هێزەکانی سەر بە وەزارتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق بە هەماهەنگی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ راوەدوونان و کوشتنی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە دەستپێکردووە و تائێستا 13 چەکدار کوژراون کە دووانیان ئەمیرن. سەید عەلی حوسێنی، وتەبێژی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی سێیەم، حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان دەستیان بە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین بەدوای چەکدارانی داعشدا کردووە کە سنووری دیالەی گرتۆتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە و 13 چەکداری داعش کوژراون کە دووانیان ئەمیربوون. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە کە چوارشەممەی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری عێراقدا بۆ سەر ویلایەتی بەغدادی داعش، سێ ئەمیر بە ناوەکانی عومەر شەلال قەرتانی، والی بەغدادی داعش، قیتال موهاجری، جێگری والی بەغداد ( سعودی ) و لەیس جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی ویلایەتی بەغدادی داعش کوژران.
فرۆكەیەكی سەربازی توركیا كەوتەخوارەوە و حەوت ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان لە پارێزگای وان گیانیان لەدەستداوە. بەپێی زانیاریەكان ئەو فڕۆکەیە چاودێری پارێزگاكانی هەکاری و وانی کردووە بە تایبەت کە ئێستا شهڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا لە سنووری نێوان تورکیا و عێراق گەرمە.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سەنتەری بەئامانجکردنی پارەدارکردنی تیرۆر، کە پێکهاتووە لە ئەمەریکا و شەش وڵاتی دیکە، شەش کەسایەتی و لایەنی نزیک لە رێکخراوی داعشیان لە سوریا و عێراق سزاداوە و خستووهتە لیستی رەشی پارەدارکردنی تیرۆر. لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، سزاکان چەند کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری دارایی و ژمارەیەک دەستە و رێکخراوی خێرخوازی پەردەپۆشکراو بەبیانووی ساختە دەگرێتەوە، کە رۆڵی سهرهكیان هەبووە لە ناردنی سەدان هەزار دۆلار بۆ رێکخراوی داعش سەرکردەکانی، لە عێراق و سووریا
ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ دەگاتە عێراق و لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە لۆدریان دەکات و دواتر لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆدەبێتەوە. بڕیارە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆش، لۆدریان سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان کۆببێتەو
هێزی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، تەقینەوەکەی حەسەکە کۆگای چەک و تەقەمەنیە دەستبەسەردا گیراوەکانی شەڕی چەکدارانی داعش بووە. دوێنێ چوارشەممە 15ی تەمووز کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی هێزەکانی سووریای دیموکرات HSD لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان تەقییەوە و ناوەندی راگەیاندنی هێزی ناوخۆ لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا (ئاسایش)، ئەمڕۆ پێنجشەمە 16.7.2020 رایگەیاند، تەقینەوەکان پاشماوەی جەنگ و شەڕی ئەم دواییەن لەگەڵ داعش. لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکانیش رایگەیاند، تەقینەوەی کۆگاکە بەهۆی شۆرتی کارەبا روویداوە و تەنیا زیانی مادیی هەبووە.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری دەست لەکارکێشاوەی کۆمەڵ رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باسی بوونی بە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن دوورن لە راستی. سۆران عومەر، بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، ئەو هەواڵانەی باسی بوونی بە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن دوورن لە راستی و دوای قبووڵکردنی نامەی دەست لەکار کێشانەوەکەی، وەکو کادری کۆمەڵی ئیسلامی کار دەکات و دواتر لە کۆنگرە بڕیاری خۆی دەدات بچێتە سەرکردایەتی یان نا. لەبارەی هەوڵی رۆیشتنیشی لە کوردستان وتی:" بەهیچ جۆرێک کوردستان جێ ناهێڵم و لە سلێمانی دەمێنمەوە". لە 7ـی ئایاری 2020 بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندیی سۆران عومەر هەڵگیرا. لە رۆژی 15-6-2020 رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە. فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان لە وەڵامی بڕیاری رێواز فایەقدا رایگەیاند، بڕیارەکە پێچەوانەی رێسای گشتیی پلەبەندی یاسایی دەرچووە و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاونابێتەوە. هەروەها رۆژی یەکشەممە 12-7-2020 سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سۆران عومەر دەرکرد. رۆژی سێشەممەی رابردووش سۆران عومەر نامەی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: لە هێرشێکی هێزی هەواڵگری عێراقدا، عومەر شەلال عوبەید، والی داعش لە بەغداد کوژرا
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، هاوردەکردنی حەوت بەروبوومی کشتوکاڵی قەدەغە بکات. وەزارەتی کشتوکاڵ لە 1-8-2020 هاوردەکردنی (هەنار، هەنجیر، سێو، شووتی، پەتاتە، خەیار و هەنگوین)قەدەغە دەکات. بێگەرد تاڵەبانی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە نووسراوی ژمارە 3053 لە 15-7-2020 هاوردەکردنی حەوت بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغە کردووە، نووسراوەکەشی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ کردووە و تێیدا دەڵێت:" پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی کشتوکاڵی ژمارە 4 ساڵی 2008 بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی جوتیارانی خۆماڵی، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی هاوردە کردنی ئەم بەروبوومە کشتوکاڵییانە لە دەرەوەی وڵات لە رێککەوتی 1-8-2020 (هەنار، هەنجیر، سێو، شووتی، پەتاتە، خەیار، هەنگوین) بۆ کاتێکی نادیار. هەروەها هەر شوێنێک بەروبوومی هاوردەکراوی لێ بگیرێت، سزا دەدرێت بە داخستنی بۆ ماوەی هەفتەیەک.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 8:00 چەند تەقینەوەیەک لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ڕوویاندا. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 8:00 زنجیرە تەقینەوەیەک لە ناوەڕاستی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان روویداوە و تەقینەوەکان لەنێو کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی بووە. کۆگای چەک و تەقەمەنییەکە هی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە و تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکان نەزانراون.
مایکڵ نایت؛ شرۆڤەکاری سیاسیی ئەمریکی لەو دە سالەی رابوردوودا، هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك قەیرانی بەخۆوە بینیوە، لەوانە بڕینی بودجە، هێرشی داعش بەسەر هەولێر، دابەزینی نرخی نەوت بۆ نیوەی جارانی (بۆ جاری دووەم) وە شەڕی چەكداریی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر كەركوك. ئیمڕۆ هەست دەكەیت بارودۆخەكە جیاوازە و بگرە خراپترە لە قەیرانەكانی پێشتر: پەتای كۆڕۆنا لە ئارادایە، نرخی نەوت لە عێراق و لە هەرێمدا پاشەكشەی كردووە، كرژی هەیە لەگەڵ ئێران و توركیا، وە بێزاریەكی شاراوەی دژ بە كورد لەنێو پەرلەمانتارانی بەغدا دروست بووە. بەڵام ئەوەی وایكردووە كە ئەو كاتوساتەی ئێستا مەترسیدار بێ بریتیە لە نزیكە هەڵوەشانەوەی هاوكاری نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمان كوردستان. كوردەكانی عێراق نیشانیان داوە كە لەو كاتانەی یەكگرتوو بوونە، توانیویانە هەموو جۆرە زریانێك تێپەڕێنن. كاتێك ئەو دوو لایەنە بە چاكی كار لەگەڵ یەكتر دەكەن، هاوبەشە نێودەوڵەتیەكانی هەرێمی كوردستان پشتگیریەكانیان بە كاریگەرانەتەر پێشكەش دەكەن، وە بە پێچەوانەشەوە كاتێك هاوبەشێكی تەبا نابینن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەواپاشەكشە دەكەن. بیرەوەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە شەڕی ناوخۆی نەوەدەكان دۆزی كوردی لە دوو هەزارەكان بنكۆڵ كردووە، ئەوەش لە كاتێكدا یەكە مەزنترین دەرفەتی خودموختاری كەوتووەتە بەردەمیان. رووبەرەو پێشەوە، بە روونی دیارە كە ئایندەی عێراق و هەرێمی كوردستان لێك بەستراوە. ئەگەر ئابووری عێراق و دراوەكەی بڕوخێن، ئەوا هی كوردستانیش بە هەمان شێوە دەبن. ئەگەر خەڵكی كوردستان برسی ببن، ئەوا گلەییەكە لە بەغدا دەكرێ. ئەگەر داعش بێتەوە، ئەوا یەكەمجار لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان عێراقی فیدرالی و هەرێمی كوردستان سەر هەڵدەدات. سەركەوتنی پۆڵەسی ئەمەریكی لە عێراق سەركەوتنی سەرجەم پازدە پارێزگاكانی عێراقی فیدرالی و هەرێمی كوردستانە، نەك یەكیان وەیان ئەوی دیكەیان. دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریكا و عێراق لە هاوینێكی درەنگدا بەردەوام دەبێ، بەو هیوایەی كە سەردانی سەركردەكانی عێراق بۆ واشینگتن لە بەرنامەدا بێ. ئەوەش دەرفەتێك دەرەخسێنێ بۆ دووبارە بەهێزكردنەوەی رۆڵی ئەمەریكی و هاوبەشە نێودەوڵەتیەكان سەبارەت بەو كێشانەی رووبەرووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە. گرنگە جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی دەستەجەمعی لە بابەتی یەكڕیزی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم بكرێتەوە، چونكە ئەمەریكا وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی پەویوەست بە كوردستانی پێ نیە و نیازیشی نیە تەركیزێكی زێدە بخاتە سەریان. لە كاتێكدا هێز و كاریگەرێتی ئەمەریكی زیاتر دەبێ ئەگەر هاوئاهەنگ بێ لەگەڵ هاوبەشەكانی دیكە لە كوردستان، لە نێویاندا فەرەنسی و بەریتانی و كەنەدیەكان. لێرەدا بۆچوونێك هەیە بەوەی كە دەبێ لە چوارچێوەی رێكەوتنی ستراتیژی ئەمەریكی و عێراقی لێژنەیەك وەیان گروپێكی تایبەت بە كێشەكانی هەرێمی كوردستان هەبێ (وەیان لەسەر لامەركەزیەت بێ بە گشتی)، وەیان میكانیزمێكی گشتگیر لە ئارادا بێ كە دڵنیایی بدات لەوەی هەرێمی كوردستان دەبێتە ئەندام لە گروپی كاركردن لەسەر لایەنی ئەمنی، سیاسی، ئابووری و ووزە. ئیتر لیستی ئەو بابەتانەی كە پێویستیان بە تێڕوانینە زۆر درێژە. لەهەموویان گرنگتر، پێویستە پارتی و یەكێتی بەرەو ئاراستەی هێوركردنەوە ببرێن بەجۆرێك كە هەرێم بە یەك دەنگی هاوئاهەنگ لە بەغدا و لە نێو هاوبەشە نێودەوڵەتیەكان قسە بكات. ئەوەش كارێكی بنەڕەتیە كە كاریگەری لەسەر هەموو بابەتەكانی دیكە هەیە. پەیوەندیەكی نەیارانە لە نێوان ئەو دوو حیزبە هەموو ئەو شتانە بنكۆڵ دەكات كە پێشتر لە هەرێمی كوردستان هەوڵی بۆ دراوە، هاوكات بۆ هاوبەش و وەبەرهێنەرە دەرەكیەكانیش هاندەر نابێ. بۆشی هەیە ببێتە هۆكاری بەرەنگاربوونەوەی چەكداری لە نێوانیان و كاریگەری لەسەر هەندێ پیشەسازی وەك گواستنەوەی گازی شل وەیان قەیرانی ئەمنی هەبێ، هەروەك لە زینی وەرتێ بووە هۆی پێكدادانی چەكداری لەنێوان پێشمەرگەكانی پارتی و یەكێتی لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئیمساڵ. لە ئێستادا هیچ شتێك نیە كە بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی بە چاكی و بەپێی پێویست ئەنجام بدرێت، هەر لە وەبەرهێنانی نەوت و گازەوە بگرە هەتا دەگاتە بەرەنگاربووەنەوەی تیرۆر و پەتای كۆڤید و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا. كارێكی ئاسان نیە كە ئەو دوو حیزبە دەتوانن بە ئاسانی ئاشت ببنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەمەریكا و هاپەیمانە جۆراوجۆرەكان ئەولەویەت بدەنە ئەو هەوڵانەی كە سەركردە بەهێز و بڕیاردەرەكان لە ژوورێكدا دادەنێ بۆ ئەوەی بتوانن نزمترین ئاستی هاوكاری بدۆزنەوە و لەوێوە دەست بە دیالۆگێك بكەن، جا گرنگ نیە ئەو كارە چەند زەحمەتە لە سەرەتادا. هەروەها پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان هاوكاری بەغدا و هەرێمی كوردستان بكەن بۆ بەردەوامبوونی ئەو هەنگاوە ئومێد بەخشانەی كە تا ئێستا لە بواری هاوكاری سیاسی و ئەمنی و ئابووریەوە هاویشتراون. كوردەكان باش كاریان لەگەڵ حكومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو (عادل عەبدولمەهدی) دەكرد لە بەغدا، وە توانیان زاڵ ببن بەسەر دوودڵیەكانی پێشوویان سەبارەت بە گۆڕینی حكومەتی بەغدا و پشتگیریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، مستەفا ئەلكازیمی، كە دۆستێكی دیكەیە. بەڵام بە لای كوردەكانەوە، سەرجەم ئەو پەیوەندیانە دەكەونە سەر تەنیا یەك بابەت ئەویش مەسەلەی گەیاندنی بودجەیە. لە مەودای دە ساڵدا و دوای چاودێریكردنی شەش سەرۆك وەزیران لە كاتی گفتوگۆ و دووبارە گفتوگۆكردنیاندا لەگەڵ كوردان لەسەر بودجە، ئەمەریكا لە نزیكەوە لە هەموو بنج و بنەوانی كێشمەكێشەكان ئاگادارە، بگرە باشتریش لە سەركردە كوردی و عێراقیەكان خۆیان. ئەوەی هەمیشە روون بووە ئەوەیە كە سیاسەت بەسەر ئابووریەوە زاڵ دەبێ لەو گفتوگۆیانە: چارەسەرەكە سیاسیە و ژمارە و فۆرمیولاكان دەگونجێندرێن بۆ ئەوەی جێگەیان لەناو سازشەكان ببێتەوە. بۆیەش، لەوە دەچێ كە بۆ ماوەی ئیمساڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێ لە فرۆشتنی نەوتەكەی و كۆكردنەوەی داهاتی گومرگەكان، و لە بەرامبەردا بەغدا مانگانە بودجەیەكی كەمكراوە بۆ خەزێنەی هەرێم دەنێرێ، كە هەروەك ئەوەی كە لە دوو ساڵی رابوردوودا ئەنجامدراوە. دوای گفتوگۆیەكی زۆر، لایەنەكان دێنەوە سەر هەمان ئەو خاڵەی كە لێیەوە دەستیان پێكردووە. ناكرێ ئەو شێوازەی دووبارەبوونەوەی قەیرانی بودجە بەردەوام بێ، لەبەر دوو هۆكار. یەكەمیان، بەرەنگاریی ساڵانە لە بەغدا پرۆسە ئاڵۆزەكانی دانانی بودجە ئاڵۆزتر دەكات، و لەگەڵ هەر خولێكی قەیران و گفتوگۆدا پەرلەمانتارە عێراقیەكان لەبەرامبەر ئابووری هەرێمی كوردستان توندتر دەبن. دووەم: پارتی و یەكێتی هەروا دێ زیاتر شەڕیانە لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی داهات، كە سلێمانی داوای گواستنەوەی بودجە دەكات راستەوخۆ لە بەغداوە وەیان داوای گەرەنتی دەكات كە بەشە بودجەكەی بە دادپەروەرانە بۆ دەچێت. پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان پشتگیری لە رێكەوتنی درێژمەودای چەندین ساڵە بكەن كە سەركردە باڵاكان پێوەی پابەند بن، واتە سەرۆك وەزیرانی عێراق كە نوێنەرایەتی كوتلەیەكی گەورەی سیاسەتی عێراق دەكات و سەركردە بڕیاردەرەكانی پارتی و یەكێتی. ئەوە هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی هەردوو حیزب لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا بەیەكەوە دانیشن. ئاستە خوازراوەكەی بودجە كە بەغدا و هەرێم لەسەری رێككەون لە دەوروبەری هەشت سەد میلۆن دۆلاری مانگانەیە، وە پێویستی بەوەیە كە پارتی و یەكێتی لەسەر كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت (وەك مووچە و خزمەتگوزاریە كۆمەڵایەتیەكان و دەرماڵەكان) هەتا رادەی سەدا سی رێككەون، بەبێ ئەوەی گلەیی لە یەكتر بكەن وەیان بابەتەكە بە سیاسی بكەن. پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان فشارێكی بەهێزی بەڵام بە نیەتچاكی بخەنە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی وەزیرێكی تایبەتمەند و توا پێدراو بۆ سامانە سروشتیەكان دابنێن تاوەكو متمانە بگێڕێتەوە بۆ وەبەرهێنەرانی بواری ووزە، كە دەبێتە هێمایەكیش بۆ وەبەرهێنەرەكانی بوارەكانی دیكەی غەیری ووزە لە هەرێمی كوردستان. دەكرێ لە چوارچێوەی شەڕی دژەتیرۆردا سەركەوتنێكی خێرا بۆ هاوكاری نێوان بەغدا و پارتی و یەكێتی بەدەست بهێندرێ. دەزگای دژەتیرۆری عێراقی، بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری سەر بە پارتی و گروپی دژەتیرۆری سەر بە یەكێتی سێ رێكخراوی زۆر پرۆفێشناڵن و لە نزیكەوە كار لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان دەكەن لە دژی داعش. ئەوانە پێشتر كاریان بەیەكەوە كردووە و دەتوانن بە ئاسانی لە ناوچە جێناكۆكەكان كار لەگەڵ یەكتر بكەن. دەكرێ تەركیزی یەكەمی پێكهێنانی سەنتەری هاوكاری و كاری دژەتیرۆری هاوبەش لەسەر ئەو دەزگا نایابانە و لقی زانیاریەكان بێ، لەجیاتی تەركیز لەسەر رێكخراوە سەربازیە گەورەكانی وەك لەشكری عێراق و پۆلیسی فیدرالی و پێشمەرگە. دەكرێ یەكێك لە سیمبوڵە گرنگەكان بۆ هاوكاری نێوان بەغدا و هەرێم لە بواری وەبەرهێنان بێ لە جێگیركردنی فڕۆكە جەنگیەكانی F-16 ی عێراقی (بۆ ماوەی كورت كورت) لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی. ئەو فڕۆكە شەڕكەرە بۆمبهاوێژانە تا رادەیەكی ترسناك وەك دار عەسایەك بینراون كە رەنگە بەغدا لە دژی كوردانی بەكار بێنێت، بەڵام ئەو كۆمەڵە فڕۆكانە و تەكنیكارە ئەمەریكیەكانی كێشەی بەردەوامبوونیان هەیە لە بنكەی بەلەد كە دەورە دراوە بە چەكدارانی پشتئەستوور بە ئێران. رەنگە بیرۆكەیەكی باش بێ كە بەشێكی فلیتی F-16 لە كەشێكی كاركردنی سەلامەتدا لە هەولێر و سلێمانی بخولێندرێنەوە، هەروەك فرۆكە جەنگیەكانی ئیتاڵی كردیان بە بەشداریەكی بچووكی یورۆفایتەرەكان لە كاتی شەڕی دژ بە داعش. رێچكەی هاوبەش لەو بژاردانە ئەوەیە كە بە گەورەیی بیر بكەیتەوە لە پەیوەندیەكانی نێوان بەغدا و پارتی و یەكێتی، وە یاریكەرە نێودەوڵەتیەكان هاندەر و پشتگیریكەری بیركردنەوەی نوێ بن. لە ئێستادا هەرێمی كوردستان رووی بەرەو لێژی دەخولێتەوە دوخولێتەوە، وە كەمتر جێگیرە و كەمتر سەرنج راكێشە وەك كەشێكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە سەركردە كوردەكان رێگەیان بە خۆیان داوە كە بە هۆی سیاسەتی شەخسیەوە لێك بترازێن. دەستوەردانی ئەمەریكی لە عێراق لە ساڵي 1991 بووە هۆی ئازادكرنی كوردەكانی عێراق، وە دەستوەردانەكەی ساڵی 2003 وایكرد كە ئەمەریكا داوا لە هەمان ئەو كوردانە بكات كە بە گەرەنتی ئەمەریكیەوە ببنەوە بە بەشێك لە عێراق. ئێستاش كاتی هاتووە كە ئەو گەرەنتیانە بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە. دەستوەردانی ئەمەریكا عێراقی لە دیكتاتۆریەتەوە گواستەوە بۆ دیموكراسیەت (كە ناتەواوە، هەروەك هەموو دیموكراسیەتەكان)، بەڵام دەكرێ گواستنەوەیەكی دیكەی مەزن ئەوەبێ كە ئەمەریكا هاوكاربێ لە داهێنانی عێراقێك كە لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی لە ئاشتەواییدا بێ، پێش هەموویان پێكهاتە كوردەكەی. ئەو پرۆسەیەش دەكرێ وە دەبێ لە ئێستاوە بە زووترین كات دەست پێ بكات.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری ههولێر سەربارەت به ھاتووچۆی نێوان شارەکانی ھەرێم لەگەڵ ھەولێر و شارەکانی دیکەی فیدڕال بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند: بەپێی بەیانەکانی تایبەت بە قەدەغەی ھاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ کە تایبەتە بە بڵاو نەبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەو پێوەرەی کە ژمارەی تووشبووان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، بۆیە قەدەەغەی ھاتووچۆ بەردەوام دەبێت. جیاوقزی ھەیە لە دواین كۆبوونهوهى ئهنجومهنى وهزیران، لێژنهى باڵاى بهرهنگاربوونهوهى ڤایرۆسی كۆڕۆنا بڕیاریدا کە قهدهغه ھاتووچۆ لە نێوان شارهكانى ههرێمى كوردستان و شارهكانى دیكهى حكومهتى فیدڕاڵ به داخراوى بمێنێننهوه. ھێمن قادر ڕایگەیاند، ئێمه پابهند دهبین به بڕیارهكانى ئهنجومهنى وهزیران و وهزارهتى ناوخۆ، ھەر بۆیه دهسهڵات دراوه به ژووری ئۆپراسیۆنهكان و ئیداره سهربهخۆكان بۆ ئهو حاڵهتانهى كه زۆر زهرورن وەک (نهخۆشى، یان ئهوانهی كه ئیقامهى ههولێریان ههیه و بۆ كارێكى گرنگ دێن) بهڵام به مهرجى پشكنین لهسهر ئهركى خۆیان له دهروازهكانى ههولێر - كهركوك و ههولێر - موسڵ. جێگری پارێزگاری ھەولێر وتیشی: ئهم رێگه پێدانه بۆ مهبهستى سهردانى و گهشتكردن نیه و راشیگهیاند: سهبارهت به هاموشۆی نێوان شارهكانى ههرێمى كوردستان، تەنیا ئەوانە دەتوانن کە حاڵەتەکانیان زۆر زەرور و گرنگن.
ئەو کۆشکەی شازادە هاری تێیدا دەژیا، دەفرۆشرێت و کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە 25 ملیۆن دۆلار وەکو نرخی کۆشکەکە دیاری کردووە. رۆژنامەی دەیلی میرەر-ی بەریتانی بڵاویکردەوە، کۆشکەکە دەکەوێتە دوورگەی باربادۆس لە ناوەڕاستی دەریای کاریبی و دوای داشکاندنی نرخەکەی، بەنیازن بە 20 ملیۆن پاوەند بیفرۆشن کە دەکاتە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار. خاوەن کۆشکەکە پێشتر نرخی 14 ملیۆن دۆلاری بۆ کۆشکەکە دانابوو. بەڵام دوای مانەوەی شازادە هاری لەم کۆشکەدا، نرخەکەی زیادکرد و لە لاپەڕەی فرۆشی خانووبەرەی رۆژنامە بەریتانییەکەدا، کۆشکەکەیان بۆ فرۆشتن دانا و تێیدا باس لە تایبەتمەندییەکانی کۆشکەکە دەکات. تایبەتمەندی کۆشکەکە لەسەر رووبەری 14 هەزار پێ چوارگۆشە دروستکراوە لە 10 ژوور و 10 توالێت و حەمام پێکدێت لە کەناری دەریای کاریبییە مەلەوانگەیەکی گەورە و باڵکۆنێکی فراوانی سەر ئاویشی هەیە هۆڵی تایبەتی وەرزش و ساونایەکی تایبەتی مەساج و حەوزی جاکوزی هەیە هەروەها خانوویەکی لە دار دروستکراویشی تێدایە کە تایبەتە بەمیوان و دیوەخانێکی گەورە لە نهۆمی زەوی