نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لیترێک سوپەر لە هەولێر 2300 دیناری تێپەڕاند، هۆکارەکانیش بۆ کەمیی ماددە کیمیاییەکان، ئاڵۆزییەکانی ئێران و زیادبوونی خواستی ناوخۆیی دەگەڕێنرێنەوە.
ئەمڕۆ نرخی جۆرە جیاوازەکانی بەنزینی بازرگانی زیاتر بەرزبووەتەوە. ئەم ئێوارەیە لە هەولێر نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە 1500 دینار، موحەسەن 2000 دینار و سوپەریش لە هەندێک بەنزینخانە 2300 دیناری تێپەڕاند. لە دهۆک نرخەکان بەمجۆرەن: لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 1350 دینار، موحەسەن 1900 دینار و سوپەر 2100 دینار. لە سلێمانیش نۆرماڵ بە 1250 دینار، موحەسەن 1750 دینار و سوپەریش بە 1950 دینارە.
هۆگر عەلی بازرگانی سووتەمەنی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە بۆرسەی هەولێر بە 1350 دینار دراوە بە بەنزینخانەکان، ئینجا بە ڕێژەیەکی کەم دەست دەکەوێت، ئەمەش وایکردووە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە هەموو بەنزینخانەکان دەست نەکەوێت.
دیدار زوبێر بازرگانی سووتەمەنیش باسی لەوەکرد: پێشتر ڕۆژانە سەدان تۆن لە ماددە کیمیاییەکانی بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی بۆردوومانکردنی پاڵاوگە پترۆکیمیاییەکانی ئێران، ئەو ماددانە کەم بوونەتەوە و ڕۆژانە تەنیا چەند ترێلەیەک دێن و بەشی هیچ ناکات.
خاڵی سەرەکیی گرانبوونی بەنزینی نۆرماڵ ئەوەیە کە خواست لەسەری زیاد دەکات و بەرهەمهێنانیش سنووردارە، بەتایبەت کە بەنزینی نۆرماڵی 750 دیناری زیاتر لە هەفتەیەکە بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت و هێشتا وەجبەی 2 کارا نەکراوە.
سەبارەت بە موحەسەن و سوپەریش، هۆکارەکە کەمبوونەوەی ئەو ماددانەیە کە پێی دروست دەکرێن. بۆ نموونە تۆنێک ماددەی ئێم تی بی (MTBE) گەیشتووەتە 5000 دۆلار (50 وەرەقە) و بە زەحمەت دەست دەکەوێت، لە کاتێکدا پێشتر بە 15 وەرەقە بوو. جیا لەمەش 23 ماددەی دیکە هەن بۆ دروستکردنی ئەم جۆرانە کە هەموویان لە بازاڕدا پێنج بۆ شەش هێندە گران بوون.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی قەیرانەکە ئەوەیە کە ئێران ئەو ماددە کیمیاییانە بە ڕێژەیەکی زۆر دەفرۆشێتە تورکیا چونکە پارەی زیاتریان پێ دەدەن، هەر بۆیەش لە ئێران زۆر بە کەمی دەست بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت بۆ ئەوەی هاوردەی بکەن، ئەمەش وایکردووە تێچووی بەرهەمهێنان و نرخی کۆتایی بۆ هاووڵاتییان چەند هێندە بەرز ببێتەوە.