ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە پەیامێکی بڵاوکردەووە

ئەنجوومەنی گەرەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە سەرباری بەردەوامی بۆردومانەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: دەمێنینەوە و بەرگری دەکەین .
لە سێ ڕۆژی ڕابردووەوە، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرشی چەکداری و بۆردوومانی چڕ بوونەتەوە، ئەم هێرشانە کە لە لایەن هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و گروپە چەکدارەکان ئەنجام دەدرێن، مەترسییەکی گەورەی مرۆییان لە ناوچەکە دروست کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، لە ڕۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2026ەوە هێرشەکان بە چەکی قورس دەستیان پێکردووە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مزگەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە، ماڵی هاووڵاتیان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانیان کردووەتە ئامانج.

 ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتووان و تێکدانی دیمۆگرافیای ئەو گەڕەکانەیە کە سەدان ساڵە خەڵکی ڕەسەنی لێ نیشتەجێن.

لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا، نەخۆشخانەی خالید فەجر کە تاقە ناوەندی تەندروستیی ناوچەکەیە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بەتەواوی لەکار کەوتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی گەمارۆ و هێرشەکانەوە، دەیان ژن و منداڵ و کەسی سڤیل بریندار بوون و هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنیان نەماوە.

 ناوچەکە ئێستا لە ناو جەرگەی قەیرانێکی مرۆیی قورسدایە و سەرمای زستان و کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان دۆخەکەی بۆ سەدان هەزار دانیشتووی گەڕەکەکان دژوارتر کردووە.

ئەنجوومەنی گەڕەکەکان ڕەخنەی توند لە بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و دەڵێت: ئەو لایەنانەی کە وەک گەرەنتی ڕێککەوتنامەکانی 10ی تشرینی یەکەم و یەکی نیسان دەستنیشان کرابوون، لە ئاست ئەم پێشێلکارییانە بێدەنگن. 

هەروەها جەخت دەکەنەوە کە بانگەوازەکانی لایەنی هێرشبەر بۆ تەسلیمبوونی هێزە ئەمنییەکان (ئاسایش) و چۆڵکردنی گەڕەکەکان، لە لایەن گەل و هێزە بەرگریکارەکانەوە بە توندی ڕەت کراوەتەوە و بڕیاری مانەوە و بەرگریی دراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە تەواوی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کراوە کە بە دەم بریندارانی نەخۆشخانەی خالید فەجرەوە بچن و بۆ پاراستنی ناسنامە و گەڕەکەکانیان، لە دژی ئەم هەوڵانەی کۆمەڵکوژی و گۆڕینی دیمۆگرافیا ببنە یەک دەنگ و پشتیوانی هێزە ناوخۆییەکان بن.                        
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، بە ناوچەی کوردنشین و فرەنەتەوە ناسراون کە لە ساڵانی ڕابردوودا سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەرییان پەیڕەو کردووە، ئەم ناوچانە پێشتریش چەندین جار ڕووبەڕووی گەمارۆ و هێرشی گروپە چەکدارەکان بوونەتەوە، بەڵام هێرشەکانی ئەم دواییەی ساڵی 2026 وەک هەوڵێکی ڕاستەوخۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکانی پێشوو و گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکە دەبینرێت.

ھەواڵی زیاتر