ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لێدوانی شاندی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ جۆلانی

20-12-2024
لێدوانی شاندی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ جۆلانی
قەبارەی نووسین:
A A 21px

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت: "لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتی کاربەڕێکەر کۆبوومەوە، لەنێویاندا، ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک پڕەنسیپ کە ئەمریکا و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە لەسەری رێککەوتوون. پێشوازیمان لە پەیامە ئەرێنییەکان کرد."

باربارا لیف دەڵێت، بە ئەحمەد شەرعی گوتووە کە ئەمریکا چیدیکە 10 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری کە ببێتە هۆی دەستگیرکردن یانیش کوشتنی نادات. 

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەبارەی سەردانەکەی بۆ سووریا دەڵێت، "سەردانی ئەمڕۆمان بۆ دیمەشق دەرفەتێک بوو بۆ گوێگرتن لە سووریاییەکان."

لیف دەشڵێت: "گوێم لە چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەندامانی پێکهاتە جیاوازەکان و دەنگە جیاوازەکان لەبارەی دیدگەیان بۆ داهاتووی سووریا و شێوازی هاوکاریکردنیان لە لایەن ئێمەوە گرت." 

باربارا لیف کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە دیمەشقە، دەشڵێت، ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ خەڵکی سووریا بۆ ئەوەی سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرن. هاوکات، باس لەوە دەکات، "جەختمان کردەوە کە نابێت گرووپە تیرۆریستییەکان ببنە هەڕەشە، چ لەنێو سووریا و چ بۆ دەرەوە."