سه‌ركرده‌كان و هاوڵاتیان قسه‌ی جیاوازیان له‌باره‌ی “فرسه‌ت سۆفی”یه‌وه‌ كرد

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی د. فرسه‌ت سۆفی،، پارێزگاری هه‌ولێر، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر سێ ڕۆژ ماته‌مینی له‌ شاری هه‌ولێر ڕاگه‌یاند.

دوای زیاتر له‌ مانگێك توشبوون به‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و مانه‌وه‌ی له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكی چه‌ند ڕۆژێك له‌ شاری هه‌ولێر و دواتر له‌ وڵاتی توركیا، كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، 18ی تشرینی دووه‌م، دكتۆر فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هه‌ولێر لە نەخۆشخانەی میمۆریاڵ لە تورکیا كۆچی دوایی كرد.

كۆچی دوایی فرسه‌ت سۆفی، كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی “له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان” له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی،، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رهه‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆككۆماری عێراق، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ڵاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی له‌ڕێگه‌ی په‌یامی هاوخه‌می و لێدوانی ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ دڵگرانی خۆیان ده‌ربڕی.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، “خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە. لەدەست دانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا.”

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا وتی: “د. فرسه‌ت سۆفی، دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.”

مه‌سرور بارزانیش له‌ په‌یامه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كرد، “کاک د.فرسەت داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازیی بوو. بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبوردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامە ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی ، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.”

هاوكات به‌رهه‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆككۆماری عێراق له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، “د.فرسەت پارێزگارێکی لێهاتوو و خه‌مخۆر بوو، له‌و ماوه‌ که‌مه‌ی ئه‌رکه‌که‌یدا جێده‌ستی دیار و مه‌به‌ستی بوو خزمه‌تی زۆری شاری ھەولێر بکات، جگه ‌له‌وه‌ش یاساناسێکی لێوه‌شاوه‌ و په‌رله‌مانتارێکی سه‌رکه‌وتوو بوو، به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ رێگه‌ی نه‌دا د.فرسه‌ت خزمه‌تی زیاتری ئاوه‌دانی و گه‌شه‌پێدانی هه‌ولێر و کوردستان بکات.”

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تیش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، “زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ خزمەتکارێکی جوان و دڵسۆزی کوردستان و بە تایبەت هەولێرمان لێ رۆیشت، فرسەت سۆفی، نەک تەنها کەسێکی کارا و دڵسۆز و خەمخۆر بوو، بەڵکو هاوڕێشم بوو. کەسێک بوو کە بەردەوام بە بێ دەنگی پێکەوە ئاگر و ناکۆکی سیاسیمان ئەکوژاندەوە. هەمیشە پەرۆشی یەکڕیزیی سیاسیی کوردستان بوو.”

سه‌ڵاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان هاوخه‌می خۆی ڕاگه‌یاند و وتی: “هەواڵی کۆچی دوایی دۆستی بەرێزم کاک دکتۆر فرسەت پارێزگاری هەولێر دڵگرانی کردم، ئەم گەنجە چالاک و پارێزگارە خەمخۆرە لەدەستدانی کەسێکی ئەکادیمی و پەرلەنتارو ئیداری دڵسۆزە.”

له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌یان هه‌زار پرسه‌نامه‌ و وێنه‌ی ناوبرا و دانراوه‌ و هاونیشتیمانیان دڵته‌نگی و نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ و به‌شێكی زۆریان به‌ زیانێكی گه‌وره‌ی ده‌زانن له‌ پرۆسه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ هه‌ رێمی كوردستان.

ڕاگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێریش ده‌ڵێت، “فرسەت سۆفی هیچ جۆرە نەخۆشییەکی تری نەبووە و تەنها هۆکاری گیانلەدەستدانی توشبوونی بووە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر سییەکانی دروستکردووە و هەر ئەوەش بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی.”

ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێریش سێ ڕۆژ ماته‌مینی له‌ شاری هه‌ولێر ڕاگه‌یاند.    

ھەواڵی زیاتر