بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ئاسانکاریی لە کاتی رووداوەکاندا لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەتایبەت لە کاتی ئاگرکەوتنەوە کە پێویستیان بە مامەڵەی تایبەت هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان جیا بکاتەوە.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی: بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە "Plug in" یان تەواو کارەباییەکان جیاکارییان بۆ بکرێت.
عەقید هێمن وتیشی "تابلۆ نوێیەکە هەمان شێوەی تابلۆکانی دیکەی دەبێت، بەڵام لۆگۆیەکی تایبەتی لەسەر شێوەی "بروسک" بۆ زیاد دەکرێت کە هێمای کارەبایە، ئەمەش بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەکان بناسرێنەوە.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم جیاکارییە وتەبێژ دەڵێت: "ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی تەواو کارەبایی ئاگر بگرێت، نابێت بە ئاو بکوژێندرێتەوە، بەڵکو دەبێت تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەرمانی تایبەت بەکاربهێنن، بۆیە بوونی ئەو لۆگۆیە تیمەکان ئاگادار دەکاتەوە کە چ جۆرە ئاگرکوژێنەوەیەک بەکاربهێنن."
هەروەها عەقید هێمن لەبارەی شوێن بۆ بارگاویکردن دەڵێت "لە داهاتوودا شوێنی تایبەت بۆ بارگاویکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دروست دەکرێت".