Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13728 بابەت
هەواڵ
18-05-2024

سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت

دوای چوار جار دانیشتنی پەرلەمان، وابڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت. بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاو کراوەتەوە، بڕیارە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ دەست پێ بکات و تەوەری یەکەمی دانیشتنەکەش خوێندنەوەی دووەمە بۆ پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان. هەروەها بڕگەی دووەمی دانیشتی ئەنجوومەنەکە دووەم خوێندنەوەیە بۆ هەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە 31ی ساڵی 2019کە لەلایەن لجنەی یاسایی ئامادەکراوە. لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا بڕیارە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن بۆ سەرۆکێکی نوێی پەرلەمانی عێراق بکرێت کە زیاتر لە شەش مانگە بێ سەرۆکە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەو پۆستە لە نێوان هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی یەکلایی بکرێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانتاریی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی عێراق چوار جار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووەوەتەوە بەڵام هەر چوار جارەکە شکستیان هێناوە.

هەواڵ
18-05-2024

یەکەم لێدوانی دەمیرتاش دوای بریاری دادگەی تورکیا

سەڵاحەدین دەمیرتاش دوای ئەوەی بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بۆ یەکەمجار قسەی کرد و دەڵێت: بۆم نیگەران مەبن، لەبەرئەوەی نە مل کەچ دەکەین و نە چۆک دادەدەین. سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، بۆ کەناڵی تی 24 گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە بە هەموو هێزمان بۆ گەل بەرەنگار دەبینەوە، ئیرادەی خۆمان لە گەلەکەمان وەردەگرین. دەمیرتاش داوای کرد "کەس بۆ ئەو نیگەران نەبێت، لەبەر ئەوەی نە مل کەچ دەبن و نە چۆک دادەدەن". ئەمەش لەکاتێکدایە، دادگەی باڵای ژمارە 22 ی تاوانەکانی ئەنقەرە، بە تۆمەتی یارمەتیدان بۆ تێکدانی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی دەوڵەت چوار ساڵ و شەش مانگ، بە تاوانی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان  دوو ساڵ و شەش مانگ، لەسەر وتارەکەی نەورۆزی یەک ساڵ و شەش مانگ، مانگێک بۆ هاندانی خەڵک بۆ سەرپێچیکردن لە یاسا، بە گشتی 42 ساڵ سزای زیندانی بەسەر دەمیرتاش دا سەپاندووە.

هەواڵ
17-05-2024

كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بزانە

بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی بێت، كەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە ساماڵ دەبێت و پلەكانی گەرماش مامناوەند دەبێت. كەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی: ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرماش نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ پێنجشەم. كەشوهەوای سبەی شەممە: ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبێتەوە بە (1-2 ) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ هەینی.

هەواڵ
16-05-2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/16 مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بیر و ڕا لەبارەی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پلان و پڕۆژەکان لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی ، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە. پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە پیرداود و وێستگە و کێڵگەی خورماڵەی سەر بە کار گرووپ-یان لە پارێزگای هەولێر کرد و بەشەکانی هەردوو وێستگەکەیان بەسەر کردەوە.دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە و سنووردانان بۆ پیسکردنی هەوا.سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە گوێبیستی ئەوە بووین ئەمەریکا گرنگی بە ێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق وهەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و  پێشکەوتنی باشتر بە دەست بهێنین.یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدرالدا دەربڕی. گوتیشی خۆشحاڵم کە دەبینم پیشەسازی وزە لەم ناوچەیە پێشکەوتووە و لە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکاندایە، کاتێک سەیری دیمەنەکە دەکەم، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیردەخاتەوە و ئێرە وەکوو (ئۆکلاهۆما)یەکی بچووک وایە .

هەواڵ
16-05-2024

مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش دابەشدەکرێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی دەڵێت: "دوێنی وەزارەتی دارایی عێراق پێ ڕاگەیاندوون وردبینی لە لیستی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە، لەم نزیکانە کە پێدەچێت ئەمڕۆ بێت، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی مووچەکەیان بکرێت." جەختیشی لەوە كردەوە، لەگەڵ هاتنی پارەكە و دەستكردن بە دابەشكردنی، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە ماوەی یەک ڕۆژدا مووچەکانیان وەردەگرن. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی مووچەی زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەکانی بۆ مانگی نیسان ڕاگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی ڕانەگەیاندووە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش، خشتەكە ڕادەگەینن.

هەواڵ
15-05-2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لامبێس-لەندەن دەک...

ئەمرۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرباز بەرزنجی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لامبێس سەر بە لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیا کرد.لە دیدارەکەدا کە جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە سەرباز بەرزنجی کرد بۆ کار و چالاکییەکانی لە بەریتانیا و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست. سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە پێویستە ڕەوەندی کوردستانی نموونەیەکی جوان و سەرکەوتوو بن لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن.سەرباز بەرزنجی سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد و ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا دەربڕی.

هەواڵ
15-05-2024

مەسرور بارزانی سەنتەرێکی چاودێریی بەساڵاچووان دەکاتەوە

ئەمرۆ چوارشەممە 5/15 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری شێخ باز بۆ چاودێریی بەساڵاچووانی لە هەولێر کردەوە، کە لەلایەن شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار دروستکراوە.دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەت بەشەکانی سەنتەرەکەی بەسەرکردەوە، لە گوتەیەکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەساڵاچوو، سوپاسی شێخ بازی کرد، بۆ دروستکردنی ئەم سەنتەرە، کە بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو و سەردەمانە دروستکراوە، داواشی لە سەرمایەداران و خێرخوازان کرد کە سەنتەر و خانەی هاوشێوە بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستان دروست بکەن.سەرۆکی حکومەت هەروەها داوایکرد کە ڕێز لە بەساڵاچووان بگیرێت و گرنگیيان پێ بدرێت، گوتیشی ئەم جۆرە سەنتەرانەش هەن ئەگەر بەساڵاچوویەک پێویستی بە هاوکاری و یارمەتی هەبێت.

هەواڵ
15-05-2024

پەیامی مەسرور بارزانی لە ساڵيادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردس...

بەبۆنەی شەست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم .یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە سەردەمێکی سەختدا دامەزراو مێژوویەکی پڕشنگداری لە خەباتی ڕێکخراوەیی و پیشەیی و داکۆکیکردن لە ماف وداخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە و بە ڕێز و پێزانینینەوە لە ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی کوردستان لە پەروەردەکردن و فێرکردنی نەوەکانماندا دەڕوانین.هیوادارم مامۆستایانی كوردستان ، بەردەوام بن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و پێگەیاندنی قوتابیان و نەوەکانمان لە سەر پەروەردەیەکی ڕاست و داهێنەرانە و خۆشویستنی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2024/5/15

هەواڵ
15-05-2024

دابەشکردنی مووچە دەستی پێکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ی ئایاری 2024، مووچەی مانگی نیسان بۆ خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدرێت. وەزارەتی داراییی و ئابوری حکومەتی هەرێم

هەواڵ
14-05-2024

پرسه‌نامه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌وه

بە داخەوە هەواڵی گيان لەدەستدانی ژماره‌يه‌ك قوتابيى ئاماده‌يى و برينداربوونى ژماره‌يه‌كى ديكه‌م له‌ ئەنجامی ڕووداوێكى دڵتەزێنی هاتووچۆ له‌سه‌ر ڕێگه‌ى كه‌لار ـ كفرى بیست.پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى قووڵی خۆم ئاراستەی ‌بنەماڵە و كه‌سوكاریان ده‌كه‌م و هاوخه‌ميانم.‌ خواى مه‌زن گيانیان بە بەهەشت شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايیش بە خێزان و كه‌سوكاریان ببه‌خشێت. هيواى‌ چاکبوونەوەی خێراش بۆ بريندارەکان ده‌خوازم. ‌مەسرور بارزانىسه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان

هەواڵ
14-05-2024

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە:پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند پاسێک کە قوتابیانی ئامادەیی باکوری کچانی لە کەلارەوە بەرەو کفری گواستۆتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتێکی زانستی لە قەزای کفری، لە ڕێگەدا پاسێکیان وەرگەڕاوە، بە داخەوە چەند قوتابییەک گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بریندارن، ئێمە لەوەزارەتی پەروەردە ھاوبەشی خەمی کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەین، لە خوای گەورە داواکارین سەبوری بە کەسوکار و مامۆستایان و ھاوڕێکانیان ببەخشێت، ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکین بۆ چارەسەرکردنیان. وەزارەتی پەروەردە١٤ی ٥ی ٢٠٢٤

هەواڵ
14-05-2024

یەكەمین كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بەڕێوەدەچێت

دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ تاووتوێكردنی دوایین ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتی كۆ دەبێتەوە.كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ سێشەممە، 14 ی ئایاری 2024، بە سەرۆکایەتیى وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزارەتی پێشمەرگە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری، دەستەی ئامار، دەستەی گشتيى ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، پارێزگه‌كانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوە دەچێت. د. جوتیارعادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، كە لە كۆمەڵێك وەزارەت و فەرمانگەی پەیوەندیدار و پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆكان پێك هاتووە، بە ئامانجی تاووتوێكردنی ئامادەكارییە لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرژمێریی گشتیی عێراق، تاكوو بتوانرێت چ لەسەر هەرێمی كوردستان پێویستە لەم ڕووەوە خۆی بۆ ئامادە بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەسەر چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و قۆناغەكانی دەكرێت".بڕیار وایە ڕۆژی 29 ی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا بكرێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا نەكراوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری

1 2 ... 203 204 205 ... 1143 1144