Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
ڕاپۆرت
30-07-2020

گرێبەستی سەدە چییە؟

گرێبەستی سەدە یان ڕێکەوتنی کۆتای ئەو پێشنیارە بوو کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا دوناڵد تڕامپ کردی بۆ کوتایهێنان بە کێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین. ئامانجی سەرەکی ئەم گرێبەستە  بریتییە لەوەی وڵاتێکی جێگرەوە بۆ فەڵەستینیەکان دابین بکرێت،  بۆ ئەوەی لێ ی نیشتەجێ بن لە دەرەوەی خاکی خۆیان و بتوانن ببنە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە ئاستی ناوچەكەدا و هەروەها ئیسڕائیلیش ڕزگاری ببێت لە دۆخی خراپی بەردەوامی شەڕو نائارامی لە ناوچەكەداناوەڕۆكی گرێبەستی سەدە چییە؟پڕۆژەكە بریتییە لە دروستكردنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ جولەكە و فەڵەستینیەكان و هەردوو دەوڵەتەكەش دانپێنراوی هەردوو لابێت، هەموو جیهان دانی پێدا بنێت.بەم شێوەیە بریتییە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینیەکان کە سنورەکەی کەرتی غەززە وکەمێک لە کەرتی ڕۆژئاوا، لەگەڵ نیمچە دورگەی سینا لە میسڕ دەكرێن بە خاكێكی جیاواز و دەبنە دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ فەڵەستینیەكان.   كاتێكیش هەموو فەڵەستینیەكان گوازرانەوە بۆ ئەو شوێنە ئەوا هەموو پێداویستیەكانیان بۆ دابین دەكرێت و وڵاتێكی سەربەخۆ دروست دەكرێت و دەتوانن بە ئاڵاو نیشتیمان و خاكی خۆیانەوە و بەناسنامەی تایبەتی خۆیانەوە كارەكانیان بكەن.لە دوای دروستكردنیشی  10 ملیارد دۆلار دابین دەكرێت بۆ روستکردنی ژێرخانی ئەم دەوڵەتە ئەوەش بەكاردێت بۆ  لە دروستکردنی فڕوکەخانە و دروستکردنی بەندەر و دروستکردنی یه‌كه‌ی نیشتەجێ بوون و ناوچەی پیشەسازی، یەكەی نیشتەجێبون و كارگەو كۆمپانیای نوێ، پرسی قودس و گەڕانەوەی ئاوارەکان هەڵدەگیرێت بۆ دانوستانەکانی داهاتووی  كە لە نێوان هەموو لایەنەكانی ناوچەكاندا دەكات .   كێ سەرپەرشتی گفتوگۆكان دەكات؟گفتوگوی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی سەدە  بەڕێوەدەچێت بە سەرکردایەتی سعودیە ئەمەش بۆ ئەوەیە كۆتایی بە پرسی كێشەكانی نێوان لایەنی ئیسڕائیل و لایەنی فەڵەستینی بهێنرێت.   ئیسڕائیل چۆن ئەمریكای ڕازیكرد؟كاتێك پڕۆژەی گرێبەستی سەدە لەلایەن كۆشنەرەوە ڕادەستی ئەمریكا كرا ، ئیسڕائیل بە ئاسانی  توانی  ئەمریکا  ڕازی بكات ئەمەش بۆ ئەوەبوو كە ئەمریكا بتوانێت  فشار لە میسڕو ئوردن بکات تا بەشدار بن لەم گرێبەستە، ئەوەش بۆ ئەوە بوو كە میسڕو ئوردن دەست هەڵبگرن لە هه‌ندێك لە خاکەکەیان بۆ فەڵەستینیەکان لە بەرامبەردا ئەو دوو وڵاتە قەربوو دەکرێنەوە بە بڕێك پارەی زیاتر.   بیابانی سینا هیوایەكی نوێ بۆ جیهانێكی نوێلەگرێبەستی سەدەدا هاتوە پێویستە فەڵەستینیەكان ببنە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆخۆیان بەڵام ئەم دەوڵەتە لە نیمچە دورگەی سینا كە بیابانێكی كاكی بەكاكی میسرە دروست دەكرێت.   لە  پێشنیارەكەدا هاتووە  میسڕ و ئوردن دەبێت دەست لە هەندێك خاکی خۆیان هەڵبگرن، میسڕ لە نیمچە دورگەی سینا 720 کیلۆمەتری چوارگوشە دەداتە فەڵەستینیەکان کە لە سنوری غەززە دەستپێدەکات بۆ شاری عەریش، لە بەرامبەردا ئیسڕائیل 720 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەی پاران لە بیابانی النقب دەداتە میسڕ کە ئێستا لە ژێر دەستی ئیسڕائیلە.گروپی (بی) هیوا بۆ ئیسڕائیل   جێنشینی شازادەی سعودییە شا بن سەلمان و بن زاید شازادەی جێنشینی ئیماڕات، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، جۆن بوڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا، لەگەڵ جارید کوشنێری زاواو ڕاوێژکاری دوناڵد جەی  ترامپی سەروکی ئەمریكا، بەم كەسایەتیانە دەوترێت گروپی (بی) چونكە ئەم گروپە پشتیوانی ڕاستەقینەی بیرۆكەی گرێبەستی سەدەن.   بەشداری وڵاتان لە گرێبەستی سەدەدامیسر وەك یەكەم وڵاتی خاوەن بەشداری سەرەكی لە گرێبەستی سەدەدا ڕۆڵ دەبینێت، بەپێیی گرێبەستەكە، میسر 720 کیلومەترەی  زەوی خاكی خۆی لە بیابانی سینا دەبەخشێتە فەڵەستین،  ئەمەش وا دەکات کە بۆری نەوتی نێوان ئیسڕائیل و ئوردن و میسڕ زۆر بە ئاسانی ڕابکێشرێن، کرانەوەیەکی باشیش دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندی ببەستێت بە سعودیە و عێراقە کە دەتوانێت لە ڕووی ئابورییه‌وه‌ سودێکی باشی پێ بگەینێت.   خەونێكی گەورە بۆ فەلەستینیەكانبەپێی ئامارە سەرەتاییەكان ئێستا ژمارەی دانیشتوانی كەرتی غەزە زیاتر لە ملیۆن و نیووە، ئەو ژمارەیەش بۆ كەرتی  خەزە زۆر زۆرە و ئامارەكان دەڵێن تا كۆتایی ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانەكەی بەرز دەبێتەوە بۆ 2 ملیۆن كەس.   كەرتی غەزە لە توانایدا نییە ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان قبوڵبكات و خاكەكەی زۆر بچوكترە لەوەی فەڵەستینیەكان چاوەڕێیی دەكەن   بۆیە ئەگەر ئەو ژمارەیە ببرێتە بیابانی سیناو باڵەخانەی گەورەو شارستانی و زانكۆی تازەو باخچەی نوێیان هەبێت بێگومان ژیانێكی خۆشتر بەسەر دەبەن ئەوەش دەتوانێت بەشێكی زۆر لە كێشەكان چارەسەر بكات.   فەڵەستینیەكان دەبنە خاونی خاك و ئاو زانكۆ و باڵەخانە و زەوی نوێ    ئەوە لە كاتێكدایە ناوچەكە بە گۆڕانكاریی ڕێشەیی زۆر گەورەدا تێدەپەڕێت و نەخشەیی سیاسی و ئابوری ناوچەكە گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا دێت ئەوەش وادەكات ناوچەكە وەك سیستمێكی نوێی جیهانی  رووبەرووی قەیرانەكان ببێتەوە.

بیروڕا
30-07-2020

هیلالی شیعی چییە؟

ئێران بە هاوكاری حەشدی شەعبی, جموجوڵەكانی بۆ پێوكەوە بەستنی عێراق و سووریا توندوتۆڵ كردووە و لە دەوروبەری شنگال دەستی بە هێرشبردن كردووە. فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای دەكات، جوڵەكانی حەشد دەری دەخات كە دەیانەوێ رێڕەوێك بكەنەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو خاكی سووریا. هیلالی شیعی هەرچەند دەستەواژەیەكە كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی داینەهێناوە، بەڵكو بە گوزارشتێكی تر ساڵی 2004 دوای رووخانی رژێمی بەعس و باڵادەستی شیعە لە عێراق, لەلایەن ئێرانەوە وەك قوڵایی ستراتیژی دەستنیشان كرا و هێزی قودسی سوپای پاسداران هاتنە راسپاردن بۆ ئەوەی لە تارانەوە رێگەیەكی وشكانی بكەنەوە بە عێراقدا تێبپەڕێت و بە سووریادا بچێتەوە لبنان. لە سەرەتای ئازادكردنی عێراق و بەهۆی مانەوەی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەناو خاكی عێراق، سوپای قودس نەیتوانی هیچ جموجۆڵێكی ئەوتۆ بۆ كرداریكردنەوەی ئەو ستراتیژییەتە بخاتە گەڕ، بەهۆی بەرپەرچدانەوەی هەر جووڵەیەكیان لەلایەن ئەمەریكاوە كە جێی گومان بوایە، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 بە فەرمانی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوپای وڵاتەكەی لە عێراق كشایەوە، جموجووڵەكانی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە عێراق، كارایانە دەستی پێ كرد. لەگەڵ دەركەوتنی داعش لە عێراق حوەزیرانی 2014، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی شیعەوە لە بەغدا شەرعییەتی ئەوەی وەرگرت وەك هێزێكی فریادڕەس لەناو عێراقدا شەڕ بكات، ئەو ئامادەییە سەربازییەی ئێران لە خاكی عێراقدا بە هاوكاری هێزە ناڕێكخراوە شیعەكان لە خورماتووەوە بە نیازی لكاندنەوەی هێزەكانی ناو سووریای كە پێك هاتوون لە سوپای نیشتمانی و سوپای پاسداران و هێزی قودسی سوپای پاسداران بە هاوكاری حزبوڵای لبنان و سەربازانی ئەسەد بەرەو سنووری سووریا پێشڕەوییەكانیان دەست پێ كرد. لە ئایاری 2015 محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، رای گەیاند، 200 هەزار چەكدار لە عێراق و سووریاوە پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتەكانی دەكەن و خەریكە دروستبوونی هیلالی شیعی بەرەو كۆتای دەچێت. زۆربەی جاودێرانی سیاسی و رۆژهەڵاتناسان لەسەر ئەو بڕوایەن، مەبەستی ئێران لە درووستكردنی پێكەوە لكاندنی ئەو ناوچانە، كۆكردنەوەی شیعەیە لەناو جیۆگرافیایەكی هاوبەش بەبێ دابڕان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەی ئیمپراتۆریەتێكی شیعی لەڕێگەیەوە دابمەزرێنێت، لەبەرئەوەی یەك لە ستراتیژییەتەكانی كۆماری ئیسلامیی لە سەرەتای درووستبوونییەوە، لەسەر داوای خومەینی، هەناردەكردنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامییە بۆ وڵاتانی تری جیهان. * ئەو ناوچانەی بەر هیلالی شیعی دەكەون هیلالی شیعی لە باشووری ئێرانەوە بە سنووری ئەهوازدا بە بەسرە و كەربەلا و نەجەف و پارێزگەی بەغدا و رۆژئاوای مووسڵدا تێدەپەڕێت و لە سووریا بە باشووری پارێزگای دێرەزووردا دەڕوات و بە باكوری دیمەشقدا دەچێتەوە ناو لبنان.  كۆمەڵێك لەو ناوچانەی ئەو هیلالە پێیدا تێپەڕ دەبێت، سوننەی حەنەفی و شافعی و عەلەوییەكانن و هەندێك مەسیحی و ئێزدیش تیایدا نیشتەجێن، بۆ نموونە رومادی و سامەڕا لە عێراق و دێرەزوور لە سووریا كە دانیشتوانیان سوننین. لەدوای هاتنە سەركاری دۆناڵد ترەمپ، پاڵێوراوی كۆماریخوازانی ئەمەریكا، ئاماژەكان پێشانی دەدەن واشنتۆن هەوڵەكانی بۆ رێگری لە جموجووڵەكانی ئێران لە عێراق و سووریا چڕ كردووەتەوە. یەكەم هەنگاوی ئەمەریكا بۆ پەكخستنی ئەو پڕۆژە ئێرانییە هێنانە بەرباسی سزا نوێیەكانی سەر ئێرانە كە گرنگترینیان وەك چاوەڕوان دەكرێ خستنە ناو "لیستی رەش"ی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرجەم لقەكانیەوە، دەگرێتەوە. ئەوەیش وای كردووە تا سەقامگیركردنی ئەو بڕیارانە ئێران جموجووڵەكانی خێراتر بكات و لایەنی كەم بتوانێت ئەو بۆشاییەی لە مووسڵ بۆ گەیاندنی هیلالەكەی بە سووریا درووست بووە، بیانشكێنێت. لەو خێراییەی ئێراندا، لە جووڵەیەكی گوماناوی و ناڕێكخراودا، ماوەی دوو هەفتەیە لە سنووری شنگال و رۆژئاوای مووسڵ حەشدی شەعبی لە دەرەوەی هەموو رێككەوتنەكانی گرتنەوەی مووسڵ، دەستی داوەتە كردەوەگەلی "ئۆپەراسیۆن"ێكی بەرفراوان و تا ئستە چەند ناوچەیەكی دەوروبەری شنگالی كۆنتڕۆڵ كردووەتەوە و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو میلیشیا شیعییە، دەیانەوێ لە رێگەی شنگالەوە رێڕەوێك بكەنەوە بۆ گەیشتن بە سووریا. كورد لەو سنووری شنگال و ئەو ناوچانەی ئازادی كردووەتەوە سەنگەری لێداوە و بەهۆی هەستیاربوونی دۆخەكە، بە وریاییەوە مامەڵە دەكات. فەرماندەیەكی باڵای هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، لەبەرئەوەی جموجووڵەكان لە شنگان پێوەستن بە پرسێكی نێودەوڵەتییەوە، ئێمە وەك هێزی سەربازی بە فەرمی لێدوانی لەبارەوە نادەین ئەو فەرماندەیە، بەو مەرجەی ناوی پارێزراوبێت، كۆمەڵێك زانیاری دەخاتە ڕوو بەوەی "حەشدی شەعبی ماوەی دوو هەفتەیە جووڵەكانی لە دەوروبەری شنگال خێراتر كردووە و لەو ماوەیەدا گوندەكانی بلیج و تل بەنات و تل قەسەب و چەند كۆمەڵگەیەكی تری گرتووەتەوە". "ئامانجەكە ئاشكرایە و ئەگەر شارەزایەكی جیۆگرافیای ئەو ناوچەیە جموجووڵەكان هەڵبسەنگێنێت، لە نیازیی حەشدی شەعبی تێدەگات كە بە نیازی ئەوەن رێڕەوێك بۆ چوونە ناو خاكی سووریا درووست بكەن" فەرماندەكە وای گوت. سەركردایەتی سیاسیی كورد لە باشووری كوردستان تا ئێستە هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەو بارەیەوە نەبووە و پێدەچێت ئەو هەستیارییە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرسەكە پێوەستە بە سیاسەتیی نێودەوڵەتی و شیمانەی ئەوە دەكرێت كورد چاوەڕوانی هەڵوێستی هاوپەیمانان بێت كە بە درێژایی شەڕی داعش لەو ناوچەیە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بوون بەتایبەت لەكاتی گرتنەوەی شنگال هێزە هاوپەیمانەكانی دژی داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، پاڵپشتی ئاسمانی هێزی پێشمەرگەیان كرد. بەڵام ئەو سەرچاوە باڵایەی هێزی پێشمەرگە لەبارەی ئەو رێنوێنییانە بۆ ئەو پێشهاتە نوێیە حەشد بە پێشمەرگە دراوە ئاماژە بەوە دەدات "سەنگەرەكانی پێشمەرگە پتەوتر كراون و هەموو هێزەكانمان لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێك، بەڵام بابەتەكە پێوەستە بە پرسێكی سیاسیی گەورەوە، ئێمە چاوەڕوانی فەرمان دەكەین لەلایەن سەركردایەتی سیاسییەوە بۆ ئەوەی بەپێی فەرمانەكە هەڵسوكەوت لەگەڵ دۆخەكەدا بكەین". دووپاتی دەكاتەوە، ئێمە لەگەڵ حەشدی شەعبی لە پێوەندیداین و هەڵوێستی خۆمان بۆ روونكردوونەتەوە كە رێگەیان نادەین دەستدرێژ بكەن بۆ سەر خاكی كوردستان بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە بپەڕنەوە سنوورەكانی سووریا. چەند چەكدارێكی ئێزدی كە ژمارەیان ناگاتە 100 كەس ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ حەشدی شەعبیدان و ئێستە هێزێكیان بۆ درووست كراوە، ئەوانیش لەو كردەوەگەلەی حەشدی شەعبی بەشدارن و سەرجەمی جووڵەكانیان لە دەرەوەی ئەو سنوورەیە كە پێشمەرگە لە شنگال سەنگەری تێدا لێداوە، بەڵام ئەوان لە سنوورەكانی خوارووەوە نیازی پێشڕەویان هەیە و تەنانەت لەو دواییەدا گوندی "قابوسیان" كۆنتڕۆڵ كردەوە. هەڵوێستی سەركردایەتی كورد تا ئێستە ئەوەیە پێشمەرگە سەنگەرەكانیان پتەو بكەن و رێگە نەدەن هیچ هێزێك ئەو سنوورانە ببەزێنێت كە پێشمەرگەی كوردستان كۆنتڕۆڵی كردووەتەوە. * زیانەكانی كورد لە درووستبوونی هیلالی شیعیئەو پلانەی بۆ دروستبوونی هیلالی شیعی داندراوە بە چەند "ناوچەیەكی ناشیعی"دا تێدەپەڕێت كە خاكی كورد و سوننەن، لە عێراق بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و پارێزگا سوننەكانی ئەنبار مووسڵ لەخۆ دەگرێت، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران توانیوویەتی بە پاڵپشتی حكوومەتی ناوەندی بەغدا، بەسەر ناوچەكانی سوننەنشیندا زاڵ ببێت و لە خورماتوو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی باڵادەستی كورد لەو ناوچەیە، هێڵەكەی درووست بكات و لەڕێگەی میلیشیا شیعەكانەوە بیپارێزێت. هەرچەند زۆر هەوڵی ئەوە درا لە رێگەی ترساندن و كوشتنەوە كورد لە خورماتوو دەربكرێت و دیموگرافیای ئەو شارۆكەیە بێتە گۆڕین، بەڵام دانیشتوانی شارۆكەكە رێگەیان بەوە نەدا و ئەو خەونەیان پووچ كردەوە. یەك لە مەرجە سەرەكییەكانی مسۆگەربوونی ئەو هیلالە شیعییە لە عێراق، پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی و دەسەڵاتی رەهای شیعە لە بەغدا، لەبەرئەوەی دابەشكردنی عێراق بۆ هەرێمەكان، یان وڵاتەكانی شیعە، سوننە و كورد، كەلێن لەو نەخشەیەدا درووست دەكات كە تاران بە دیمەشق و بەیروتەوە دەلكێنێت و چیتر میلیشیاكانی ئێران ناتوانن شەرعییەت و پشتیوانی لە حكوومەتێكی ناوەندی شیعە وەربگرن بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكەیان لەو ناوچانەی خاكی سونە و كوردستانە. سووریایش بەهەمان شێوەی عێراق، میلیشیاكانی سوپای قودس و حزبوڵای لبنان پشتیوانی و شەرعیەتی خۆیان بۆ ئامادەبوون لەناو خاكی ئەو وڵاتە لە دیمەشق وەرگرتووە، بۆیە مانەوە و بەهێزكردنی ئەسەد لەپێناو جێبەجێكردنی ئەو پلانە دوورمەودایە بووە بە بەشێك لە ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێران، یەكەم مەترسی و بەهێزبوون و مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات بۆ سەر دەسەڵاتی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق یەكەم هەنگاوی كاركردن دەبێت لەپێناو گەڕانەوەی دۆخی رۆژئاوا بۆ پێش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا 2011، رەنگە نەتوانێت لەو كارەدا سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵام كۆمەڵێك ئاستەنگ لە چەندان رەهەندی جیا جیا بۆ رۆژئاوای كوردستان درووست دەكات كە رەنگە قەرەبووكردنەوەیان كاتێكی زۆر بخایەنێت. لە كۆی ئەو خوێندنەوانەی بۆ ئەگەری مسۆگەربوونی هیلالی شیعی كراون، سەرجەمیان ئەو راستییە دەردەخەن كە كورد زەرەرمەندی یەكەم دەبێت لەو پلانەدا و بەرەوپێشچوونی هەر هەنگاوێكی كۆماری ئیسلامی لەو پرۆسەیەدا، بارتەقای دووركەوتنەوەی كوردە لە "كیانی سەربەخۆ" لەناو وڵتانی عێراق و سووریایە. * دەستەواژەی هیلالی شیعی لە كوێ سەری هەڵدا یەكەمجار ساڵی 2004 مەلیك عەبدوڵا شای ئوردن، دەستەواژەی هیلالی شیعی "Shia Crescent  یا  Shiite Crescent"ی بۆ بە دەسەڵاتگەیشتنی حكوومەتی شیعەی وەفادار بە كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، بەكار هێنا.  شا عەبدوڵا هۆشداری دا، ئەگەر ئەو پلانە سەربگرێت و حكوومەتەكانی ئێران، سووریا، عێراق و حزبوڵای لبنان بەیەكەوە بلكێن، هیلالێكی شیعی درووست دەبێت. وەك ئەو رای گەیاند "ئامانجی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق بۆ دروستكردنی ئەو هیلالەیە". دوای ئەو لێدوانانە، شا سەلمان عەبدولعەزیز پاشای سعوودیە، ئاماژەی بە پرۆسەی "بە شیعەكردنی عەرەبی سوننە" لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران دا و ساڵی 2006 حوسنی موبارەك، سەرۆكی ئەوكاتی میسر لە كۆنفرانسێكی میدیاییدا رای گەیاند، شیعەكانی ناو جیهانی عەرەبی وەفادارییان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە تا وڵات و خاكی خۆیان. بۆیە موبارەكیش هۆشداری لە ئەگەری درووستبوونی "هیلالی شیعی" دا. بەڵام لە سەرەتای هاتنەسەركاری دۆناڵد ترەمپ، ئەگەرەكان لەبارەی دیدی نوێی ئەمەریكا بۆ ئێران بە دڵی تاران نییە، پێچەوانەكەیشی دروستە كاتێك پێوەندییەكانی ئەمەریكا و سعوودیە قۆناغێكی نوێی بەخۆوە بینی و هاوكات بنیامین نەتەنیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل، چەند جارێك لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ شا سەلمان عەبدولعەزیزی دەسەڵاتداری سعوودیە گفتوگۆی كردووە، دواتر لە سەرەتای مانگی نیسان/ئەپریل میدیاكانی ئیسڕائیل و ئەمەریكا باسیان لە درووستبوونی "ناتۆی عەرەبی" كرد. رۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردبوو، ئەمەریكا و ئیسڕائیل هاوكاری وڵاتانی عەرەبی دەكەن بۆ ئەوەی بە سەرۆكایەتیی سعوودیە هێزێكی هاوشێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی زێدەڕۆییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران درووست بكەن. بەگوێرەی رۆژنامەكە، ئەمەریكا و ئیسڕائیل رەنگە راستەوخۆ هێزیان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا نەبێت، بەڵام لەڕووی هەواڵگرییەوە پاڵپشتییان دەكەن، مانگێك دوای ئەو هەواڵە دۆناڵد ترەمپ سەردانی ریازی كرد و لەگەڵ سعوودیە گرێبەستی فرۆشتنی چەك بە سعوودیە بە بەهای زیاتر لە 125 ملیار دۆلار واژوو كرد. رۆژی 21ی ئایار، ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا واژووكردنی ئەو گرێبەستەی وەك پەیامێك وەسف كرد بۆ تاران و رای گەیاند، ئەو گرێبەستە پەیامێكی ئاشكرایە بۆ دوژمنی هاوبەشی ئەمەریكا و سعوودیە، فرۆشتنی چەك بە سعوودیە واتای پاراستنی تەناهیی ناوچەكە لە بەرامبەر پەلامار و دەستوەردانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕاپۆرت
30-07-2020

ڕێگای ئاوریشم چییە؟

ڕێگای ئاوریشم One Belt one road   گه‌ر بناغه‌ی هه‌موو ده‌ستپێکردنێك، له‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی چڕ و سه‌ره‌تایه‌کی به‌ متمانه‌وه‌ ده‌ست پێبکات، سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، چینیش ئاوڕی له‌ ڕابوردووی پڕ له‌ شکۆی پێش زاینی دایه‌وه‌ و بڕوای به‌ توانای خۆی و متمانه‌ی به‌ بڕیاردانه‌که‌ی خۆی هه‌بوو. ئاوڕدانه‌وه‌ی چین له‌ ڕابوردووی دووری پێش زاینی، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بوو له‌ گه‌شه‌ و په‌ره‌سه‌ندن و په‌لهاویشتنی ئه‌و کاته‌ی چین له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌ ڕابوردووی نزیکیش، که‌ هه‌ژاری و برسێتی و شێواوی و ڕۆچوون به‌ره‌و ئابووریه‌کی ناهه‌موار و وێران و لاواز لەلایەکیترەوە، که‌ ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تێکی بێ پلان و په‌یامی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌ئاژوی، له‌ نێوان هه‌ردوو ئاوڕدانه‌وه‌که‌دا شۆڕشێکی ئابووری لەسەرخۆ و بەردەوام سەریهەڵدا، که‌ ڕوانگه‌ و بۆچوونی شاره‌زایانی له‌و خاڵه‌دا چه‌سپاند که‌ گه‌شه‌ی ئابووری، به په‌یڕه‌وکردنی‌ سیاسه‌تێکی‌ تۆکمه‌ و گشتگیری ڕه‌چاوکردنی سه‌رجه‌م بواره‌کانی دیکه‌ ده‌کرێ.   مێژووی ڕێڕەوی ڕێگای ئاوریشم دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ پێش زایینی، لە ساڵی ١٣٨ پ.ز قەیسەری چین له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی( بنه‌ماڵه‌ی- هان ) پێویستی بە پاڵپشتێك هەبوو بۆ پاراستنی ناوچەکانی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکوری ڕۆژئاوای چین لە هێرشی چەتە و دەوارنشێنەکانی سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی کاروانه‌کانی گوازتنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی پێدا تێده‌په‌ڕی، بۆیه‌ له‌ هاوپه‌یمانیه‌ك ده‌گه‌ڕا له‌ نێوان سنووری باکوری ڕۆژئاوای چین و بازاڕی ساغکردنه‌وه‌ی کاڵاکه‌ی بەرەو ئاسیای ناوه‌ڕاست، بەو هاوپه‌یمانیه‌ی قه‌یسه‌ری ئەوسای چین له‌گه‌ڵ پاشاکانی ئەو دەڤەرە، توانی به‌ درێژایی ڕێگای قافڵه‌کان و بۆ‌ پاراستنیان له‌ ڕێگری و چەتەگری، چه‌کداری تایبەت جێنشین بکات و سه‌لامه‌تی تێپه‌ڕبوونیان دابینکردن بکات.   کاروانه‌کانی ئه‌م قافڵانه‌ له‌ شاری تشانغانه‌وه‌ له‌ ناوه‌ندی چینه‌وه‌ ده‌ستی پێده‌کرد و‌ بیابانی جوبی و به‌رزاییه‌کانی تیبتی ده‌بڕی و پاشان به‌ره‌و ناوچه‌ی تاکلاماکانی و بە شارەکانی سەمەرقەند و بوخارادا تێدەپەڕی و به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا و که‌ناره‌کانی خواروی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوین ده‌ڕۆیشت تا ده‌گه‌یشته‌ که‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و له‌وێ له‌نگه‌ری ده‌گرت، کاڵای ئه‌م کاروانانه‌ بۆ ئه‌و کاته‌ چه‌نده‌ها جۆری له‌ به‌رهه‌م و کاری ده‌ستکرد و کاری ده‌ستی چینی ده‌گرته‌ خۆی وه‌کو ده‌فری گڵ و دارچینی و بۆن و گژوگیای سروشتی بۆ ده‌رمانسازی و جل و به‌رگ و که‌ره‌سته‌ی جوانکاری و زۆریتر، به‌ڵام له‌ هه‌مووی زیاتر ئاوریشم بوو. وڵاتی چین تا سەدەی پێنجەم مۆنۆپۆڵی بازرگانی ئاوریشمی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردبوو، لەو سەردەمەدا ئاوریشم وەکو دیارده‌یه‌کی ( باو ) سەرنجی زۆربەی ژنان و کچانی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئەو کاتەی ڕاکێشابوو، کڕیاره‌کانیشی زیاتر بریتی بوون لە بنەماڵە و خێزانی پاشا و حوکمڕانەکانی ئەو سەردەمە، فرۆشیاره‌کانیش ئاڵوگۆڕی ئاوریشمیان به‌ زێڕ و به‌ردی سه‌نگین و میتاڵ و شتومه‌کی جۆراوجۆر ده‌کرد.   پەرەسەندنی بازرگانی و هاتوچۆی قافڵەکان هەر بە گوازتنەوەی کەلوپەل نەوەستا بەڵکو بووە هۆی ئاڵوگۆڕ و تەشەنەکردنی کولتور و هونەر و دەرمان و ڕێنمایی پزیشکی و چارەسەر و ته‌نانه‌ت ته‌شه‌نه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینه‌کانیش ، بۆ نمونە ئاینی بووزی لە نیمچە دورگەی هیندستانەوە بەرەو چین و سەنتەری ئاسیا و ئاینی زەردەشتی لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە و لە سەدەی حەوتەمیشەوە‌، بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلامیش لە نیمچە دورگەی عەرەبیەوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکور .   گه‌شه‌ی ئابووری چین له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد، لە گەل هاتنە سەردەسەڵاتی دینگ شیاوپینگ لە ساڵی ١٩٧٨، بڕیاری بووژانەوە و هەڵسانەوەی بە شۆڕشی ئابووری دا، بڕیارێك بۆ ئەو کاتە جێگای مشتومڕ و بۆ ئێستاش جێگەی سەرسوڕمانە، بووە خاڵی وەرچەرخانی ئابووری و ئینجا سیاسی، شیاوپینگ کادرەکانی لەسەربنەمای شارەزایی تەکنیکی و زانستی و توانا خستە سەر کار، بەرنامەکانی زۆرتر بۆ گەشەی ئابووری و شۆڕشی زانست و ڕۆشنبیری تەرخان کرد، ئاشکراشە کە ئابووری بەهێز وەکو دینەمۆی ئاراستەکردنی سیاسەت و چەتری دەسەڵات وایە، نزیکەی چل ساڵ دوای ئەو بڕیارە، ئێستا ئابووری جیهان کەوتووەتە نێو لەپی چین و هیچ خێراییەك نیە ڕەوڕەوەی کاروانەکانی لەسەر ڕێگای ئاوریشمی ئەوسا و سەرلەنوێ قیرتاوکراوەکەی ئێستا ڕابگرێ، ئەوەی گۆڕاوە، تەنها گۆڕانی کاروانەکانی پێش زایینە بە تەکنەلۆژیا و ڕێگای مۆدێرن و بڕینی سنووری زۆربەی وڵاتانی دونیا و سەردانی بەرهەمەکانی بەرەو ماڵی جۆرەها نەتەوە و زمان و ئاین و بۆچوون و ڕوانگە و جێ لەقکردنی زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ڕیزبەندی یەکەمی پێشکەوتندا بوون.   ئێستا چین وڵاتێکە خاوەنی بەهێزترین چەك و سوپا، خاوەنی ڕێگاوبانی ئابووری جیهان، گەورەترین فابریکی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئاماده‌کراوی جۆراوجۆره‌، خاوه‌ن وزه‌ی ئه‌تۆمی و چه‌کی ئه‌تۆمی، خاوه‌ن جێگای هه‌میشه‌یی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، خاوه‌ن توانایه‌کی پشتبه‌ستوو به‌ ئابووری بۆ ڕه‌خساندنی په‌یوه‌نیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ و ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیه‌کانی، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌که‌ونه‌ سه‌ر ڕێگای ئاوریشم، خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی به‌هێزی بڕیار و توانای به‌رده‌وامی، سڵ نه‌کردنه‌وه‌ له‌ خستنه‌ئارا و خستنه‌کاری سه‌رمایه‌ بۆ پرۆژه‌کانی وه‌به‌رهه‌مهێنان، لێهاتوو له‌ قۆرخکردنێکی نادادپەروەرانەی که‌ره‌سته‌ی خاو و سامانی سروشتی وڵاته‌ نه‌بوژاوه‌کان به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌فریقا و هه‌ندێ له‌ وڵاته‌کانی ئه‌مریکای باشور، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانی وشکایی و ئاوی و دروستکردنی به‌نده‌ر و له‌نگه‌ر له‌ که‌ناری ئوقیانوس و ده‌ریاکان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان، چین راپه‌ڕینێکه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانست و ژماره‌ی زۆری دانیشتوان و بڕیاری سیاسی بێ ڕکابه‌ر و سنووربه‌زاندنی مافی مرۆڤ و سه‌رکوتکردن، ساڵانە ملیۆنەها هاوڵاتی سەفەری دەرەوە دەکەن و بە داهێنان و بیرۆکەوە دەگەڕێنەوە، هەزارەها گەنجی بە بڕوانامەی زانکۆوە لە دەرەوەی چینەوە دەگەڕێنەوە نێو وڵات و توانا زانستی و شارەزاییەکەیان لە بواری شیاوی خۆی خەرج دەکەن.   لە ساڵی ٢٠١٤ دا شی جینپینگ سەرۆکی ئێستای چین، ڕەشنووسی پرۆژەی ڕێگای ئاوریشمی سەرلەنوێ ئاشکرا و بڵاوکردەوە، کە بریتی بوو لە کردنەوەی ڕێگای ئاوریشم بە ڕێگای وشکایی و ڕێگای ئاوی، پرۆژه‌یه‌كی زیندوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چین که‌ ده‌توانێ هەرسێ کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا بەیەکتر دەبەستێتەوە.

بیروڕا
30-07-2020

هەرێمی كوردستان: پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە

بەپێی پێشبینیەكانی بەڕێوبەرایەتی كەشناسی هەرێمی كوردستان پاەكانی گەرما لە 48 كاتژمێریی داهاتوودا نزمدەبنەوە بەگوێرەیی پێشبینیەكانی كەشوو هەوا ، بەرزترین پلەی گەرما لە ھەولێر 45 و سلێمانی 43 و دھۆك 42 لە كەركووك 47 پلەی سیلیزی دەبێت. هەروەها ئاسمان ساماڵ دەبێت.

بیروڕا
30-07-2020

پاوە: كۆڵبەرێك بەتەقەی سوپای پاسداران كوژرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتی کۆڵبەرییدا لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی نەوسوود سەر بە شاری پاوە  نزیك شارەدێی تەوێڵە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران كوژرا. بەپێی زانیاریەكانی تۆڕیی میدیایی باڵكێش: ئەمڕۆ سوپایی پاسداران، تەقەیان لە كاروانێكی كۆڵبەریی كورد لە سنوریی  شارۆچكەی نەوسودی نزیك تەوێڵە كردووە و بەهۆیەوە كۆڵبەرێك گیانی لەدەستداوە باڵكێش زانیویەتی : كۆڵبەرەكە  ناوی وەزیر محەمەدی تەمەن ٢٩ ساڵە و خەڵکی گوندی حەشمیر سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هاوکات ئەو کۆڵبەرە خێزاندارە و باوکی منداڵێکە. ئەوە لەكاتێكدایە ئامارەكانی ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ باس لەوەدەكەن كە تەنها لەم ساڵدا لەو سنورە زیاتر لە 21 كۆڵبەر بەتەقەی سوپایی پاسداران گیانیان لەدەستداوە و چەندین كۆڵبەریی دیكەش بریندار كراون سەدان سەر ئاژەڵیش كوژراون

بیروڕا
30-07-2020

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ڕزگاریی: كێشەیی ئۆكسجین لە نەخۆشخنەكەمان دروست ب...

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە ھەولێر ڕایگەیاند: كێشەی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكەیان دروست بووەو لە ئێستاشدا  ژمارەی تووشبووان  بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بەرز بوەتەوە. د. لاوەند سەردار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری ھەولێر  لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: لە شەوی رابردووەوە چوار كەس لە نەخۆشخانەی رزگاری گیانیان لەدەستداوەدەشڵێت: كێشەی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكەیان چارەسەركراوە. وتیشی: بەهۆی ئەوەی  ئەمۆ دوو كاتژمێر درەنگتر ئۆكسجین گەیشتوەتە نەخۆشخانەكەیان بۆیە ئەو كێشەیە دروست بووە و لە ئێستاشدا توانیویانە كێشەكە             چارەسەر بكەن د. لاوەند سەردار وتیشی: "ئێستا 221 تووشبوو لە نەخۆشخانەی رزگاری خەوێندراون نزیكەی 200 كەسیان لەژێر ئۆكسجین دان و 9 كەسیش لەژێر چاودێری چڕدان".

هەواڵ
30-07-2020

لە گوڵاڵە داعش هێرش دەکاتە سەر سوپای عێراق

گرووپێک چەکداری داعش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سوپای عێراق لە سنووری ناحیەی گوڵاڵە و سەربازێکیان کوشت و ژمارەیەکیشیان بریندارکردن. میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، چەکدارانی داعش، بنکەی سوپای عێراقیان لە گوندەکانی ئیسڵاح و قایە لە ناحیەی گوڵاڵەی سەر بە قەزای خانەقین کردووەتە ئامانج و سەرەتا لەڕێگەی هێرشکردن بووە بۆ سەر خاڵێکی ئەمنی لە گوندی قایە، تێیدا سەربازێک کوژراوە و دواتر بۆمبێکی چێنراو بەو هێزە ئەمنییەدا تەقیوەتەوە و کە ویستوویانە بەهانای هێزە عێراقییەکانەوە بچن، لەئەنجامدا ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون. ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سێ هەفتەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەو ناوچەیە دەستپێکرد و رایانگەیاند، چەندین سەرباز و فەرماندەی داعشیان دەسگیرکردووە.

هەواڵ
30-07-2020

سەرۆک بارزانی داوای کۆبوونەوەی لایەنەکان دەکات

لە پەیامێکیدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەرۆک بارزانی دەڵێ" جەژنی پیرۆزی قوربانیش بە دەرفەت دەزانم كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەم كە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان لەگەڵ یەكتردا دابنیشن". سەرۆک  بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەوەیشمان هەردەم بەبیر بێت كە بەتەبایی و یەكڕیزی كێشەكان باشتر چارەسەر دەبن و لەسایەی پێكەوەیی و یەكڕیزیدا دەستكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان هاتوونەتە دی. بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستانیش هەر ئەوە لە لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێ دەكەن. بۆیە داوا دەكەم هەموو لایەنە سیاسییەكان لەئاست چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستاندا بن و لە هەمانكاتیشدا ڕەچاوی فەرهەنگی باڵا و دەوڵەمەندی كوردەواری بكەن و خۆیان لە گوتاری زبر و گرژ و ناشیاو لە بەرانبەر یەكتر بپارێزن". بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم و  هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە مایەی خۆشی و بەرەكەت و ئاشتی لە كوردستان و عێراق لە ناوچەكەمان. لەكاتێكدا پێشوازی لەو جەژنە پیرۆزە دەكەین كە گەلەكەمان لەگەڵ تەحەددیاتی گەورەی سیاسی و ئابووری و تەندروستی ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەو تەحەددیاتە سەرچاوەی زۆرێك لەو كێشە و گرفتانەن كە سەقامگیریی سیاسی و بار و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەكەنە ئامانج. لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیات و ئەو بارودۆخە سەختە ئەركی هەموو لایەكمانە كە بە ئاراستەی تەبایی و برایەتی و كاری هاوبەش و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان هەنگاو بنێین. وێڕای ئەوەی زۆر سوپاسگوزاری خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانم كە لە هەموو قۆناغەكان تەحەمولی سەختی و تەحەددیاتەكانیان كردووە، جەژنی پیرۆزی قوربانیش بە دەرفەت دەزانم كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەم كە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان لەگەڵ یەكتردا دابنیشن. ئەوەیشمان هەردەم بەبیر بێت كە بەتەبایی و یەكڕیزی كێشەكان باشتر چارەسەر دەبن و لەسایەی پێكەوەیی و یەكڕیزیدا دەستكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان هاتوونەتە دی. بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستانیش هەر ئەوە لە لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێ دەكەن. بۆیە داوا دەكەم هەموو لایەنە سیاسییەكان لەئاست چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستاندا بن و لە هەمانكاتیشدا ڕەچاوی فەرهەنگی باڵا و دەوڵەمەندی كوردەواری بكەن و خۆیان لە گوتاری زبر و گرژ و ناشیاو لە بەرانبەر یەكتر بپارێزن. لەم بۆنە پیرۆزەدا جێگەی خۆیەتی سوپاسی ماندووبوونی كارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و ڕاگەیاندنەكان بكەم كە لەو كاتەی پەتای كۆرۆنا ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵك و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و هۆشیاریی تەندروستی ئەرك و شەونخوونیی زۆریان كێشاوە. جەژنی هەموو لایەك پیرۆز بێت و هیوای بەختەوەری خۆشیتان بۆ دەخوازم. مسعود بارزانی 30ـی 7ـی 2020

هەواڵ
30-07-2020

سێ چەکداری داعش دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای ئەنبار سێ چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق توانی سێ چەکداری داعش لە سنووری پارێزگای ئەنبار دەستگیر بکات کە سەر بە ویلایەتی ئەنباری رێکخراوی داعش بوون لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە"ئەو سێ دەستگیرکراوە بەشدارییان لە چەندین شەڕ و کاری تووندوتیژیدا کردووە و بەپێێ ماددەی ¼ تیرۆر دراونەتە دادگا.

بیروڕا
30-07-2020

ترەمپ: هایدرۆکسی کلۆرۆکوین زۆر باشە بۆ كۆڕۆنا

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند: هایدرۆکسی کلۆرۆکوین زۆر باشە بۆ توشبوان و دوركەوتنەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەڵێت: باوەڕی بە دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین بۆ رێگری لە تووشبوون بە کۆرۆنا هەیە، کە لە بنەڕەتدا دەرمانەکە بۆ چارەسەری مەلاریا بەکاردەهێنرێت. ترەپم دەڵێت دەرمانەکەی بەکارهێناوە و سوودیشی لێی بینیوە. وتیشی: ئەو باوەڕی بە حەبەکە هەیە و چەندین کەسی دیکەش هاوڕان لەگەڵ ئەو کە هایدرۆکسی کلۆرۆکوین سوودی بۆ کەمکردنەوەی مردن و تووشبوون بە کۆرۆنا هەیە. دۆناڵد ترەمپ باس لەوەشدەكات "من تەنیا دەمەوێ ژیانی خەڵک رزگاربکەم، ئینجا لە رێگەی هایدرۆکسی بێت یا هەر شتێکی دیکە. تەنیا دەمەوێ ژیان رزگاربکەم. ئەگەر ژیانی خەڵک رزگاربکەی ئەوا زۆر باشە".

بیروڕا
30-07-2020

توركیا : تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڕێكدەخرێنەوە

پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی ئاکپارتی و مەهەپە یاسای رێکخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی لە وڵاتە پەسەندکرد بەپێی یاساکە هەر کۆمپانیاکەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک فەیسبوک و یوتیوب و تویتەر و ئەوانی دیکە دەبێت نوێنەرایەتیان هەبێت لە تورکیا و ئەگەر کارەکانیان وەک پێویست نەبێت سزا دەدرێن. بەشێك لە بەرپرسانی توركیا دەڵێن:  کاتێک لە بەرژەوەندی خۆتان بێت فەیس تایم بەکاربهێنن وەک لەکاتی کودەتاکە کردتان، بەڵام کاتێک دیس لایکتان بۆ هات تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دابخەن. لەو بارەیەوە بەرپرسانی هەدەپە دەڵێن:، بیانوی دەرکردنی یاساکە ئەوەیە رێگری لە وتەی ئابڕوبەرانە و تەشهیر بکەن، بەڵام مەبەستی دەسەڵات ئەوە نیە، بەڵکو یاساکەی بۆ ئەوەیە هاوشێوەی کەناڵە ڕاگەیاندنەکان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش کۆنتڕۆڵبکەن و ئازادی سنورداربکەن.

بیروڕا
30-07-2020

نرخی نەوت لەبازاڕەكانی هەرێمی كرودستاندا

ئەمڕۆ پێنج شەممە  (30ی تەموزی2020) نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت، لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 43 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی(تەکساس) بە 41 دۆلار 21 سەنت فرۆشراوە.

1 2 ... 1106 1107 1108 ... 1142 1143