کوردستان

سەرۆك بارزانی: دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت

04-08-2025
سەرۆك بارزانی: دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ڕۆژی دووشەممە 4ی ئابی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.  

لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو و ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەییبوو، سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆلی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا، گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت.

 سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوەدا کە ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردووە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی،  لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا ، دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت. 

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی ئەڵمانیا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆل و پێگەی سەرۆک بارزانی هەبوو، پشتیوانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپای بۆ پێگەی دەستوریی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کونسوڵخانە لە هەرێم، پەیامێکە کە دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزگاری و بەرگریی لێبکرێت، هەروەها ئاماژەی بە ئەو سەرکەوتنانە دا كە هەرێمی کوردستان بۆ ژێرخانی ئابوری و ئارامی و سەقامگیری هەیەتی،  ئومێدی خواست لە شوێنەکانی دیکەی عێراقیش بێتەدی و هیوای خواست کە ئەو نمونە بەرچاوەی لە بوارە خزمەتگوزارییەکاندا لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە کایەوە بە تایبەت لە پرسی ئاو و کارەبا، لە عێراقیش هەمان ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. 

بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون.