ڕۆژی شەممە 18ـی نیسانی 2026، کەسایەتییەکی عەرەب بە ناوی حوسێن ئەلحسۆ، لە دەروازەی شاری قامیشلۆ بە چەکی کلاشینکۆڤ تەقەی لە ئاڵای ڕۆژئاوای کوردستان و ڤیدیۆکەی لە سۆشیال میدیا دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد، ئەم کارە وەک بێڕێزییەکی ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە سیمبوولە نەتەوەییەکانی کورد و قوربانیانی ناوچەکە تەماشا کرا.
کاردانەوەکانی دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان و هەواڵی ڕووداوەکە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەرفراوان شارەکانی ڕۆژئاوای گرتەوە، لە قامیشلۆ، حەسەکە، عامۆدێ، گرکێ لەگێ و چەندین شارۆچکەی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان خۆپێشاندنای ناڕەزایەتیی ساز کران.
داواکاریی خۆپێشاندەران
خۆپێشاندەران داوای سزادانی خێرای ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە کارە تێکدەرانەیان دەکرد کە ئامانجیان نانەوەی فیتنەی نەتەوەییە لە ناوچەکەدا و کارەکە وەک دژایەتیی کورد هەژمار دەکەن و دەڵین: ئەمە مایەی قبووڵکردن نییە.
ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن
بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، 19ـی نیسانی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان (ئاسایش) ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجامدا و کاتژێر 3:00ـی بەرەبەیان توانیان ئەو کەسە دەستگیر بکەن. تۆمەتبار لە زینداندایە و ڕووبەڕووی تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سیمبوولە نیشتمانییەکان و هەڕەشەکردن لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکە
ئۆپەراسیۆنەکە بە ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا ئەنجامدرا، کە نیشانەی جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی ئەمنییە بۆ ڕێگریکردن لە پشێوی لە ناوچەکە.
دواین پێشهات و ڕێککەوتنی نێوان ڕۆژئاوا و حکومەتی سووریا
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی ناوەندیی سووریا چووەتە قۆناغێکی نوێوە و هەردوولا گەیشتوونەتە چەند خاڵێکی هاوبەش، لەوانە:
پاراستنی سەروەری: ڕێککەوتن کراوە کە پاراستنی سنوورەکان ئەرکێکی هاوبەش بێت، لە کاتێکدا کاروباری ناوخۆیی و ئاسایشی شارەکان لەژێر دەستی هێزەکانی ناوخۆی ڕۆژئاوادا بمێنێتەوە.
دانپێدانانی فەرمی: گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەوەی حکومەتی سووریا بە شێوەیەکی دەستووری دان بە مافە کولتووری و ئیدارییەکانی ناوچەکەدا بنێت، لە بەرامبەردا ڕۆژئاوا وەک بەشێکی دانەبڕاو لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بمێنێتەوە.