ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە 360 سەرکردە و 60 سەرۆکی وڵاتانی جیهان کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا دەستی پێکرد. هاوکات هەر ئەمڕۆ ماڵی کوردستان لە داڤۆس کرایەوە.
کۆڕبەندی داڤۆس لە ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی کلاوس شوابەوە دامەزراوە، وەک کۆڕبەندی بازرگانی ئەوروپی دەستیپێکرد، کە سەکۆیەک بوو بۆ گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمییەکان، ئەمساڵ کۆڕبەندەکە لەژێر تەوەری “هاوکاری بۆ سەردەمێکی زیرەک”، بەڕێوەدەچێت و پێشوازی لە سێ هەزار بەشداربوو لە 130 وڵاتی جیهانەوە دەکات، لە نێویاندا هەزار و 600 بەڕێوەبەری جێبەجێکار و کەسایەتیی بازرگانی، پێکەوە، تاوتوێی چارەسەری هەندێک لە ئاستەنگە هەرە دیارەکانی جیهان دەکەن، وەک ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەیرانی غەززە و سووریا تا گۆڕانی کەشوهەوا و دوای ئاگرکەوتنەوە وێرانکارەکەی کالیفۆرنیا
ماڵی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ یەکەم جار لە کۆڕی ئابووری جیهانی لە داڤۆس 2024 دامەزرا.
لە ڕێگەی ماڵی کوردییەوە
سەرۆکوەزیران دەیەوێت دەروازەیەک بکاتەوە بۆ نیشاندانی تواناکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان وەک ناوەندێک بۆ وەبەرهێنان و داهێنان، بۆ پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ هاوبەشی جیهانی و گەشەی ئابووری.
لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی 2025 لە داڤۆسی سویسرا، ڕۆژانە بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکان پێشوازی لە میوانان دەکات و دەرگا بۆ گفتوگۆی ئامانجدار و بەسوود و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بۆ چارەی دەرفەت و ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەكان كراوە دەبێت.