لە ئیندۆنیزیا، کەشتییەکی گەشتیاری لە ئاوەکانی ئەو وڵاتە و لە دەریای جاوە بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە نقووم بووە و 140 سەرنشین بێسەروشوێنن.. ئیندۆنیزیا: کەشتییەکە دوێنێ شەممە بە 243 سەرنیشینەوە لە شاری سورابایا لە جاوەی رۆژهەڵاتەوە بەرەو بانجارماسین لە کالیمانتانی باشوور بەڕێکەوتبوو. لەم بارەیەوە سەرۆکی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن دەڵێت، هەموو توانای خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان و تیمێکیان رەوانەی دوایین شوێنی دیاریکراوی کەشتییەکە کردووە. تا ئێستا 103 سەرنشین توانراوە رزگار بکرێن. هەروەها گوتەبێژی تیمەکانی فریاگوزاری لە بانجارماسین ئەوەی خستەڕوو کە یەکێک لە سەرنشینە رزگارکراوەکان بەهۆی سەختیی دۆخ و برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە و 140 کەسیش بێسەروشوێنن. ئەم وڵاتە لە 17 هەزار دوورگە پێکهاتووە، هاووڵاتییان بۆ گواستنەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان پشت بە کەشتییەکان دەبەستن لەبەرئەوەی رێگە دەریاییەکان تێچوویەکی کەمتریان هەیە و زیاتر بەردەستن، لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی سەرەکی لەو وڵاتەدا، جێبەجێنەکردنی پێوەرەکانی سەلامەتییە، کە ئەمەش وەک هۆکارێکی سەرەکی دەبینرێت بۆ بەرزیی رێژەی رووداوە دەریاییەکان بەراورد بە وڵاتانی دیکە.
دوای رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا، کاتژمێر 23:20 خولەی شەوی شەممە بەسەر یەکشەممەی 12/9/2026 تواندرا ئەمیرێکی داعش دەستگیر بکرێت. لە ئۆپراسیۆنەکاندا، دوو مەفرەزەی چەکداری داعش لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی نهێنی ئەو گرووپە دەستگیرکران. ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە 22 کەس، کە سەرجەمیان کوردن. ئپڕاسیۆنەکە بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵێنەوەی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەڕێوەچوو. هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری چەکی قورس، مامناوەند و بچووکدا گرت. هەروەها ژمارەیەک بۆمبی دەستی، دووربینی سەربازی و تەقەمەنی لە دەستگیرکراوەکان دۆزرایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو گرووپە بەنیازبوون لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا چەند کردەیەکی تیرۆریستی بکەن. دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختدەکاتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا، سەرجەم دانپێدانان و بەڵگەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.
دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانە لە سلێمانی دەستی پێکردووە. بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراک دەڵێ، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس ئەم مانگە بەشە خۆراک وەردەگرن. رۆژی شەممە، 12ی ئەیلوولی 2026، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند: "ماوەی چوار رۆژە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانە دەستی پێکردووە و دوو ملیۆن هاونیشتمانی سنوورەکە بەشە خۆراک وەردەگرن". سەبارەت بەو خۆراکانەی دابەش دەکرێن، کامەران فەتاح ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەشە خۆراکی ئەم مانگە پێکهاتووە لە نیسک، نۆک، برنج، لەتکەنۆک، شەکر و دۆشاو؛ ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ دابەشکردنی، 22 رۆژمان پێویستە". بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی گوتی: "هاونیشتمانییان هەر جۆرە خۆراکێکی خراپیان بەدی کرد، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن و بە ئۆتۆمبێلی خۆمان دەچین بۆیان دەگۆڕین". هاوکات هەر ئەمڕۆ دلێر عەبدولقادر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر رایگەیاند: "دابەشکردنی سەبەتەی پێنجەمی خۆراک لە پارێزگای هەولێر دەستیپێکردووە و 18 رۆژمان پێویستە بۆ دابەشکردنی". ئەو بەڕێوەبەرەی دابەشکردنی خۆراک گوتی، ئەو خۆراکانەی ئەم مانگە دابەش دەکرێن کواڵیتییان زۆر باشە، بەڵام "کێشەی برنج و دۆشاومان هەیە کە هێشتا نەگەیشتوون و لەگەڵ گەیشتنی دەست دەکەین بە دابەشکردنی".
بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵی هەنگەوانان، کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەرهەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی 600 تۆن. کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان بووەتە ستوونێکی ئابووریی سەرەکی، بە جۆرێک 13 هەزار شارەزای ئەم بوارە سەرپەرشتیی نزیکەی 500 هەزار پوورە هەنگ دەکەن. ئامارەکان گەشەیەکی بەرچاو دەردەخەن و کۆی بەرھەمی ئەمساڵیان گەیاندووەتە 550-600 تۆن، بەراورد بە ساڵی 2025 کە نزیکی 400 بۆ 450 تۆن بوو. خشتەی کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمەکەش بەپێی تایبەتمەندیی جوگرافیای ناوچەکان جیاوازە، لە ناوچە نزمەکاندا کۆتایی هاوین دەستپێدەکات و لە ناوچە شاخاوییە ساردەکانیشدا مانگی ئەیلوول بۆ ئەم مەبەستە دیار کراوە. وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی بەرهەمی هەنگویندا، ئەویش لەڕێگەی پێشکەشکردنی ڕێنماییی زانستی بە هەنگەوانان و ساغکردنەوەی بەرهەمەکان، هەروەها هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی لە بەرامبەر بەرهەمی هاوردەکراودا، کە بوونەتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالێتی و زیاتر پەرەپێدانی ئەم سێکتەرە.
شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لە پیرمام لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی زانیارییەرییەکان، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق لەبارەی پشکیت هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027، ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدایە، سێشەممەی رابردوو، 08ـی ئەیلوول، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و رۆژی چوارشەممە، 09ـی ئەیلوول، لەگەڵ وەزیرانی دارایی و نەوت و پلاندانانی عێراق کۆبووەوە. سەردانی شاندەکە بۆ بەشداریکردنی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا.
بەهۆی شەپۆلێکی تووندی گەرما و خراپیی رەوشی زیندانەکان، لانیکەم 23 زیندانی لە تونس گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەوەی قەرەباڵخیی زۆر، نەبوونی ئاو و هەواگۆڕکێی گونجاو گیانی هەزاران بەندکراوی لەو وڵاتە خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە. حکومەتی تونس تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمیی لەبارەی ژمارەی قوربانیانی ئەم هاوینە لە زیندانەکاندا بڵاونەکردووەتەوە، بەرپرسانی وڵاتەکەش دەڵێن، ناتوانرێت هیچ گیانلەدەستدانێک بە گەرماوە ببەسترێتەوە، تاوەکو لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە پشتڕاست نەکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا باسم تریفی، سەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تونس رایگەیاند، رێکخراوەکەیان گیانلەدەستدانی 23 کەسی بە پشتبەستن بە زانیاریی پزیشکان، پارێزەران و کەسوکاری زیندانییەکان بەهۆی گەرماوە لەنێو زیندانەکاندا تۆمار کردووە. لەنێو ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە، سەرمایەداری ناسراو ئەزهەر ستا، گەنجێکی خوێندکاری تەمەن 24 ساڵ و بازرگانێکی لوبنانی هەن. باسم تریفی ئاماژەی بەوە کرد، رەوشی زیندانەکان لە بارودۆخی ئاساییشدا زۆر خراپە، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ سەرووی 45 پلەی سیلیزی و قەرەباڵخیی زۆری ژوورەکان، دۆخەکە راستەوخۆ بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی بەندکراوان. هاوکات لەم هەفتانەی دواییدا تونس بەدەست بڕانی بەردەوامی کارەبا و کەمیی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنێت. رێکخراوی جیهانیی دژ بە ئەشکەنجە لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە خراپتربوونی رەوشی دەستبەسەرکردن و زیادبوونی گیانلەدەستدان لە زیندانەکانی تونس دەربڕی و داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی کرد. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تونس باسی لەوەش کردووە، لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـەوە دەسەڵاتداران رێگرییان لێکردوون سەردانی زیندانەکان بکەن بۆ بەدواداچوونی رەوشی مافی مرۆڤ. لە بەرامبەردا، ئیدارەی زیندانەکانی تونس رەتیدەکاتەوە کەمتەرخەمی کرابێت و رایدەگەیێنێت، هەموو بەندکراوان بەپێی یاسا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و رێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی گەرما گیراوەتەبەر. مەترسی لەسەر ژیانی سەرکردە سیاسییەکان و رۆژنامەڤانان لە دوای هەنگاوەکانی قەیس سەعید، سەرۆککۆماری تونس لە 2021 بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەسەڵاتەکان، دەیان سەرکردەی سیاسی، رۆژنامەڤان و چالاکوان دەستگیر کراون و ئێستا لە هەمان ئەو زیندانانەدان کە بە دەست قەرەباڵخی و گەرمای توندەوە دەناڵێنن: راشد غەنووشی (85 ساڵ): سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە کە پارێزەرەکانی لە مانگی تەمووزدا باری تەندروستییان بە "مەترسیدار" ناوبرد دوای ئەوەی لەنێو زینداندا لەهۆش خۆی چوو بەهۆی ماندووبوون و گەرمای توندەوە. ئەحمەد نەجیب شابی (82 ساڵ): سیاسەتمەدار و چالاکوانی دێرین، کە کچەکەی هەیفا شابی هۆشداری دا لەوەی چاوەڕێ ناکات باوکی و مامە زیندانیکراوەکەی (عیسام شابی) لەنێو بەندیخانەدا گیان لەدەستبدەن. محەممەد یوسفی: رۆژنامەڤانی لێکۆڵەر کە هەفتەی رابردوو پێش بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی رادیۆیی لەسەر کێشەی بێئاوی دەستگیر کرا؛ دواتر بەهۆی هەوکردنی رێخۆڵەکوێرەوە نەشتەرگەریی بۆ کرا لە کاتێکدا بە گوتەی سەندیکای رۆژنامەڤانانی تونس، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە تاوی ئازار هاواری دەکرد. زیاد ئەلهانی: رۆژنامەڤانی رەخنەگر، کە ئارام ئەلهانی کچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە: "هەموو جارێک کە سەردانی باوکم دەکەم، دەترسم پێم بڵێن گیانی لەدەستداوە؛ هەموو جارێک لە زیندان دێمە دەرەوە، بە خۆم دەڵێم لەوانەیە ئەمە کۆتا جار بێت بیبینم." رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا لە حکومەتی تونس دەکەن دەستبەجێ رێگە بە تیمە سەربەخۆکان بدات سەردانی زیندانەکان بکەن و رێکاری بەپەلە بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژیانی زیندانییەکان پێش ئەوەی قەیرانەکە کارەساتی گەورەتری لێبکەوێتەوە.
پارێزگاری کەرکووک بڕیاری پێدانی کارەبای لەلایەن موەلیدە ئەهلییەکانەوە هەموارکردەوە و رایگەیاند، لە شارەکەدا سیستمی کارپێکردنی مۆلیدەکان هاوشێوەی پێشوو دەکرێتەوە بە 24 کاژێری. بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای کەرکووک کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، لەسەر راسپاردە و بەدواداچوونی محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، بڕیاری کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە نێو شاری کەرکووک هەموار کرایەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی کەرکووک سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکانی نێوەندی شاری راسپاردووە کە کارپێکردنی موەلیدەکانیان بکەنەوە بە سیستمی 24 کاژێری وەک ئەوەی پێشتر کاری پێدەکرا. لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەش، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە لە وەڵامی داواکاری و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییاندا بووە؛ هەروەها بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە دابینکردنی وزەی کارەبا و خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانی شارەکە دراوە. پارێزگاری کەرکووک باسی لەوەش کردووە، پێویستە سەرجەم خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان بە تەواوی پابەندی سیستمی کارپێکردنی دیاریکراو بن، بە پێچەوانەوە هەر سەرپێچییەک بکرێت رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر خاوەن مۆلیدەکان دەگیرێتەبەر. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دژی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی و کارپێنەکردنی موەلیدە ئەهلییەکان، هاووڵاتییانی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد.
بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر وێستگە نەوتییەکانی سعوودییە و ئاڵۆزبوونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی شەش هەفتەی رابردوو بەرز بووەوە. بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر وێستگە نەوتییەکانی سعوودییە و مەترسیی پەرەسەندنی شەڕی شەش مانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە. نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتووەتە 104.68 دۆلار، هاوکات نەوتی تێکساسی ئەمریکا گەیشتووەتە 99.7 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیە هەردوو پێوەرەکەی نەوتی خاوی لە ئاستێکی بەرزدا هێشتەوە. بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک نرخی نەوتی برێنت بەرزترین ئاستی لە 23ـی تەممووزەوە تۆمار کرد و نرخی نەوتی تێکساسیش بەرزترین ئاستی لە 4ـی حوزەیرانەوە تۆمار کرد. رۆژی سێشەممە، 08ـی ئەیلوولی 2026، حووسییەکان هێرشیان کردە سەر چوار شاری باشووری سعوودییە. لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا زیاتر لە 70 کەس بریندار بوون و ئاگر لە دامەزراوە نەوتییەکان کەوتەوە. لە بەرانبەردا میدیاکانی نزیک لە حووسییەکان بڵاویان کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودییە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر قەزای جوبە لە رۆژهەڵاتی سەنعای پایتەخت و پارێزگای تەعز لە باشووری رۆژئاوا ئەنجام داوە. دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتدا و بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، هەناردەی نەوت لە ناوچەی کەنداو تووشی کێشە بووە. سعوودییە وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو لە جیهاندا لە دوای ئەمریکا، بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەترسییانە نەوتەکەی بەرەو دەریای سوور دەنێرێت. شارەزایانی بازاڕی دارایی "وۆڵ ستریت" پێشبینی دەکەن پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو ساڵی 2027 بەردەوام بێت. لەسەر ئەم بنەمایە، چەندین بانکی گەورەی جیهانی وەک گۆڵدمان ساکس و ئێچ ئێس بی سی پێشبینییەکانیان بۆ نرخی نەوتی خاو لە هەردوو ساڵی 2026 و 2027 بەرز کردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی داخستنی سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنی (فۆڕێکس) دەرکرد و مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان بە تەواوی قەدەخە کرد. سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکی فەرمیدا، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد دەستبەجێ سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی دابخات. هەروەها جەخت لە قەدەخەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە بازرگانیی نایاسایی بە دراو بکرێت. بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت. لە رووی پابەندبوون بە بڕیارەکانی بەغدا، رێکارەکان لەسەر بنەمای رێنماییە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دانراون. بەپێی ئەو رێنماییانە هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دراوی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمەکانی فۆڕێکس بە نایاسایی هەژمار دەکرێت. لەبارەی رێکارەکان، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ سەرجەم ئەو ناوەندانە دابخات بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی رێنماییەکان ئەو کارە دەکەن. هەروەها بڕیارەکە رێگری لە خۆدزینەوەش دەکات و هەموو ئەو کۆمپانیا و گرووپانە دەگرێتەوە لەژێر ناوی جیاواز و ناونیشانی بازرگانیی دیکە هەمان چالاکی بەڕێوەدەبەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە نوێیە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی دارایی هاووڵاتییان و رێگریکردنە لە بەفیڕۆچوونی سەرمایە. هاوکات ئامانج لێی بەرگرتنە لەو فێڵ و زیانە داراییانەی بەهۆی مامەڵە نادڵنیاکانی ئەم بوارەوە رووبەڕووی خەڵک دەبنەوە. لە ساڵانی رابردوودا، دیاردەی مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان و بازرگانیکردن لە بازاڕەکانی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەهۆی نەبوونی چاودێریی پێویست و هۆشیاریی دارایی لای بەشێک لە هاووڵاتییان، دەیان کەس بوونەتە قوربانیی گرووپە ساختەچییەکان و سەرمایەیەکی زۆریان لەدەست داوە. بانکی ناوەندیی عێراق پێشتر چەندین جار هۆشداریی داوە لە مامەڵەکردن بە دراوە گریمانەییەکان و پلاتفۆرمەکانی فۆڕێکس، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە بازرگانییانە هیچ سەرپەرشتییەکی حکوومییان نییە و مەترسیی گەورە بۆ سەر ئابووریی وڵات و سەرمایەی تاکەکەس دروست دەکەن. زۆرجار ئەم کۆمپانیایانە بەڵێنی قازانجی خەیاڵی بە بەشداربووان دەدەن، بەڵام لە کۆتاییدا پارەکانیان دەبەن و دیار نامێنن. پێشتریش دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چەندین هەڵمەتیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجام داوە لەژێر ناوی کۆمپانیای وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی دراو، فێڵیان لە هاووڵاتییان کردووە و پارەیان لێ سەندوون. ئەم بڕیارە نوێیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی دارایی، پاراستنی سەروەت و سامانی خەڵک و بنبڕکردنی یەکجاریی ئەو جۆرە مامەڵە نایاساییانە لە تەواوی شارەکانی هەرێمدا.
دوای رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هانزی فلیک بە گۆڕینی شوێنی رافینیا بۆ هێرشبەری سەرەڕم، چارەسەرێکی بۆ بۆشایی هێڵی هێرشبردنی یانەکە دۆزیوەتەوە و یاریزانە بەرازیلییەکەش بە ئاستێکی بەرز وەڵامی متمانەکەی داوەتەوە. بارسێلۆنا لە سەرەتای وەرزدا دووچاری ئاڵنگارییەکی گەورە بووەوە، کاتێک گرێبەستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە مانگی 6 کۆتاییهات و فێران تۆرێسیش لە ناوەڕاستی مانگی 8 بۆ پاریس سانجێرمان فرۆشرا، بەمەش یانەکە بێ هێرشبەری کلاسیکی ژمارە 9 مایەوە. هەوڵەکانی یانەکەش بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوتوو نەبوون. لەنێو ئەو نیگەرانیانەدا، هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا بڕیارێکی چارەنووسسازیدا و رافینیای تەمەن 29 ساڵی لە باڵی چەپەوە بۆ ناوەندی هێڵی هێرشبردن گواستەوە. یاریزانە بەرازیلییەکە لە یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر فاینۆرد، توانی دوو گۆڵ تۆماربکات و ئاستێکی بەرزی لەو بردنەوە 5-1 ـەی یانەکەیدا پێشکێشکرد، بەوەش وەڵامی گومانەکانی دایەوە. رافینیا هاوینی 2022 لە یانەی لیدز یونایتدەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، لە سەرەتادا لەژێر سێبەری عوسمان دێمبێلێ بوو، دواتریش بەهۆی درەوشانەوەی لامين یامال ئازادی یارییکردنی بەشێوەیەکی پێویست نەبوو. دواتر لەسەر داوای چاڤی و پاشان هانزی فلیک بۆ باڵی چەپ گواسترایەوە و وەرزی رابردوو بە تۆمارکردنی 34 گۆڵ و دروستکردنی 26 گۆڵی دیکە، رۆڵێکی سەرەکی لە بردنەوەی سێ نازناوی ناوخۆیی و گەیشتنی یانەکەی بە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بینی، بەهۆیەوە لە خەڵاتی باڵۆندۆری 2025 پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا. پێش دەستپێکردنی ئەم وەرزە، فلیک نیشانەی کاپتنی بەخشییە رافینیا. سەرەڕای ناونەبوونی لە لیستی 30 بەربژێرەکەی باڵۆندۆری 2026، فلیک دوای یارییەکەی فاینۆرد پشتگیریی خۆی بۆ دووپاتکردەوە و گوتی "ئەو زۆر لەوە باشترە لەو لیستەدا نەبێت، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەوە بگۆڕین". ئێستا بارسێلۆنا متمانەی تەواوی بە تواناکانی یاریزانە بەرازیلییەکە هەیە بۆ ئەوەی لەو شوێنە نوێیەدا سەرکردایەتی هێڵی هێرشبردنی یانەکە بکات.
رافایێل هێرمۆسۆ، برای جینیفەر هێرمۆسۆی یاریزانی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئیسپانیا، نهێنی مشتومڕهێنی لەبارەی باڵۆندۆری 2024 ئاشکراکردووە کە درایە رۆدری، یاریزانی ئەوکاتی یانەی مانچێستەر سیتی و ئێستای بارسێلۆنا. رۆدری وەک سوپرایز خەڵاتەکەی درایە، پاشئەوەی رۆڵی کاریگەری لە بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆ لەلایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە هەبوو، بەڵام زۆرینەی پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەبوون، ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مەدرید، براوەی خەڵاتەکە دەبێت. بەربژێربوونی ڤینیسیۆس بۆ خەڵاتەکە، پاشئەوەهات کە ڤینی پێشەوایەتیی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ. رافایێل هێرمۆسۆ، لە ئینستاگرامی خۆی نوسیوویەتی، "ڤینیسیۆس جۆنیۆر وایدانابوو ئەو خەڵاتی باڵۆندۆر دەباتەوە، تەنانەت هەموو ئامادەکارییەکی بۆ ئەوە کردبوو". رافایێل دەڵێ، "سەیرکەن، نهێنییەکتان بۆ دەدرکێنم کە دەتوانم بڵێم کەس نایزانێت، بەڵام پێموایە ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە وردەکارییەکەی بگێڕمەوە". ئەو دەڵێ، "ڤینیسیۆس جۆنیۆر بانگهێشتی ماڵی خۆیانی کردین بۆ ئێوارەخوانێک، لەپێناو قسەکردن لەسەر بابەتێکی گرنگ، لە راستیدا ئەو پێیگوترابوو کە باڵۆندۆری بردووەتەوە". ئەو رۆژەی براوەی خەڵاتی باڵۆندۆری 2024ی تێدا ئاشکراکرا، هەموو جیهان پێشبینی ئەوەی دەکرد ڤینی وەک براوەی خەڵاتەکە دەستنیشان بکرێت، بەڵام چەند کاژێرێکی کەم بەر لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکە، میدیاکان بڵاویانکردەوە کە رۆدری براوەی خەڵاتەکەیە نەک ڤینی. براکەی هێرمۆسۆ دەڵێ، ڤینیسیۆس تەنانەت شوێنێکی تایبەتی لەنێو پێشانگای ماڵەکەیدا بۆ باڵۆندۆرەکە دانابوو. ئەو دەڵێ، جینیفەری خوشکم، بڕیاربوو لە هەمان ئاهەنگدا خەڵاتێک وەک رێزلێنان بۆ کاروانی یارییکردنی وەربگرێت. رافایێل هەروەها دەڵێ، لەسەر ئەو بنەمایە، ڤینی و هێرمۆسۆ وا رێکەوتن کە هەریەکەیان خەڵاتەکەی ئەوەیدیکە لەسەر ستەیج بدەنە یەکدی. رافایێل لە کۆتاییدا دەڵێ، "ئەوەی دوای ئەوە روویدا، ئیدی هەمووان دەیزانن". لە پەرچەکرداری ئەوەی لە ئاهەنگەکەی ئەو شەوەدا روویدا، یانەی ریال مەدرید بەفەرمی بایکۆتکردنی باڵۆندۆری راگەیاند. جینیفەر هێرمۆسۆ، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئیسپانیا کە مشتومڕێکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد، پاشئەوەی لە رێوڕەسمی بەدەستهێنانی جامی جیهانیی 2023 لەگەڵ لویس رۆبیالیسی سەرۆکی ئەوکاتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، ناودەمی یەکدییان ماچکرد و دۆسییەکە سەریکێشا بۆ دەستلەکارکێشانەوەی رۆبیالێس لە پۆستەکەی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، پڕۆژەیەکی نوێی سەلامەتی لەسەر رێگەکان جێبەجێ دەکات. لە رێگەی جووتسایدی نوێی کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل، کە شار و شارۆچکەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، تایبەتمەندییەکی نوێ بە ناوی "لەمپەری سەلامەتی" دروست دەکرێت. ئەم لەمپەرە تایبەتە بە رێگە لێژەکان و بۆ ئەو بارهەڵگرانە دروستکراوە کە کۆنترۆڵ لەدەستدەدەن، بەتایبەت لە کاتی لەکارکەوتنی برێک (ئیستۆپ). شۆفێر دەتوانێت ئۆتۆمبێلەکەی ئاراستەی ئەم شوێنە بکات و بە سەلامەتی رابگیرێت، بێ ئەوەی زیان بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکانی دیکە بگەیێنێت. لەمپەرەکە زەوییەکەی بە چەو، خیز، یان لمی قوڵ پڕدەکرێتەوە. ئەمەش وادەکات تایەی بارهەڵگرەکە نقوم ببێت و لێکخشانێکی زۆر دروست بکات بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکە بێ ئەوەی وەستانێکی لەناکاو و وێرانکەر بێت. لێژی بەرەو سەرەوە: زۆرجار ئەم ڕێڕەوانە بەپێچەوانەی شەقامەکەوە لێژییەکەیان بەرەو سەرەوەیە، بۆ ئەوەی هێزی کێشکردنی زەوی یارمەتیدەر بێت لە خێرا وەستاندنی بارهەڵگرەکە. بەرزیی ئەو چینە لمە بە شێوەیەک دەبێت کە ئۆتۆمبێلەکە ڕابگرێت و بەسەر لامپەرەکەدا نەپەڕێتەوە. بەرزیی تەواوی لەمپەرەکەش دەگاتە 14 مەتر. بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێران، لە دووریی 500 مەتر هێمای ئاگادارکردنەوە دادەنرێت و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 80%ـی کارەکانی تەواو بووە. ئەم هەنگاوەی حکومەت دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنەی هاتووچۆ دێت کە لە کەسنەزان روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا. پڕۆژەکە وەک وەڵامێکە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی رێگەوبان.