Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13711 بابەت
هەواڵ
17-03-2026

سەرۆکوەزیران لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆ...

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە -7-03-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە باڵاخانەی پارێزگەی هەولێر، لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکی و ئامادەکارییەکانی ژوورەکە خستەڕوو کە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە ئەمنییەکان پێکهاتووە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامیان لەپێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵک و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکومەت، بەرپرسانیشی ڕاسپارد کە ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت. دڵنییاییشی بە خەڵکی کوردستان دا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە. دووپاتیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لەیاسادەرچووەکان بوونەتەوە، بەڵام حکومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات. پاشان سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە. سەرۆکوەزیرانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێویی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بکرێ و هەرێمی کوردستان ڕێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین.  گوتیشی، بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێگەی دادگاوە نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت بۆیە گوناهی هەرێم نییە کە نەوت وەستاوە. هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت. ئاماژەی بەەەشکرد، هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێویی خەڵکە و لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردە بکرێ و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. لەبارەی بابەتی سیستەمی ئەسیکۆداش، هەرێمی کوردستان نەیگوتووە ئەسیکۆدا جێبەجێ ناکەین، بەڵکوو تەنیا داوای کاتمان کردووە، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. بە تایبەتی کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری و بازرگانیی زۆر خراپداین و چالاکیی بازرگانی زۆر کەم بووە.

هەواڵ
16-03-2026

مەترسی لەسەر مووچەی مانگی سێ؛ وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەکان ئامادە دە...

سەرەڕای نەبوونی هیچ ئاماژەیەک لە بەغداوە بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی تایبەت بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ. بەهۆی دەرهاوێشتەکانی جەنگی ئێران، هەناردەی نەوتی عێراق کە تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵاتەکەیە، پەکیکەوتووە. هاوکات پارەی نەوتی عێراق لە ئەمریکا گیریخواردووە؛ ئەم دوو هۆکارە مەترسییەکی جددییان لەسەر مووچەی مانگی سێی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دروست کردووە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی سێ لە قۆناغی کۆتاییدایە، لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت؛ دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار، ڕەوانەی بەغدا دەکرێت." لەلایەکی دیکەوە، یادگار جەبار، بەڕێوەبەری بایۆمەتری سلێمانی، دووپاتی کردەوە کە کارکردن لە لیستی مووچەی مانگی سێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەتەواوی کۆتایی هاتووە و وردبینیشی بۆ کراوە. بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینیی داهاتوو جەژنی ڕەمەزانە. بەو پێیەی پرۆسەی ناردنی لیستەکان و وردبینیکردنیان لە بەغدا پێویستی بە چەند ڕۆژێکە، ئەگەری زۆرە خەرجکردنی مووچەی مانگی سێ بکەوێتە دوای پشووەکانی جەژن.

هەواڵ
15-03-2026

سەرۆک بارزانی: حکومەتی عێراق و هەرێم کۆببنەوە و چارەسەری کێشەکان بکەن

سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەن و بگەنە رێکەوتن و رێگەش لەو خەڵکە هەلپەرستە بگیرێت کە بەنیازن قەیران و کێشەکان قووڵتر بکەنەوە". سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە، 16-3-2026 پەیامەکەی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا هەروەها هاتووە، "لەم کاتەدا کە شەڕ و ئاڵۆزییەکی زۆر لە ناوچەکەماندا هەیە، عێراق لەژێر هەڕەشەی قەیرانی جۆراوجۆر دایە و جیاوازی لە بۆچوونی سیاسیی لایەنەکانیش پەرەی سەندووە".

هەواڵ
15-03-2026

ڕۆژنامەیەکی ئیماراتی: موجتەبا خامنەیی گواسترایەوە بۆ مۆسکۆ

لەگەڵ بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، بووەتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان. سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە ڕێبەرەکەی ئێران بۆ ڕۆژنامەی "جەریدە"ی کوەیتی ئاشکرای کردووە، ناوبراو بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بە فڕۆکەیەکی سەربازیی تایبەت گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆ، لە یەکێک لە کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی ڕووسیا نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە. پێشینەی ڕووداوەکە و هاوکارییەکانی ڕووسیا ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە کەناڵی CNN پێشتر بڵاویکردبووەوە، لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، موجتەبا خامنەیی، قاچی شکاوە و بریندار بووە. بڕیاری گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات دوای پێشنیازێکی ڤلادیمێر پووتین هاتووە؛ لایەنە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە ترسی ئاشکرابوونی شوێنەکەی و تێکچوونی ژێرخانی تەندروستی لە ناوخۆدا، مۆسکۆیان وەک شوێنێکی ئارام بۆ چارەسەر هەڵبژاردووە. گومانەکانی ترەمپ و زانیارییەکانی ناتانیاهۆ لە بەرامبەر ئەم هەواڵانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گومانی خستە سەر زیندوومانەوەی ڕێبەرە نوێیەکە و ڕایگەیاند: "گوێم لێبووە لە ژیاندا نەماوە، بەڵام پێموایە تەنیا پڕوپاگەندەیە". هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختی کردەوە کە زانیاریی وردیان لەسەر دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی لەبەردەستدایە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.

هەواڵ
15-03-2026

گومرگی ئێران: 6 ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەرەکاندایە و مەترسی کەمیی خۆراک...

لە نێوەندی ئەو دڵەڕاوکێیانەی بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە دروست بوون، فرود عەسکەری، سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران، پەیامێکی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند، بڕی شەش ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەر و 13 گومرگی جیاوازی وڵاتدا هەن و پرۆسەی دابەزاندنیان بۆ نێو ئێران بەردەوامە. سەرۆکی گومرگ، ئاماژەی بەوە کردووە ئەم کاڵایانە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک گەنم، برنج، چا، رۆن، زەیت، سۆیا و ئالیکی ئاژەڵ لەخۆدەگرن. ناوبراو جەختی کردەوە ڕۆژانە ڕێکاری گومرگی80  بۆ 100 هەزار تۆن کاڵا تەواو دەکرێت و ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێن. بۆ خێراکردنی ئەم پرۆسەیە، لە ئێستادا تەنیا لە دوو گومرگی وڵاتەکەدا، نزیکەی شەش هەزار بارهەڵگر بەردەوام لە کاردان و ئەو کاڵایانەی ڕێکارە یاساییەکانیان کۆتایی هاتووە، دەگوازنەوە ناوچەکان، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە کورتهێنانێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆدا.

هەواڵ
15-03-2026

عێراق ئەو هاووڵاتیانە دەگەڕێنێتەوە کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە؛...

لەگەڵ بەردەوامیی داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، حکومەتی عێراق پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانە جێبەجێ دەکات کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم هەنگاوی ئەم پلانە بە گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ قاهیرە دەستیپێکرد. وردەکاریی گەشتەکان و گواستنەوەی وشکانی مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە ئەنقەرەوە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی قاهیرە بۆ گواستنەوەی ئەو عێراقییانەی لە میسر ماونەتەوە. بەپێی پلانەکە، ئەم هاووڵاتییانە ڕاستەوخۆ ناگەڕێنرێنەوە عێراق، بەڵکو دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی عەرعەر لە عەرەبستانی سعوودی، لەوێشەوە بە ڕێگەی وشکانی و لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوخۆی عێراق. گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە لەلایەن شانەی قەیرانەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەم قۆناغەدا 6گەشتی ئاسمانی دەستنیشانکراون: دوو گەشت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە. چوار گەشت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان، هەموو ئەم گەشتانە بەرەو سعوودیە دەبن و تێچووی گەشتەکانیش لە ئەستۆی هاووڵاتیان خۆیان دەبێت و خۆڕایی نین. ئەم ڕێکارە نائاساییانە دوای ئەوە دێن کە لە 28ی شوباتی 2026ەوە، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە، ئاسمانی عێراق بە تەواوی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە. لە ئێستادا تەنیا ڕێگەی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ جیهانی دەرەوە تەنیا لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە حکومەت پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببات بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی.

هەواڵ
15-03-2026

هێڵە بەدیلەکانی سعوودیە و ئیمارات؛ ستراتیژییەکی نوێ بۆ تێپەڕاندنی قەیر...

لە کاتێکدا گەرووی هورمز بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی نێوان بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە داخراوە، جیهان چاوی لەسەر دوو هێڵی بۆریی ستراتیژییە لە سعودیە و ئیمارات، کە بوونەتە تاکە ڕێگەی دەربازبوونی نەوتی ناوچەکە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بەبێ تێپەڕین بەو گەرووەدا. هێڵی پێترۆلاینی سعوودیە؛ شاخوێنبەری نوێی دەریای سوور کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە کار دەکات بۆ ئەوەی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بوونیاد بنێت، کە بە "پێترۆلاین" ناسراوە. ئەم هێڵە درێژییەکەی 750 میلە، نەوتی خاو لە ناوچەی ئەبقەیقەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا توانای گواستنەوەی ئەم بۆرییە بگاتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمە دەبێتە گەورەترین جێگرەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو نەوتەی کە بەهۆی داخستنی هورمزەوە پەکیکەوتووە. هێڵی ADCOP دەوازەی ئیمارات بەرەو ئۆقیانووس لە ئیمارات، بۆریی نەوتی خاوی ئەبوزەبی (ADCOP) ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئەم هێڵە بە درێژایی 248 میل لە کێڵگەکانی حەبشانەوە دەستپێدەکات و نەوتەکە دەگەیەنێتە بەندەری فوجەیرە لە دەرەوەی گەرووی هورمز. لە ئێستادا ئیمارات لە توانایدا هەیە ڕۆژانە تاوەکو 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لەم ڕێگەیەوە هەناردە بکات، بەپێی خەمڵاندنەکانی شرۆڤەکارانی کۆمپانیای "کپلەر"، لە ئێستادا بە ڕێژەی 71%ی تواناکەی بەکاردەهێنرێت و دەتوانرێت بڕی هەناردەکردنی لێوە زیاد بکرێت. ئاستەنگ و مەترسییەکان چین؟ سەرەڕای هەبوونی ئەم هێڵانە، شارەزایانی وزە لە "ریستاد ئێنێرجی" ئاماژە بە چەند کێشەیەکی جەوهەری دەکەن: کێشەی پاڵاوگەکان: داخستنی پاڵاوگەی گەورەی "رویس" لە ئیمارات بەهۆی ئاگرکەوتنەوە، توانای پاڵاوتنی 922 هەزار بەرمیلی هەیە، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتە. بەرهەمە پاڵاوتراوەکان: هەرچەندە نەوتی خاو دەتوانرێت بە بۆری بگوازرێتەوە، بەڵام بەرهەمە پاڵاوتراوەکانی وەک بەنزین و گازوایل هێشتا بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە تانکەرەکان دەبەستن، ئەمەش وا دەکات هەناردەکردنیان زۆر زەحمەت بێت. ئاسایشی ژێرخان: مەترسی هێرشی سەربازی بۆ سەر خودی بۆرییەکان و وێستگەکانی کۆکردنەوەی نەوت، دڵەڕاوکێی زۆری لای کڕیارانی جیهان دروستکردووە. هێڵەکانی "پێترۆلاین" و "ئادکۆپ" دەتوانن بەشێک لەو 20 ملیۆن بەرمیلە قەرەبوو بکەنەوە کە ڕۆژانە بە هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام ناتوانن بەتەواوی شوێنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە بگرنەوە. ئەگەر قەیرانەکە درێژە بکێشێت، ڕەنگە وڵاتانی ناوچەکە ناچار بن ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە و تەنیا گرنگی بە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانیان بدەن. گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ کەرتی وزە، دەکەوێتە نێوان وڵاتی ئێران (لە باکوور) و وڵاتی عومان و ئیمارات (لە باشوور). کەنداوی عەرەبی بە دەریای عومان و ئۆقیانووسی هیندییەوە دەبەستێتەوە، نزیکەی 20% بۆ 30%ی تەواوی نەوتی جیهان لەم گەرووە تێدەپەڕێت. ڕۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بڕێکی زۆر لە غازی سروشتیی شل(LNG)ی پێدا دەگوازرێتەوە. خاڵی خنکێنەر: پانترین شوێنی تەنگەکە نزیکەی 21 میلە، بەڵام ئەو ڕێڕەوەی کە کەشتییە زەبەلاحەکان دەتوانن لێیەوە تێپەڕن زۆر تەسکترە نزیکەی 2 میل بۆ هەر ئاڕاستەیەک دەبێت، ئەمەش وا دەکات پاراستنی ئاسایشەکەی کارێکی قورس بێت. بەهۆی ئەوەی تاکە ڕێگەی دەربازبوونی نەوتی وڵاتانی (عێراق، کوێت، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر)ە، هەمیشە وەک کارتێکی گوشار لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەکاردێت، بەتایبەت لەنێوان ئێران و ئەمریکادا و ئیسرائیلدا.

هەواڵ
14-03-2026

وەزارەتی پێشمەرگە: بەشێک نین لە هێرشەکان

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکت بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە: ​ئەمڕۆ لە چەند کەناڵ و پەیجێکی ڕاگەیاندندا، هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین. ​تەواوی ئەم دەنگۆ و هەواڵانە بە توندی ڕەت دەکەینەوە. ڕایدەگەیەنین کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن، پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە. ئەرکی سەرەکی هێزەکانمان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و پابەندین بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە گەڵ هێزە ئەمنیە عێراقیەکاندا.

هەواڵ
14-03-2026

مەسرور بارزانی و نێردەی تایبەتی ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام...

مەسرور بارزانی و تۆم باراک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 14/3/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیاوە پێگەیشت. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییەدا، باس لە چەند پرسێکی گرنگ کرا، لەوانە: تاوتوێکردنی دواین پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی، هەردوولا بە توندی ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا؛ جەخت لە گرنگیی مانەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدا کرایەوە.

هەواڵ
14-03-2026

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سێ هۆکار لە پشت بڕیارەکەی ترەمپە بۆ هێرشکردنە سەر دو...

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، پەردەی لەسەر ئەو هۆکارانە لادا کە وایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە بڕیاری هێرشکردنە سەر دوورگەی “خارک”ی ئێران بدات. ئەم دوورگەیە بە دڵ و ناوەندی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە دادەنرێت. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوورگەی خارک گرنگترین خاڵی ستراتیجیی ئێرانیە بۆ بازرگانیی نەوت، بەو پێیەی زیاتر لە 90%ی تەواوی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لەم دوورگەیەوەیە. لێدان لەم دامەزراوەیە بە واتای بڕینی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی تاران دێت، کە مانگانە ملیاران دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دابین دەکات. وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە، سێ پاڵنەری سەرەکی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ دەستنیشان دەکات: ئیفلیجکردنی ئابووریی ئێران: ئامانجی سەرەکی بڕینی شادەماری دارایی تارانە. بەبێ فرۆشتنی نەوتی خارک، توانای ئێران بۆ دابینکردنی بودجەی سوپای پاسداران، گرووپە حیزبوڵڵا، حووسییەکان، حەماس و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە خێرایی دادەڕمێت. وەڵامدانەوەی هێرشەکانی کەنداو: ئەم هەنگاوە وەک پەرچەکردارێکی توند دێت دژی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە سعودیە، ئیمارات و بەحرێن. پەیامی واشنتن ڕوونە: "بەرامبەر بە ئامانجگرتنی نەوتی هاوپەیمانەکان، نەوتی ئێوە لە ڕەگەوە دەبڕین." زیادکردنی گوشاری ناوخۆیی: ئیدارەی ترەمپ پێیوایە هەرەسی ئابووری بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی زیاتری خەڵکی ئێران و لاوازکردن یان ڕووخانی دەسەڵات. سەرەڕای ئامانجە سیاسییەکان، شارەزایان هۆشداری لە لێکەوتەکان دەدەن. هێرشەکە بازاڕەکانی جیهانی شڵەژاندووە و نرخی نەوتی بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزکردووەتەوە. هاوکات وڵاتی چین، وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران، نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشانداوە و پێشبینی دەکرێت کاردانەوەی هەبێت.

هەواڵ
14-03-2026

حکومەتی هەرێم هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر شەرمەزار دەک...

حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 14ی ئاداری 2026، ڕاگەیاندراوێکی توندی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە و هەر جۆرە پەلامارێک بۆ سەر خاک، دامەزراوەکان و نێردە دیپلۆماتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشانەی بە تیرۆریستی و تێکدەرانە ناوبرد، ڕایگەیاند ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە. جەختیش کراوەتەوە کە ئەم کارانە "هیچ پاساوێک هەڵناگرن". لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات: بەرپرسیاریەتیی یاسایی خۆی لە پاراستنی سەروەریی خاک هەڵبگرێت، سنوورێک بۆ ئەو هێز، گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەی ڕاستەقینە.

هەواڵ
14-03-2026

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات...

 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ئەرکی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات. ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی ئاداری ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، دوو پاسەوان بریندار بوون و زیانی ماددی بەر باڵەخانەکە کەوتووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بكات و ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و سزایان بدات، تاکوو چیتر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵات نەکەونە مەترسییەوە." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێڕای خواستنی هیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران، جەختی کردووەتەوە کە پاراستنی سەقامگیری و نێردە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتییەکی لەپێشینەیە و نابێت ڕێگە بدرێت لایەنە تێکدەرەکان ئاسایشی هەرێم و عێراق بخەنە مەترسییەوە.

1 2 ... 41 42 43 ... 1142 1143