کوردستان

بۆ گرتنی هەر سەگێک پارە بە هاوڵاتیان دەدرێت

11-05-2025
بۆ گرتنی هەر سەگێک پارە بە هاوڵاتیان دەدرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەرێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە هەولێر دەڵێت، لەمەودوا هەرکەس بیەوێت سەگ بگرێت و بیگەیێنێتە شێڵتەر بۆ بەخێوکردن، گرێبەستی بۆ دەکەن و دواتر بۆ گرتنی هەر سەگێک سێ هەزار دیناری پێ دەدەن.

ژیار جەلال، بەرێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی: "هەرکەس ماتۆڕسکیلی سێ تایەی هەیە یان ئۆتۆمبێل و خوازیارە لە هەڵمەتی گرتنی سەگدا بەشدار بێت، دەبێت سەردانمان بکات بۆ ئەوەی گرێبەستی بۆ بکەین".

ئەوانەی دەیانەوێ لە هەڵمەتەکەدا بەشداربن، دەبێت بارهەڵگرەکەیان بکەنە قەفەس بۆ گرتنی سەگەکان؛ بەو شێوەیە نەبێت گرێبەستیان بۆ ناکرێت.

بەرێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر گوتی: "ئەو کەسانەی بەشداری لە هەڵمەتەکەدا دەکەن، کۆتایی هەفتە چەند سەگیان گەیاندبێتە شێڵتەری هەولێر بۆ هەریەکەیان سێ هەزار دیناری پێ دەدرێت".

بەگوێرەی پێشبینییەکانی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، لە سنوورەکەدا نزیکەی 31 هەزار سەگی بێلانە هەن.

ژیار جەلال دەڵێت: "لەو ژمارە سەگەی پێشبینی دەکرێت هەبن، نزیکەی 16 هەزاریان لە شێڵتەردا راگیراون و نزیکەی 15 هەزاریان لە دەرەوەن".