کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر-کۆیە دەستی پێکردووە

بە بڕیاری سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، بە گوژمەی زیاتر لە 403 ملیار دینار، کارکردن لە پرۆژەی دوو سایدی رێگەی هەولێر – کۆیە دەستی پێکردووە.

شەممە، 1ـی شوباتی 2025، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکوومەتی هەرێم، رایگەیاند: کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر-کۆیە دەستی پیکردووە و کارکردن تێیدا بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو دەبێت، کارەکانی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە دەکرێن.

گوژمەی پڕۆژەکە زیاتر لە 403 ملیار دینارە و بە درێژیی 38 کیلۆمەترە، پرۆژەکە پردێکی 250 مەتری و 5 ئۆڤەرپاس و دوو ناوەندیی بازرگانیی لەخۆ دەگرێت، بە تەواوبوونی ڕێگەكە ماوەی نێوان ئەو دوو شارە كەم دەبێتەوە.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، پێشووتر ڕایگەیاندبوو: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر ڕژدە لەسەر ئەوەی، پرۆژەی ڕێگەی هەولێر بۆ کۆیە بە ستانداردی بەرز بەیەکەوە ببەسترێتەوە.

ڕۆژی 10ـی 10ـی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا و لە كاتی دانانی بەردی بناغەكە ڕایگەیاند “بەرنامەی حکوومەت ئەوەیە شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری، بێ هیچ جیاوازیيەک بگەیه‌نینە هەموو ناوچەکانی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر