فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی خۆیان بەیەکدی دا کێشا

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەیەکی ئەمریکا خۆیان بەیەکدیدا کێشا. سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە.

سیناتۆر رۆجەر مارشاڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی “فڕۆکەیەک کە لە ویچیتای ویلایەتی کانساسەوە بەرەو واشنتن دەهات و نزیکەی 60 سەرنشینی هەڵگرتبوو، لەگەڵ هێلیکۆپتەرێکی سەربازی پێکیدا دا”.

سیناتۆرەکە رووداوەکەی بە “کابووس” ناوبرد.

بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاند، سێ سەربازی سوپای ئەمریکا لەو هەلیکۆپتەرە سەربازییەدا بوون کە لەسەر رووباری پۆتۆماک لە واشنتن لەگەڵ فڕۆکەیەکی بازرگانیی کۆمپانیای پی ئێس ئەی ئەیرلاینز لە جۆری بۆمباردیێر پێکیاندا دا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە.

ئەمێریکان ئەیرلاینز رایگەیاند، 60 گەشتیار و چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی لەنێو ئەو فڕۆکە بازرگانییەدا بوون، کە دوای پێکدادان لەگەڵ هەلیکۆپتەرێکی سەربازی لە ئاسمانی واشنتن کەوتە ناو رووباری پۆتۆماک.

بەگوێرەی زانیارییەکان هێلیکۆپتەرە سەربازییەکە خۆی بە فڕۆکەکەدا کێشاوە، لەکاتێکدا فڕۆکەکە ویستوویەتی لە فڕۆکەخانەی رۆناڵد ریگن لە واشنتن بنیشێتەوە.

هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری بلاک هۆک سیکۆرسکی ئێچ -60ـە، فڕۆکەکەش لە ویچیتای ویلایەتی کانساسەوە دەهات.

ھەواڵی زیاتر