سەرەتای مانگی پێنج بڕیاری کۆتایی لەبارەی بڕی وەرگرتنی گەنم دەدرێت، پێش ئەم وادەیە هەرێمی کوردستان دەیەوێت پشکی خۆی یەکلا بکاتەوە.
وابڕیارە دوای جەژن شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببێتەوە، بە ئامانجی وەرگرتنی سەرجەم گەنمی جووتیاران.
د. زێدان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: چوونی شاندەکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران بارزانییە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ وەرگرتنی سەرجەم گەنمی جووتیاران.
بەپێی ڕووپێوی سەتەلایتی، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم بە گەنم داچێنراوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بێت.
هەربۆیە جووتیاران ترسیان لا دروست بووە حکومەتی عێراق هەموو بەرهەمەکە وەرنەگرێت و لە ناوخۆش ساغنەبێتەوە، بۆیە لە ئێستاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەم کێشە چاوەڕوانکراوە چارەسەر بکات.
شایەنی باسە، ئەمساڵ حکومەتی عێراق دەیەوێت شەش ملیۆن تۆن گەنم وەرگرێت و نرخی هەر تۆنێک 850 هەزار دینارە.