وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، 6ـی ئەم مانگە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى شوبات دابەش دەکرێت. وەزارەتەکە دڵنیاییش دەدات لەوەی، هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، “رۆژی پێنجشەممە 6ـی ئەم مانگە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى شوبات بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.”
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، “دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان، سەرجەم رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی تەواوکردووە.”
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، “لەلایەن هاوپەیمانانەوە دووپات لەوە کرایەوە کە هاوکاری دارایی بەردەوام دەبێت.”
لەم مانگە زیاتر کە 46 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن