لە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا، یەكێك لە خاڵەكانی ناو ئەجێندای سەردانەكە ئیمزاكردنی دوو گرێبەست بوو لە بواری وزە، وردتر لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان. لەم چوارچێوەیەدا و بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دوو گرێبەستی گەورە لەگەڵ ھەردوو كۆمپانیای (HKN Energy) و (WesternZagros Resources) بۆ وەبەرھێنانی نەوت و غاز لە ھەرێمی كوردستان ئیمزا كراوە.
زۆر دوور و بگرە پێچەوانەی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی كە بەگوێرەی دەستووری عێراق و لە بواری نەوت و غازی نەك ھەر ھەرێمی كوردستان، بەڵكوو نەوت و غازی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان و تەنانەت ڕەسمكردنی سیاسەتی وزەی عێراقیش دراوە بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێچەوانەی ھەموو ئەمانە بەردەوام عێراق شەڕی نادەستووری و شەڕی سیاسی بە ھەرێمی كوردستان فرۆشتووە و ئەم شەڕەی عێراقیش بۆ قازانجی دەرەوەی عێراق و دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بووە، ئەگینا تۆ خۆت غازی خۆت ھەیە، بۆچی دەچیت كێڵگەی غازی كۆرمۆر بۆردومان دەكەیت، بەڵام دەچیت لەدەرەوەی عێراق غاز دەكڕیت؟ خۆ ھەتا ئێستاش عێراق وازی لەم گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە بە ھەرێمی كوردستان نەھێناوە، بەڵام ئێستا كە لەواشنتنەوە دوو كۆمپانیای وەبەرھێنانی وزە بەبێ عێراق! گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیمزا دەكەن، كەواتە:
1 - بەر لە ھەر شتێك ئەمەریكا بە عێراق دەڵێت، لەكاتێكدا تۆ شەڕی گرێبەستە كۆنەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بە ھەرێمی كوردستان دەفرۆشیت، ئەوەتا لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكاوە گرێبەستی نوێ لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیمزا دەكرێت، بەبێ ئامادەبوونی تۆی عێراق! بۆچی پێش ھەردوو كۆمپانیاكە گوتم ئەمەریكا ؟ ئەوە لەبەر ئەوەی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ واشنتن بە داوەتنامەی فەرمیی بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا بووە و حەتمەن پێشتر ئەمەریكا بەوردی ئاگاداری ئەجێندای ئەم سەردانەیە.
2 - ھەردوو كۆمپانیای (HKN Energy) و (WesternZagros Resources)، قارچك و دومبەڵان كۆناكەنەوە كە لە ساڵێكدا ھەفتەیەك ئیشیان ھەبێت و پێویست بەوە نەكات ئاگاداری دەستوور و یاسا بن، بەڵكوو ئەم كۆمپانیایانە بەرلەوەی گرێبەست لەگەڵ ھەر وڵات و ھەر حكوومەتێك بكەن، زۆر باش و بەوردی دەستووری ئەو وڵاتە تێدەگەن، ئنجا بڕیاری ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دەدەن، كەواتە ئەو دوو كۆمپانیایە لە واشنتنەوە و ناڕاستەوخۆ بە عێراقیان گوت، ئێمە بەبێ تۆ گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئیمزا دەكەین، چونكە بەوردی ئاگامان لە دەستووری عێراق و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە لە بواری نەوت و غاز و زۆر باشیش دەزانین تۆ لە كەیەوە و بۆچی لەسەر نەوت و غاز شەڕی سیاسی بە ھەرێمی كوردستان دەفرۆشیت.
3 - نازانم عێراق چۆن لەم پەیامانە تێدەگات، بەڵام لەبەرئەوەی بەشی زۆری مێژووی ئەم عێراقە تەمەن 100 ساڵە تێنگەییشتن بووە، بۆیە بەردەوام عێراق لە ھەڵدێرێكەوە بەرەو ھەڵدێرێكی تازە ڕۆییشتووە و كاتێكیش بەخۆی زانیوە كە دەستی پیا چزاوە و كار لەكار ترازاوە، دەستێكیش نەوت و غاز بیسووتێنێت، خراپ دەیسووتێنێت!