ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیچ خشتەیەکی کاتیی ڕوونی بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دیاری نەکردووە، بەڵام لە پشتی پەردەوە فشارەکان بۆ کشانەوە لەو شەڕە دەستیان پێکردووە. فشارە ناوخۆییەکانی کۆشکی سپی: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە کە لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستی کەوتووە، بەشێک لە ڕاوێژکارانی ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نهێنی هانیان داوە پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە بەشداریی ئەمریکا لە شەڕەکەدا دابڕێژێت. هۆکاری ئەم فشارانەش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە: قەیرانی وزە: بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و وزە، کە وەک کارتێکی گوشار لە دژی سەرۆک دەبینرێت و مەترسی دروستکردنی قەیرانی سیاسی لێ دەکرێت. بەدیهاتنی ئامانجەکان: ڕاوێژکارەکان پێیان وایە سوپای ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجە جەنگییەکانی خۆی پێکاوە. لێدوانە دژبەیەکەکانی ناو ئیدارەی کۆشکی سپی: لە ناوخۆی ئیدارەی ترەمپدا دوو ئاڕاستەی جیاواز دەبینرێت؛ بەشێک لە بەرپرسان جەخت دەکەنەوە کە تا تاران بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل، واشنتن لە هێرشکردنە سەر ئێران ناوەستێت. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای دیکە دەڵێت: ترەمپ تا سەرکەوتنێکی دڵخۆشکەر بەدەست نەهێنێت، کۆتایی بە شەڕەکە ناهێنێت. ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی پێشووتریدا ئاماژەی بەوە کردبوو "جەنگی ئێران بەم نزیکانە کۆتایی دێت"، بەڵام بێ ئەوەی هیچ وادەیەکی دیاریکراو بخاتە ڕوو، تەنها جەختی لەوە کردەوە کە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە. لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، زانیارییەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەم چیرۆکە پڕە لە قسەی بێمانا کە لە سەرچاوەی نادیارەوە وەرگیراون." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە یاریدەدەرە باڵاکانی سەرۆک بە شەو و ڕۆژ کار بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن و لە کۆتاییدا تەنها "فەرماندەی گشتی" بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕاگرتنی شەڕ دەدات.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان دەرکرد و رایگەیاند، بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و فڕۆکە مەدەنییەکان لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، ئاسمانی وڵات بۆ 72 کاتژمێری دیکە بە داخراوی دەمێنێتەوە. وردەکاریی بڕیارەکە بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی، ئەم قۆناغەی داخستنی ئاسمان لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستپێدەکات و تاوەکو نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. لەم ماوەیەدا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە بە تەواوی ڕادەگیرێن. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی سەربازیی توندی بەخۆوە بینیوە: ئەمە شەشەمین جارە لە ماوەی 11 ڕۆژی ڕابردوودا کە عێراق بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵات دەدات و پەرەسەندنی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، کە مەترسیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئاسایشی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە ناوچەکەدا دروست کردووە. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە ڕێکارێکی خۆپارێزیی کاتییە. بڕیارەکە دوای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و گرژییە سەربازییەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دراوە، جەختکراوەتەوە کە سەرجەم کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانی لەم گۆڕانکارییانە ئاگادارکراونەتەوە. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و بەگوێرەی دۆخەکە، پێداچوونەوەی ورد بۆ وادەی کردنەوەی ئاسمانی وڵات دەکاتەوە.
بهڕێز جەنابی ئایهتوڵڵا سەید موجتەبا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت.. بەبۆنەی هەڵبژاردنتانهوه وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، پیرۆزبایییەکی گەرم ئاراستەی جەنابتان و گهلی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین. لەم ئەرک و بەرپرسیارەتییە نوێیەدا هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانهیهتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەل و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە تەواوی ناوچەکەدا. لهگهڵ ڕێزماندا.. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٦/٣/١٠
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کرد و کۆبوونەوە. سەرۆک بارزانی جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی "حکومەتێکی بنکەفراوان" کردەوە و لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش گوتی، داوایان لە بەغدا کردووە سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دابنێت. رۆژی سێشەممە (10-3-2026)، سەرۆک مەسعود بارزانی و سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەلاحەدین بەهائەدین جەختی لەوە کردەوە سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونی سیاسی، دۆخەکە وا دەخوازێت هەماهەنگیی بەردەوام لەنێوان هێزە سیاسییەکان لەسەر بابەتە هەستیارەکان هەبێت. هەروەها سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ "ئەو پەرۆشی و بەدەنگەوەهاتن و هەوڵە بەردەوامانەی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە رۆژئاوا و، ئەو رۆڵە کاریگەرەی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا بینیویەتی." سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە "هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆیە." جەختیشی لەوە کردەوە ئەولەوییەت پاراستنی ئاسایشی کوردستانە و ئامادەن بەشداری لە هەر رۆڵێکی ئاشتیخوازانەدا بکەن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی "هەندێک گرووپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانووی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن،" و رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دابنێن. لەبارەی دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی و گفتوگۆی لایەنەکان کردەوە و گوتی: "گرنگە هەموو لایەک دەستوبرد بکەن بۆ کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانی نیشتمانی کە تێیدا هەموو لایەک شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی." سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی "ئەنجوومەنی سیاسی"یش، سەرۆک بارزانی بە پێویستی زانی هەموو پارتەکان تێیدا بەشدار بن، "بەڵام ئەو ئەنجوومەنە نەبێتە جێگرەوەی (ئەلتەرناتیڤی) دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان."
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشێکی تووندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و گوتی، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی چاوەڕێی گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'جێراڵد فۆرد'ن بۆ ناوچەکە و تەئکید دەکاتەوە کە دەستپێشخەریی مەیدانی جەنگ لە دەستی ئێراندایە. "ترەمپ بۆ شاردنەوەی شکستەکانی درۆ دەکات" گوتەبێژی سوپای پاسداران لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بۆ راکردن لەو گوشارە دەروونی و سەربازییانەی لە ناوچەکەدا لەسەریەتی، پەنای بۆ "درۆکردن" بردووە. نائینی گوتی: "ترەمپی تاوانبار دوای شکستە شەرمەزارکەرەکانی، دەیەوێت بە فێڵ و تەڵەکە دەستکەوت بۆ خۆی دروست بکات و رای گشتی چەواشە بکات." دوورکەوتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ 1000 کیلۆمەتر نائینی ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ بۆ هەبوونی ئاسایش، کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ترسی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر لە ناوچەکە دوورکەوتوونەتەوە. گوتیشی: "سەربازە ترسنۆکەکانی ئەمریکا بنکەکانیان جێهێشتووە و لە هۆتێلەکانی ناوچەکەدا پەنایان گرتووە، سەربازانی ئیسرائیلیش خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە شارستانییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن." "مووشەکمان تەواو نەبووە، بەهێزتر بووین" سەبارەت بە توانای مووشەکیی ئێران، گوتەبێژی سوپای پاسداران رەتیکردەوە مووشەکەکانیان بەرەو تەواوبوون بڕۆن و رایگەیاند: "مووشەکەکانی ئێستامان لە رۆژانی یەکەمی جەنگ بەهێزترن، کێشی هەندێک لە کڵاوە جەنگییەکانمان سەرووی یەک تۆنە و ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێن." نائینی تەحەدای ترەمپی کرد کە ئەگەر راست دەکات، رێگە بدات رۆژنامەنووسان وێنەی وێرانییەکان و ئاماری کوژراوەکانیان بڵاو بکەنەوە. هەڕەشەی نەگوتی و ئابووری نائینی هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و رایگەیاند، ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆ سەر ژێرخانی خزمەتگوزاریی ئێران بەردەوام بێت، "رێگە نادەین تەنانەت یەک لیتر نەگوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ لە کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوتدا شکستیکردووە و تەنیا لە 9 رۆژی یەکەمی جەنگدا نرخەکەی دوو هێندە بووە. کۆتایی جەنگ کێ دیاری دەکات؟ لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی: "دەستی ئێما بۆ پەرەپێدانی جەنگ کراوەیە. ئاسایش بۆ هەمووان یان نائارامی بۆ هەمووان دەبێت. ئەوە ئێمەین کە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکەین، نەک ئەمریکییەکان." نائینی دووپاتی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانیان لە تەنگەی هورمز چاوەڕێی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئاماژە بەوە دەکات کە هەر جەنگێک لەگەڵ ئێران ڕووبدات "کورتخایەن" دەبێت و ئامانج لێی بنبڕکردنی هەڕەشەکانە. هێرشێکی پێشوەختە بۆ ڕێگری لە کارەسات ترەمپ پاساوی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ زانیارییە هەواڵگرییەکان و دەڵێت: "ئێمە گەشتێکی بچووکمان دەستپێکرد چونکە پێویست بوو لە هەندێک کەس ڕزگارمان بێت." ئەو جەختی کردەوە کە ئەگەر ئەمریکا دەستپێشخەری نەکردایە، ئێران لە ماوەی هەفتەیەکدا هێرشی دەکردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ناوچەکە، چونکە بە وتەی ئەو "ئەوان مووشەکی زۆر زیاتریان هەبوو لەوەی بیری لێدەکرێتەوە." نەخشەی ئێران بۆ ناوچەکە و ئیسرائیل سەرۆکی ئەمریکا مەترسییەکانی ئێرانی تەنیا لە هێرشی سەربازیدا نەبینییەوە، بەڵکو ڕایگەیاند کە تاران پلانی هەبووە دوای هێرشکردنە سەر ئەمریکا، تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکات و لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمییەوە، ئیسرائیل بکاتە ئامانج. سەرکردایەتیی ئێران لەبەردەم هەڕەشەی تونددا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی و سەرکردایەتی ئێرانەوە، ترەمپ بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وتی: "سەرکردە تیرۆریستییەکانیان یان کوژراون، یان خەریکی ژماردنی کاتەکانن تا ئەو کاتەی دەکوژرێن." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ئێران لە بۆشاییەکی سەرکردایەتیدایە و کەس نازانێت کێ وڵاتەکە بەڕێوە دەبات، چونکە هەر سەرکردەیەکی نوێ دێتە پێشەوە، لەناودەبرێت. کۆتایی جەنگ و جیهانێکی ئارامتر لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن پاشەکشە ناکات و وتی: "کۆڵ نادەین تا ئەو کاتەی دوژمن بە تەواوی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە تێکدەشکێندرێت." ئەو بە گەشبینییەوە باسی لە دەرەنجامی ئەم گرژییانە کرد و ڕایگەیاند کە جەنگەکە زۆر ناخایەنێت و بە کۆتاییهاتنی، جیهان دەبێتە شوێنێکی سەلامەتتر بۆ هەمووان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی سەبارەت بە بڵاوکراوەیەکی نوێی دەستەی گومرگەکانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم جێبەجێ ناکرێت. ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە دەستەی گومرگەکانی عێراق لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە، کە بابەتەکانی (خۆراک و دەرمان) دەخرێنە ناو سیستەمی "ئەسیکۆدا" و پێویستە باج و ڕەسمی گومرگییان لە ڕێگەی (البیان المسبق)ـەوە بۆ حسابی حکومەتی فیدراڵ بگەڕێتەوە، ئەمەش بۆ ماوەی 3 مانگ کە لە 2026/05/31 کۆتایی دێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە نایاساییە، چونکە: پێچەوانەی یاسایە: بڕیارەکە دژبەکەکە لەگەڵ خاڵی 8ـی بڕیاری ژمارە 569ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، کە دەڵێت وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی دەبێت لەو نووسینگە گومرگیانە بێت کە کاڵاکەی لێوە هاوردە دەکرێت. نەبوونی هەماهەنگی: ئەم بڕیارە بەبێ هیچ جۆرە هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە. پەیامێک بۆ بازرگانانی دەرمان و خۆراک: حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم کۆمپانیا و بازرگانانی بواری دەرمان و خۆراک دڵنیا دەکاتەوە، کە ڕێکارەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بە هەمان میکانیزمی پێشوو و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکرێن.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، دۆخی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا بە تەواوی سەقامگیرە و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدایە. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دۆسیەی ئاسایشی خۆراک یەکێکە لە کارە هەرە لەپێشینەکانی حکومەت، ئێستا کۆگاکانمان خاوەنی یەدەگێکی ستراتیژیی گەورەی کاڵا سەرەکییەکانی وەک (برنج، شەکر، زەیت و پاقلەمەنییەکان)ـن و پرۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەش بە ڕێکوپێکی بەردەوامە." سەبارەت بە بەرهەمی گەنم، حەنوون ئاشکرای کرد کە گەنجینەکانی گەنم لە دۆخێکی یەکجار باشدان تا کۆتایی ساڵی 2026) لە کۆگاکاندا هەیە، ئەمەش بەردەوامیی کارکردنی ئاشەکان و دابینکردنی ئارد مسۆگەر دەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پلانێکی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکی هەرێمی داڕێژراوە کە تێیدا: کار دەکرێت بۆ بەهێزکردنی زیاتری گەنجینە ستراتیژییەکان ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ و قۆرخکاری لە بازاڕەکاندا دەگیرێت. پلانێکی نوێ بۆ دروستکردنی سایلۆی مۆدێرن و وێستگەی نوێی کۆگاکردن چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی تەمویلکردنی مووچەی مانگی شوبات بەردەوامە و بڕە پارەیەکی دیکە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە. وردەکاریی گەیشتنی گوژمە نوێیەکە بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ، یەکشەممە 8ی ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە: بڕی 365 ملیار و 702 ملیۆن دیناروەک بەشێکی دیکە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات گەیشتووە ئەم گوژمەیە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ دووشەممە، لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، ڕاستەوخۆ دەست بە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو پەلامارانەی چەند رۆژێکە کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە. ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. جێگەی داخێكی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەكی زۆر لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییه. لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان. لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن که دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە. وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئهوهی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت. مسعود بارزانی8ی ئاداری 2026
سەرۆکی حکومەت بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات دەکات و بریندارانی هێرشەکانی هەولێریش بەسەر دەکاتەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 3/8 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد کە لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەولێر شەهید بوو.سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەميی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری گەیاند. پاشان سەرۆکی حکومەت لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر ، بریندارانی هێرشەکانی بەسەر کردەوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستن . سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید وڵات تاهیر کرد و گوتی بێگومان ئەمە یەکەم شەهیدی کوردستان نییە و دوا شەهیدیش نابێت. سەرۆکی حکومەت سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەو پەلامارانە هیچ پاساوێک هەڵناگرن و تەنیا لەبەر ڕق و کینەیەکی زۆرە بەرامبەر بە کوردستان و گەلەکەی. جەختیشی کردەوە کە ئەو شۆڤێنیانە پێویستە ئەوە بزانن کە ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتە بەر، لەبیری خەڵكی کوردستان ناچێت. سەرۆکی حکومەت ، داواشی لە حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵ کرد هەڵوێستیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن، چونکە بەداخەوە تا ئێستاش ئەو گرووپانەی ئەم کارانە دەکەن، لەلایەن حکوومەتی بەغداوە پارەدار دەکرێن و مووچە و چەکیان پێدەدرێت. سەرۆکی حکومەت گوتیشی بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین ئەم هێرشانە بەردەوام بن و خوێنی شەهیدانی ئێمە بە فیڕۆ بڕوات، هەموو هەوڵێک دەدەین کوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بگرین، بەڵام وەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی هەموو شتێک سنووری هەیە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ تاوانباران دابنێت و چیتر پشتیوانییان نەکات. سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک جێگەی مەترسی نەبووە و نابێت بە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ. گوتیشی چەندین پەیوەندیم لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانەوە پێگەیشتووە، هەمووان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و هاوڕاین کە دەبێت یارمەتیی یەکتر بدەین بۆ گەڕانەوەی ئاشتی.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ و ڕێگریکردن لە قەیران، بڕیاریدا دابەشکردنی غازی ماڵان لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام بدات و لە سبەینێوە پڕۆسەکە دەستپێدەکات. شەممە 7ـی ئاداری 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنینی نەوت و کانزاکان بە کوردستان 24ی راگەیاند، لە سبەی یەکشەممەوە تا کۆتایی هەفتە، شێوازی دابەشکردنی غاز گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بەپێی سیستەمە نوێیەکە، بریکارە فەرمییەکانی غاز لە رێگەی سیستەمێکی دیجیتاڵ و ئامێری گەڕۆکەوە لە کۆڵانەکاندا غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکەن. لەبارەی میکانیزمی وەرگرتنی غازەکە، بەرپرسەکەی نەوت و کانزاکان روونی کردەوە کە پشت بەو کارتە دەبەسترێت کە پێشتر لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بۆ وەرگرتنی نەوت بە هاووڵاتییان دراوە. واتە هاووڵاتییان دەبێت ئەو کارتەیان پێبێت بۆ وەرگرتنی غاز. بەگوێرەی رینماییە نوێیەکان بۆ قۆناغی ئێستا، هەر خێزانێک لە مانگێکدا مافی وەرگرتنی 2 بۆ 3 بوتڵ غازی هەیە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئامانجی لەم هەنگاوە نوێیە بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە، لەوانە دابەشکردنی غاز بەشێوەی یەکسان بەسەر هەموو ماڵێکدا، رێگریکردن لە قۆرخکاری و بازاڕڕەشی و بنبڕکردنی کێشەی کەمی غاز لە بازاڕەکاندا.