کوردستان

لەمپەری سەلامەتی لە رێگەکانی کوردستان دروستدەکرێن

08-09-2026
لەمپەری سەلامەتی لە رێگەکانی کوردستان دروستدەکرێن
قەبارەی نووسین:
A A 21px

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، پڕۆژەیەکی نوێی سەلامەتی لەسەر رێگەکان جێبەجێ دەکات.

لە رێگەی جووتسایدی نوێی کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل، کە شار و شارۆچکەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، تایبەتمەندییەکی نوێ بە ناوی "لەمپەری سەلامەتی" دروست دەکرێت.

ئەم لەمپەرە تایبەتە بە رێگە لێژەکان و بۆ ئەو بارهەڵگرانە دروستکراوە کە کۆنترۆڵ لەدەستدەدەن، بەتایبەت لە کاتی لەکارکەوتنی برێک (ئیستۆپ). شۆفێر دەتوانێت ئۆتۆمبێلەکەی ئاراستەی ئەم شوێنە بکات و بە سەلامەتی رابگیرێت، بێ ئەوەی زیان بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکانی دیکە بگەیێنێت.

لەمپەرەکە زەوییەکەی بە چەو، خیز، یان لمی قوڵ پڕدەکرێتەوە. ئەمەش وادەکات تایەی بارهەڵگرەکە نقوم ببێت و لێکخشانێکی زۆر دروست بکات بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکە بێ ئەوەی وەستانێکی لەناکاو و وێرانکەر بێت.

 لێژی بەرەو سەرەوە: زۆرجار ئەم ڕێڕەوانە بەپێچەوانەی شەقامەکەوە لێژییەکەیان بەرەو سەرەوەیە، بۆ ئەوەی هێزی کێشکردنی زەوی یارمەتیدەر بێت لە خێرا وەستاندنی بارهەڵگرەکە.

بەرزیی ئەو چینە لمە بە شێوەیەک دەبێت کە ئۆتۆمبێلەکە ڕابگرێت و بەسەر لامپەرەکەدا نەپەڕێتەوە. بەرزیی تەواوی لەمپەرەکەش دەگاتە 14 مەتر. بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێران، لە دووریی 500 مەتر هێمای ئاگادارکردنەوە دادەنرێت و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 80%ـی کارەکانی تەواو بووە.

ئەم هەنگاوەی حکومەت دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنەی هاتووچۆ دێت کە لە کەسنەزان روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا. پڕۆژەکە وەک وەڵامێکە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی رێگەوبان.