی: «ئاساییە هەندێک وێنەت بگرین؟» ئەویش وەک عادەتی خۆی خەنییەوە و بێباکانە گوتی: «ئەدی، قەیدی چییە!» لەبەر ئەوەی شەو بوو، وێنەکان هەرچەند جوان بوون، بەڵام بە دڵی هۆشەنگ نەبوون، بۆیە چەند ڕۆژ دواتر کە لەگەل ماڵەوەیاندا چووبوونەوە ئەو دەڤەرە، لایدابووە لای سووریا و چەند وێنەیەکی جوانتری گرتبوون و دوانیانی بۆ ناردم. من لەو ڕۆژەوە بیر لە سووریا و مناڵانی لادێ و ڕەسەنایەتیی کوردی دەکەمەوە و قووڵ قووڵ دەچمە نێو خەیاڵەوە…


نووسینی: قانع خورشید

ھەواڵی زیاتر