لەبارەی پێکهینانی کابینەیی دەیەم بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی دەکات

شاندی باڵای یەکێتی و پارتی، بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەمشەو یاخود سبەی پێشنیوەڕۆ کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “بافڵ تاڵەبانی بەڕێکەوتووە بۆ هەولێر، ئەمشەو (شەممە، یەکی ئاداری 2025) یاخود سبەی پێشنیوەڕۆ لەگەڵ کاک مەسرور کۆدەبنەوە.”

ئەو سەرچاوەیە گوتی، “چەندین کۆبوونەوە لەنێوان شاندی پارتی و یەکێتی کراوە، بەڵام هەندێک بابەت ماون کە یەکلایی نەبوونەتەوە، پێویستە لە کۆبوونەوەی شاندی باڵا یەکلایی بکرێنەوە.”

لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، “تەوەری سەرەکی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت دەبێت و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە گشتی تاوتوێ دەکرێن، تەوەرێکی دیکەش پەیوەستە بە بارودۆخی تورکیا و پرۆسەی ئاشتی لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.”

دوای ئامادەکردنی رەشنووسێک لەنێوان شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی بۆ یەکەمجار، 22ـی شوبات، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن “بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.”

شاندی پارتی، لەلایەن هۆشیار زێباری و شاندی یەکێتی، لەلایەن قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرا، دوای راگەیێندراوەکە جارێکی دیکە لە 26ـی شوبات لە هەولێر کۆبوونەوە.

نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.

ھەواڵی زیاتر