شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ شاندی وەزارەتی پێشمەرگەلە كۆبونەوەدان وگفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی ئەمنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكەن ئەوە لە كاتێكدایە لە كۆبوونەوەكانی رابردووی لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ھەماھەنگی لە چەند ناوچەیەك گەیشتوونەتە رێككەوتن. پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو ئەگەر هەر ئۆپراسیۆنێك لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدرێت دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەنجام بدرێت
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رەتیدەکاتەوە برازاکەی ساڵح موسلیم لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی تورکیا کرابێت و دەڵێت ئەو هەواڵە بۆ داپۆشینی راستی بابەتەکەیە. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندوە، دالیا مەحمود موسلیم ماوەیەک لەمەو پێش وازی لە ریزەکانی یەپەژە هێناوە و لەگەڵ چەکدارێکی خەڵکی بەدلیسی باکوری کوردستان پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە پێکەوە بڕیاری وازهێنانیان داوە و رایان کردوە. دەقی رونکردنەوەکە ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە. دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایا کەسێک بە ناوی ( دالیا مەحمود موسلیم ) لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە . بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە . دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لە گەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی ( سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان ) کە لە ڕیزەکانی یەپەگەوە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و ڕادەکەن. رەمەزان لە ڕۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندی کردن بە سەلام لە ڕۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە. ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان لە جیاتی تۆمەت بە خشینەوە، هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ڕیزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان، لە ڕێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە دەردەبڕن. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەش بە پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و ئەم هەوڵە چەواشەکارانەیەش ،هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی .وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
دیوانی شاهانەی سعودیە رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەمووزی 2020 شا سەلمان عەبدولعەزیز، شای سعودیە بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ڕیازی پایتەخت کراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ مستەفا کازمی لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات، سەردانی سعودیە بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و ناوچەکە تاوتوێ بکات، بەڵام سەردانەکەی بەهۆی نەخۆشکەوتنی شای سعودیە، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.شا سەلمان تەمەنی 84 ساڵە و لە ساڵی 2015وە حوکمی سعودیە دەکات، ئێستا محەمەدی کوڕی جێنشینیەتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە لە كۆبونەوەی سەرۆكی حكومەت و وەزیری دەرەوەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا، بەتایبەتی لە بواری ئالوگۆڕی بازرگانی. هەروەها باس لە گرنگیی هەماهەنگیکردنی هەردوولا کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە کرا، هەردوولا هاوبۆچوون بوون لەسەر ئەوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور، لە بەرژەوەندی ھەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە.
بەوەی مێژووی شۆڕشی کورد لە عێراقی نوێدا بە ڕەهایی هی پارتییە و لە دەستپێکەوە تا ئێستا یان تاکە کاراکتەر یان کاراکتەری سەرەکی هەر پارتی بووە، هیچ هێزێکی سیاسی کورد نەیتوانیوە هێند خۆی بە خاوەنی دۆزی کورد بزانێ، ئەم هەستکردنەی پارتی (لە ڕەگەوە تا پەل) بە خۆبەخاوەنزانینی پرسەکە وایکردووە هیچ کات پارتی هۆکار و دەستپێشخەری هیچ گرژی و ناکۆکی و شەڕێک نەبێت کە بەرامبەر کوردێکیتر بووبێت. دەستپێشخەریش نابین! و نە لە گوتار و نە لە کرداریشدا ئەوەمان نەشاردۆتەوە لە پێناو بەرژەوەندی و مانەوەی کورد و پارتیدا بەگژ قوللەی قافدا ئەچین کە هەموو کات هیواداربووین و هیوادارین ئەو قوللەیە کوردی تێدا نەبێت. کاک بێستون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی وتارێکی نووسیوە بە ناوی (خەنجەری براکان) لە پاش کۆبوونەوەی ئەم ئێوارەیەی سەرکردایەتی یەکێتی و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە ئەکات وەک ئەوەی یەکێتی سەنگەری لێگیرابێت! بە ئێستاشەوە کە لە دوای شازدەی ڕەشی ئۆکتۆبەرەوە یەکێتی سەنگەری لە پارتی گرتووە وەک ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتا و نەوەدەکان بۆ شەڕێکیتری براکوژی، پارتی نەک هەر دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە، بەڵکو دەستی دۆستایەتی و ئاشتبوونەوەی یەکجارەکیشی درێژکردووە. ئەم گوتار و لێدوانە توندانە تەنیا خزمەت بە دوژمنانی کورد ئەکەن و هیچ خێرێکی بۆ کورد و دۆزەکەی تێدا نەبووە و نییە. ئێمە و یەکێتی دنیایەک خیلاف و جیاوازیمان هەیە، بەڵام لە شەڕیشدا دوژمن نەبووین و هەرگیز نەگەیەندراوەتە مریشکە ڕەشە، باش نییە خەڵکێک گەیشتبێتە سەرکردایەتی حیزبەکەی و درک بەو حەقیقەتە نەکات کە نە پارتی و نە یەکێتی هەرگیز توانای سڕینەوە و تواندنەوەی یەکتریان نەبووە و هۆکاریش زۆرە و هێشتا ئەو هۆکارانە زیندوون. هیچ خێرێک لە شەڕی خۆبەخۆدا نەبووە و نییە، مێژوویەکی ناشرینە و بریا نەمانبووبا، بەڵام حەماقەت و قەباحەتێکی گەورەیە هێشتا خەڵکێک هەبێت بیری لێبکاتەوە و بە ئۆپشنی بزانێ!تێگەیشتنی ئێمە وایە کە کەرکووک وەک سلێمانی لە دەستی یەکێتیدا با زۆر زۆر باشتربوو لەو واقعەی ئێستا کە بە دەست حەشد و عارەبەوەیە! ناکرێ ئەمە ڕوون نەبێ بۆ سەرکردایەتی یەکێتی! ئەگەر ئێمە موقەصڕ بووین لە ڕوونکردنەوەی ئەو بڕوایە، ئەبوو لە کردار و مێژوومانەوە سەرکردایەتی یەکێتی باش لەو بڕوایەی پارتی تێبگات. هەڤاڵی یەکێتی، منی پارتی پەیوەندیشم خراپ بێ لەگەڵت، بە خوێن براتم. گۆشتیشت بخۆم ئێسقانت ناشکێنم، ناکرێ تۆ بیر لە ئێسکهاڕینی من بکەیتەوە! ئەو توانایەی لە سڕینەوەی یەکتردا بە فیڕۆی ئەدەین، لە یەکی بدەین، کوردستانی پێ ئازاد و سەربەخۆ ئەکەین. بۆ وا نەکەین؟ ئارتین جەلال بەگ - کادری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچوونەکان دەربڕینی خودی نووسەرن و باڵکێش لێی بەرپرس نییە.
نێچیرڤان بارزانی و جەواد زەریف: پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران پەرە پێدەدەین لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ ئێران پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی باشدایە و هەماهەنگی زیاترمان لە نێواندا دەبێت. بارزانی وتیشی: لە ماوەی ڕابردوودا هەماهەنگی باش لە نێوان هەرێمی كوردستاندا و ئێران هەبووە، زیاتریش بەرەو پێشەوەی دەبەیین. هەر لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسیدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: خۆشحاڵم لە هەولێری پایتەخت و جوان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان كۆبومەتەوە و باسمان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد. زەریف وتیشی: پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد لە ئاستێكی باشدایە و بەرەو پێشتریان دەبەین و بەردەوام دەبین لە هاوكاریی و هەماهەنگی زیاتری نێوانمان.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند:تەنها ئەمڕۆ لە عێراق دوو هەزار و 310 کەس توشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون 90 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە درستداوە. ئەو ئامارانە لە كاتێكدایە عێراق ڕایگەیاندبوو ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کرا. بڕیارە زەریف لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
بڕیارە سبەی دووشەممە شاندێکی باڵای وەزارتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆببێتەوە. عەمید هەژار ئیسماعیل، بەرپرسی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵكێشی راگەیاند، سبەی دووشەممە شاندێکی باڵای وەزارتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە. شاندەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق چەند تەوەرێک لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ دەکات، لەوانە یەک: دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک و نەینەوا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا هەیە. دوو: دروستکردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە جێناکۆکەکان. سێ: دانانی بازگەی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەروازەی شارەکان لە کەرکووک، دیالە و نەینەوا، هەروەها دروستکردنی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. ئەم کۆبوونەوەیە چوارەم کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت. پێشتر لە مانگی حوزەیرانی 2019 دوو کۆبوونەوە کرابوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەنێوانیاندا نەکراوە.
كەمێك پێش ئێستا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماریی عێراق و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆشكی كۆماریی كۆبونەوە بەپێی زانیاریەكانی تۆڕی میدیایی باڵكێش جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی حكومەتی عێراقدا كۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندیەكانی نێوانن هەردوو وڵات دەكرێت. ئەوە لەكاتێكدایە وا بڕیارە ئێوارەیی ئەمرۆ محەمەد جەواد زەریف لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا كۆببێتەوە.
لە چەند ڕۆژیی داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەولێری پایتەخت كۆدەبنەوە. دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد، وابڕیارە ئەو دوو حزبە لە سەر ئاستی باڵا لە سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر كۆببنەوە. ئەو كۆبونەوەیە لەكاتێكدایە پێشتر چەند ئاڵۆزیەك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا هەبوو ،هەرچەندە چەندین هەوڵیش هەبوو بۆ كۆبونەوەی هەردوولا بەڵام كۆبونەوەكان هەڵدەوەشانەوە. لەداویی دەستبەكار بوونی هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی باڵایە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ئەنجام بدرێت.
ناوەندێکی خزمەتگوزاری دارایی لە نیویۆر راپۆرتێکی لەبارەی پێشبینییە داراییەکان بۆ ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان نووسیوە و تێیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک داوە، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودخەی گشتیی عێراقدا. کۆمپانیای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی Morgan Stanley's کە هاوکات بانکێکی تایبەتیشە بە وەبەرهێنان لە نیویۆرک، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت بگاتە سەرووی ٥٠ دۆلار و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بۆ ٥٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بكات. هەروەها هەرێمی کوردستان ئامادە دەبێت بۆ هەناردەکردنی غاز و لە کۆتایی ئەمساڵدا هەناردەی دەکات، -داهاتی ناوخۆیی زیاد دەكات و ئەمەریكا و ئەوروپا هاوكاری دارایی عێراق دەكەن و بەشێك لە هاوكارییەكان لە ڕێگای عێراقەوە بۆ كوردستان دەبێت. هەر لە راپۆرتەکەی Morgan Stanley'sدا هاتووە " لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پشكی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر دەكرێت، بەڵام دەروازە سنوورییەکان و داهاتی نەوتی هەرێمی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە ژێر دەستی بەغدا، ئەو قەیرانە داراییەشی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە دروستبووە کەم دەبێتەوە. Morgan Stanley's کۆمپانیایەکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی و بانکێکی تایبەتی وەبەرهێنانی ئەمریکییە، بەشیکی راوێژکاری هەیە کە تایبەتە بە پێشبنیکردن بۆ داهاتوو و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستا، ناوەندی بانکەکە کەوتووەتە شاری نیویۆرک.