Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
بیروڕا
11-07-2020

شێخ عەبدولقادری گەیلانی و چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی تەریقەتەكەی لە كوردستا...

گوتار- یاسین تەها ڕە‌نگه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ ئیسلامیانه‌ی کە هاوشێوەی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانین لە دنیای ئیسلامدا نەگەنە په‌نجه‌كانی یەک دەست، ئەم شێخە عارفە له‌ یه‌ك كاتدا رێبه‌ری یه‌كێک له‌ گه‌وره‌ترین ته‌ریقه‌ته‌كانی ته‌سه‌وف و ده‌روێشێتییە بەناوی ”قادریی“، له‌هه‌مان كاتیشدا جێگه‌ ستایشی سه‌له‌فییه‌ حه‌نبه‌لییه‌كانی ڕكابه‌ر و نه‌یاری ئه‌م رێچكه‌یه‌ و ئەوەندە بەسە کە ئیبن تەیمیەی حەڕانی (1263ز مردووە) ستایش و بەرگریی لێکردووە. به‌پێی زۆربه‌ی بۆچوونه‌ مێژووییه‌كان شێخی گه‌یلانی له‌ ئێران و دروست له‌ ده‌وروبه‌ری ڕۆخی ده‌ریای قه‌زوینه‌وه‌‌ دابه‌زیوه‌ته‌ به‌غدای پایتەختی عەباسییەکان كه‌چی ڕەچه‌ڵه‌كی ئەو گرێدراوە به‌ ئال و به‌یتی پێغەمبەر و جگه‌ له‌وه‌ی بووه‌ به‌ ”قوتبی به‌غدا“ مورید و شوێنكه‌وته‌كانی سنووری دەستکرد ناناسن و له‌ هیند و پاكستانه‌وه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی باكوری ئه‌فه‌ریقا په‌رش و بڵاون. ڕەچه‌ڵه‌كی شێخ عه‌بدولقادر وه‌ك هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كیتری ناوداری سه‌ده‌ ناوه‌نجییه‌كانی ئیسلام، بیروڕای جیا جیا و بگرە مشتومڕێکی زۆری مێژوویی له‌سه‌ر ڕە‌چه‌ڵه‌ك و نیشتمانی عه‌بدولقادری گه‌یلانی هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌میان لەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر یەکدەگرنەوە کە سەجەرەی ئەم عاریفە شەرعزانە بگێڕنه‌وه‌ بۆ سەر ئیمام عه‌لی کوڕی ئەبوتالیب له‌گه‌ڵ جیاوازییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌م "سه‌ید" بوونه‌ له‌ رێگه‌ی حه‌سه‌نه‌وه‌یه‌ یان حوسێن كه‌ كوڕانی فاتمه‌ی كچهی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامن. ڕە‌نگه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌م ناڕونییه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆهەڵنەکێشانی شێخی گه‌یلانی به‌ ڕە‌چه‌ڵه‌ك و باو باپیرانی و دیارخستنی لەبەرچاوی خەڵک، چونکە وەک لە ژیانەکەیەوە دەردەکەوێت ناوبراو بە پلەی یەکەم پشتی بە کار و کردەوەی کەسێتی خۆی بەستووە بۆ هەڵکشان بەرەو لوتکەی ناوداریی لەناو جەنجاڵیی شاری بەغدا کە ئەودەم جمەی دەهات لەخەڵکانی زانا و رێبوار و سەدەیەک بەر لەوەی گەیلانی ڕووی تێ بکات بەقسەی خەتیبی بەغدادی نزیک بە 45 هەزار مزگەوت و گۆڕەپانی نوێژی تێدا بووە و لەهەندێ کاتیشدا دانیشتوانەکەی لە ملێونێک کەس زیاتر بووە. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌جه‌ره‌ عه‌ره‌بییه‌ پێغه‌مبه‌رانه‌ی گه‌یلانیدا كه‌ پاسپۆرتێكی به‌هێزی په‌ڕینه‌وه‌یه‌ بۆ خۆشەویستبوون له‌ دنیای سۆفیگه‌ریدا، ناوی باپیری چواره‌می گه‌یلانی له‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری سه‌رچاوه‌كاندا به‌ ”جه‌نگی دۆست“ هاتووه‌. ئەم ناوە ئێرانییەی باپیرە گەورەی شێخی گەیلانی ئاڵۆزییه‌كی زۆری له‌ نه‌ته‌وه‌ی ناوبراودا دروست كردووه‌، چونكه ئه‌م ناوه‌‌ بۆ ئێرانییەکان و بۆ كوردیش ئاشنایه‌ و به‌ ‌مانای دۆستی جه‌نگ یان كه‌سی ئازاو چه‌له‌نگ دێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ تا ئێستا به‌ ته‌واوی یه‌كلا نه‌بۆته‌وه ئاخۆ شێخ عەبدولقادر‌ لە نەتەوەی گیلەکە یان عه‌ره‌ب؟ هه‌ندێكیش باسیان له‌ ئه‌گه‌ری كوردبوونی كردووه‌ به‌پێی جوگرافیای گەشەکردن و زۆری شوێنكه‌وته کوردەکانی ئەمە جگە لە ماناو ده‌لاله‌ته‌كانی ناوی ”جه‌نگی دۆست“‌، بەپێی ئەم بۆچوونە شێخ عەبدولقادر خەڵکی گەیلانی سەر بە کرماشانە( کە ئێستاش شارۆچکەیەک کە ناوی گەیلان لە پارێزگای کرماشان هەیە)، ئەمەش لەگەڵ ئەو سەرچاوە مێژووییانە دێتەوە کە باس لەوە دەکەن شێخ عەبدولقادر لەناوچەکانی بن دەستی ئیمارەتی حەسەنەوی کوردییەوە هاتووەتە بەغدا. به‌پێی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوی مێژویی شێخ عه‌بدولقادر له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1077 زاینیدا له‌ شارۆچكه‌ی "نیف"ی سه‌ر به‌ گه‌یلانی ڕۆخی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوین لەباکوری ئێران هاتوەته‌ دنیاوه‌، به‌ڵام له‌ناوەڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سەدەی ڕابردوو یه‌كێك له‌ نه‌وه‌كانی گه‌یلانی ”جه‌ماله‌دین فالح“ توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی به‌ چاودێری هه‌ندێك شاره‌زا بڵاو كردەوە به‌ناوی ”جغرافیە الباز اڵاشهب“ كه‌ خوێندنه‌وەیەکی جیاواز بۆ گێڕانەوە مێژوییەکان دەخاتەڕوو و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، شێخ عەبدولقادری باپیری لەدایکبووی گوندی "جیل" یان "گه‌یلان"ی زیك مه‌دائینی باشوری به‌غدایه، له‌ شه‌جه‌ره‌کەشی کە ئەم گەیلانی زادەیە خستوویەتەڕوو ناوی ”جه‌نگی دۆست“ نییه‌، بەم پێیەش باپیرانی گه‌یلانی به‌ر له‌ بوونی عه‌بدولقادر له‌ ناوچه‌كانی بن ده‌ستی ئیماره‌تی حه‌سنه‌وی كوردییه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ گه‌یلانی نزیك به‌غدا، ئەم خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە تازەیەش شێخ عەبدولقادر ده‌کاتە عێراقی و بەوەش گیڕانەوە ئێرانی بوونە باو و بەناوبانگەکەی باپیری ڕەتکردۆتەوە کە سەرجەمیان له‌ ژێر كاریگه‌ریی یه‌ك گێڕانه‌وه‌دا به‌ كۆمه‌ڵ له‌دایكبوونی شێخ عه‌بدولقادریان گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌یلانی ئێران و بەبێ وردبوونەوە چاویان لەیەکتر کردووە. مناڵی و پێگه‌شتنی شێخ عه‌بدولقادر زانیاریی له‌سه‌ر قۆناغی مناڵی شێخ عه‌بدولقادر تا تەمەنی 18 ساڵی زۆر زۆر كه‌مه‌، به‌ڵام به‌ پێی گێڕانه‌وه‌كان هەر به‌ مناڵی باوكی مردووه ‌و بە هەتیوی گەورە بووە، لە خێزانه‌كه‌ی خۆی‌ یه‌ك‌ برای هه‌بووه‌ به‌ ناوی عه‌بدوڵڵا کە زۆر گومناوە، بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌ ئاوه‌دانی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌فه‌ر بۆ ڕووگه‌ی دنیای ئیسلامی ئه‌وكات كه‌ شاری به‌غدایه کەوتۆتە مێشکی‌، له‌ هه‌موو ماڵی باوكیشی ته‌نها 80 دینار پاره‌یان هه‌بووه‌، دایكی كه‌ ناوی فاتمه‌یه‌ و شێخ زاده‌یه‌كی ناوچه‌ی گه‌یلانه‌ نیو به‌ نیو له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا به‌شی كردووه‌ لێیان، پاشان بەدەم گریان و زارییەوە عه‌بدولقادری له‌گه‌ڵ كارواندا به‌ڕێكردووه بەرەو عێراق،‌ چونكه‌ دڵنیا بووه‌ له‌وه‌ی‌ ڕۆشتنی به‌ ده‌ستی خۆیه‌تی به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ گه‌یلان له‌ مه‌حاڵه‌وه‌ نزیكتره، دواتریش دڵه‌خورتێكه‌ی دایكی به‌ڕاست گه‌ڕاوه ‌و ئەوە سەفەری یەکجاریی بووە و لەوە بەدوا به‌غدای کردووە بە نیشتمانی خۆی کە ئەوکات شاری غەزالی و ئەسفەراینی و پێشەوا ناودارەکانی شەرعزانی بووە. گه‌یلانییه‌كان ئه‌وكات زیاتر سوننه‌ مه‌زهه‌ب بوون و په‌یڕە‌ویشیان له‌ مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی ده‌كرد، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌ر له‌وه‌ی به‌ر شه‌پۆلی شیعه‌گه‌ریی بكه‌ون، ئه‌مش هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە چونكه‌ له‌ شه‌ڕی موعته‌زیله‌ و ئیمام ئه‌حمه‌ددا (780-855 ز) له‌ سه‌ر سیفاتی خودا و خه‌لقی قورئان، دووه‌میان پاش دوو ساڵ و نیو زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ به‌ سه‌ركه‌وتویی لە ململانێکەدا هاتە دەرەوە و لەکۆتایی ژیانی خۆیدا له‌سه‌ر ته‌ختی چواره‌م مه‌زهه‌بی ئیسلام [حه‌نبه‌لی] چوارمشقی دانیشت، به‌ هۆی پێداگریشییه‌وه‌ له‌سه‌ر بیروڕاكانی و پاشگه‌زنەبوونه‌وه‌ی له‌ژێر زه‌بری قامچی عەباسییەکان له‌ناو‌ دڵی خه‌ڵكدا خۆشه‌ویست بووه‌ و مه‌زهه‌به‌كه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بره‌وی سه‌ندووه‌. عه‌بدولقادری گه‌یلانی له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا و دروست له‌ ساڵی 1095 ز گەیشتوه‌ته‌ به‌غدا، پاش جێگە و رێگە خۆشکردن خێرا په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ خوێندنگای نیزامییه‌ كه‌ به‌ناوبانگترین فێرگه‌ی ئیسلامییه‌ له‌ سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌یدا سه‌فه‌ری كردووه‌ بۆ شام و حیجاز، ماوەیەکی زۆر لەناو کەلاوە و قشڵاخ و چۆڵەوانییەکانی دەوری بەغدا خەڵوەتی کردووە، له‌ رێگای حه‌جی یه‌كه‌میدا بوه‌ته‌ هاوه‌ڵی ناوداران و له‌ یه‌كێك له‌و سه‌فه‌رانه‌دا (1115 ز)هاوه‌ڵی شێخ عه‌دی كوڕی موسافیر بووه‌ كه‌ پایه‌ی سه‌ره‌كییه‌ له‌ ئاینی ئێزدی و مه‌زاره‌كه‌ی لەلالش ئێستا كه‌عبه‌ و زیاره‌تگای ئێزیدییه‌كانه، له‌ پاش ئه‌م گه‌شته عه‌بدولقادر ستایشی زۆری شێخ عه‌دی (ئادی) كردووه‌ و باسی له‌وه‌ كردووه‌ ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌رایه‌تی به‌ تێكۆشان به‌ده‌ست بهاتایه‌ ئه‌وه‌ شێخ عه‌دی به‌ده‌ستی ده‌هێنا، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی خواییه ‌و په‌یامی خودا له‌ محه‌مه‌ددا خه‌تم كراوه‌. دەرکەوتنی شێخ عەبدولقادر شێخ عه‌بدولقادر، ماوەی 33 ساڵی تەمەنی به‌ خوێندن و گه‌شت و گه‌ڕان و خه‌ڵوه‌ت گوزەراندووە، لەم سێ دەیەیەدا توێشووی كۆ كردۆته‌وه ‌و وانه‌ی وه‌رگرتووه‌ تا ڕادەی ئەوەی سەردەمێک پێیان وتووه‌ ”مه‌جنون“، کاتێکیش هەستی کردووە پێگەشتووە، له‌سه‌ر كورسی ئیرشاد دانیشتووه‌ و بووه‌ به‌ واعیز و مامۆستا و دواتریش وه‌ك ”قوتبی به‌غدا“ و ”بازی ئه‌شهه‌ب“ ناوی ده‌ركردووه‌. عه‌بدولقادری گه‌یلانی له‌ سه‌رده‌می پێنج خه‌لیفه‌ی عه‌باسیدا ژیاوه‌، به‌ چاوی خۆی ململانێكانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵپه‌ی خه‌ڵكی بۆ دنیا دیوه‌، ئه‌میش بانگی كردوون بۆ ئه‌خلاق و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌هاكان، به‌م جۆره‌ش سیفه‌ته‌ واعیز و سۆفیگه‌رییه‌كه‌ی زاڵ بووه‌ به‌سه‌ر شه‌رعزانی و فەرموودە ناسییەکەی و پاش ئه‌وه‌ی حه‌نبه‌لییه‌كی سه‌له‌فی مه‌شره‌ب بووه‌، بوه‌ته‌ شێخی ته‌ریقه‌ت و سلوك، له‌م بارگۆڕانه‌شدا له‌ هه‌ندێك شێوازی بیركرنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌كان لایداوه چونکە هەندێ لە مامۆستا سۆفییەکانی نەخوێندەواربوون (حەمادی دەباس)‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لادانه‌كه‌ گه‌وره ‌و له‌ بواره‌كانی عه‌قیده‌دا نییه‌ و زیاتر لە سلووك و هەندێ وردە شیکاردا لە عەقیدەی سەلەف لایداوە‌ سه‌له‌فییه‌كان ده‌ڵێن ” ئەوە به‌ ئاوی ده‌ریای چاكه‌كانی ده‌ڕوات“، به‌ تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی له‌ نوسینه‌كانیدا كه‌ ئێستا له‌ دوو توێی زیاتر له‌ 20 كتێبدا كۆ كراونه‌تەوە و چاپکراون‌ پابه‌ندیی تەواوی خۆی به‌ ته‌وحید و جێگیركردنی سیفاته‌وه‌ بۆ خودا ڕاگه‌یاندووه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌هلی كه‌لام و موعته‌زیله‌. لای حه‌نبه‌لییه‌كان عه‌بدولقادر نازناوی ”ئیمام“ی هه‌یه ‌و جارجاره‌ش پێی ده‌ڵێن ”شیخ الإسلام“، له‌ هه‌موو كتێبه‌كانی تەبەقاتی زانایانی ئه‌م مه‌زهه‌به‌شدا كه‌ زۆرینه‌ی نوسه‌ره‌كانی به‌ عه‌قیده‌ سه‌له‌فین، عه‌بدولقادری گه‌یلانی سه‌رده‌سته ‌و پێشەنگه‌ لای حه‌نبه‌لییه‌كان، له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ ئه‌ده‌بیاتی سۆفیدا ”غه‌وس“ و ”قوتب“ ـه‌‌ كه‌ تێكه‌ڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شیرك و زاده‌ی بیدعه‌ ئاینییه‌ حه‌رامه‌كانه‌ به‌ پێی میتۆدی خواناسیی سه‌له‌فییه‌كان، چونكه لەعەقیدەی سەلەفدا‌ ته‌نها و تەنها خوا فریاد ڕەس و كارهه‌ڵسورێنه‌ره ‌و جگه‌ له‌و كه‌سیتر قوتبی زه‌مانه‌ نییە‌، ڕەنگە هیچ كه‌سیش لە سەردەمی ئەو و پاش ئەویشدا هێنده‌ی شێخی گه‌یلانی كه‌رامات و خەواریقی نه‌درابێته‌ پاڵ به‌ جۆرێك تەنانەت سه‌رچاوه‌كانی تەسەوفیش له‌به‌ر زۆری و نامۆیی گێڕانه‌وه‌كان به‌ گومان و وریاییه‌وه ئه‌و چیرۆكانه‌یان ده‌ستاوده‌ست پێ كردووه‌. شێخی گه‌یلانی كه‌ له‌ 13 شوباتی 1166 ز كۆچی دواییكردووه‌و هه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه‌و له‌و كاته‌وه‌ ئارامگاكه‌ی ڕووگه‌ی زیاره‌تكه‌رانه‌ و ناوی "حه‌زره‌ی قادری"یه‌، نه‌وەكانی ئه‌م کەسایەتییە ناسراوە 14 كوڕ بوون له‌ نزیكه‌ی 50 كوڕ و كچ کە زۆربەیان بە نەخۆشی مردوون و بەرهەمی چوار دایکن، لە پاش مەرگی شێخی گەیلانیش نەوەکانی له‌ هینده‌وه‌ تا شام و تا باكوری ئه‌فریقا بڵاوه‌یان كردووه‌، ته‌ریقەته‌كه‌شی به‌هه‌مان شێوه‌ی نه‌وه‌كانی به‌ناوی ”قادری“ و ”گه‌یلانی“ ناسراوە و چەندین لقی وردیشی لێ بووەتەوە کە یەکێک لەوانە تەریقەتی کەسنەزانی قادری بەرزنجییە . تەریقەتی قادریی لە کوردستان یه‌كه‌م جوگرافیای سه‌رهه‌ڵدانی قادریی به‌غدا، پاشان خاكی عێراقه‌ و ئەم تەریقەتەش له‌سه‌ر تێكۆشان و جیهادی نه‌فس بنه‌ڕەته‌، به‌ڵام جیاواز له‌ هه‌ندێك له‌ رێبازه‌كانیتری عیرفان لای عه‌بدولقادر شه‌رعزانی و تێگەیشتن لە فیقهه له‌ پێش ته‌سه‌وفه‌وه‌یه‌، له‌ په‌نا جیهادی ئاشكرادا، جیهادی په‌نهانی هه‌یه‌ كه‌ هی نه‌فس و شه‌یتانه‌، شێخ عه‌بدولقادر ڕێسایه‌كی هه‌بووه‌ كه‌ خۆی دایڕشتبوو ”شه‌ریعه‌ت فێربه‌ ئه‌وجا په‌ناگیریی و خەڵوەت بكه‌“، له‌ په‌نا جیهادی نه‌فسیشدا هه‌ندێك چەمکیتری كردبووه‌ بنه‌ڕە‌ت بۆ تەریقەتەکەی كه‌ بریتین له‌: ته‌وه‌كول به‌ خودا، ڕە‌وشتی جوان، سوپاسگوزاریی، ئارامگرتن، ڕە‌زامه‌ندی و له‌ كۆتایشدا ڕاستگۆیی و درۆ نه‌كردن بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ کاریگەرییەکدا. ئه‌گه‌رچی تان و پۆی ته‌ریقه‌تی قادری له‌ به‌غدا سه‌ری هه‌ڵداوه‌، به‌ڵام گومانه‌كانی كوردبوونی شێخی گەیلانی و زۆریی شوێنكه‌وته‌كانی له‌ كوردستان بۆن و به‌رامه‌یه‌كی كوردانه‌ی به‌م ته‌ریقه‌ته‌ به‌خشیوه‌. به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژوییه‌كان هاتنی تەریقەتی قادریی بۆ کوردستان یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن ماڵباتی به‌رزنجه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر سه‌ید عیسا و سه‌ید موسای به‌رزنجی و له‌ بنه‌ڕە‌تدا وه‌چه‌ی ئیمام موسای كازمن کە یەکێکە لە ئیمامە مەعسومەکانی شیعە و نەوەکانی عەلی کوڕی ئەبو تالیب. سەید عیساو سەید موسا له‌ سەرده‌می هێرشی مه‌غۆله‌كاندا له‌ هه‌مه‌دانه‌وه هاتونه‌ته‌ شاره‌زوور، وەهاش بڵاوە کە ئه‌م دوو ئیمام زادەیە بره‌ویان به‌ رێبازی قادریی داوه‌ له‌ كوردستان كه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی له‌ بنه‌چه‌دا ئامۆزایانه، به‌ قسه‌ی محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گیش بێت ئه‌و دوانه‌ له‌ 1455 ز هاتوونه‌ته‌ كوردستان. جگه‌ له‌م بۆچوونه‌ش هه‌ندێ له‌ نوسه‌ران له‌وانه‌ش شێخی خاڵ و سه‌فیزاده‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌ شێخ سمایلی ولیانی كه‌ له‌ وه‌چه‌كانی شێخانی به‌رزنجه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجار قادریی له‌ به‌غداوه‌ هێناوه‌ته‌ كوردستان، ئەگەر گریمان ئەمەش ڕاست بێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە بەرزنجییەکان پردی یەکەمی پەڕینەوەی قادرین بۆ کوردستان. هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رزنجییه‌كانیشدا ماڵباتی تاڵه‌بانیش له‌ پێشه‌نگانی گواستنه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی قادرین بۆ ناو کوردەکانی دەوری کەرکوک، لەناو گێڕانەوە مێژوییەکاندا وەها بڵاوە كه‌ مه‌لا مه‌حمودی تاڵه‌بانی له‌ رێگه‌ی ده‌روێشێكی کاروانچیی هیندییه‌وه‌ به‌م رێبازه‌ ئاشنا بووه ‌و پاشان له‌ به‌غداوه‌ گواستویانه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له ئاواییەکانی تاڵەبان و كه‌ركوك، به‌م پێیه‌ش كورده‌كان له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا به‌ رێبازی قادریی ئاشنا بوون تا ئه‌وكاته‌ی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووری لەگەڵ ئەم رێبازەدا کەوتۆتە کێبەرکێ و لەگەڵیدا بڵاو بووەتەوە.

بیروڕا
11-07-2020

ئیسرائیل پەخشی کەناڵێکی کریستیانی لە وڵاتەکەی راگرت

دەستەی چاودێریی میدیای ئیسرائیل مۆڵەتی پەخشی لە کەناڵێکی ئایینی وەرگرتەوە، ئەوەش بەو بیانووەی هەوڵدەدات جووەکان بکاتە کریستیان. لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا کەناڵی "گۆد تیڤی" واتە "تەلەڤزیۆنی خودا" لەسەر سیستمی "هۆت"ی ئیسرائیل دەستی بە پەخشکردنی پڕۆگرامەکانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆگرامەکانی بۆ کریستیانەکان پێویستن. بەڵام هەر زوو کەناڵەکە نیگەرانی جیدی لای هەندێک لە جووەکانی وڵات دروستکرد و دەیڤید ئەمسالم، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەو کاتەی ئیسرائیل رایگەیاند، کەناڵەکە ئامانجێکی ئایینیی تایبەتی هەیە و دەیەوێت جووەکان بکاتە کریستیان.

بیروڕا
11-07-2020

تووشبوویەكی دیكەی كۆرۆنا لە سەیدسادق گیانی لەدەستدا

كەسێكی دیكەی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قەزای سەیدسادق گیانی لەدەستدا و ژمارەی ئەو كەسانەی بە كۆرۆنا لەو قەزایە گیانیان لەدەستداوە بوو بە 13 كەس. قایمقامیەتی قه‌زای سەیدسادق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "كەسێكی دیكە به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەیدسادق گیانی لەدەستدا، که‌ پیاوێکی تەمەن 50 ساڵه‌ و دانیشتووی قه‌زای سەیدسادقە، پاش ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک داخڵ بوون و خه‌واندنی له‌ نه‌خۆشخانه‌ شەوی رابردوو گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ 13یەمین حاڵه‌تی گیان له‌ ده‌ستدانه‌ لە سەیدسادق".

بیروڕا
11-07-2020

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە: پێدەچێت پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی داهاتوو بکەوێت...

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر دۆخی تەندروستی بەرەو باشتر بڕوات ئەوا دەستپێکی پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی داهاتوو دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئەیلول، ئەگەر دۆخەکەش بە خراپی مایەوە ئەوا پێویستیان بە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەبێت بۆ بڕیاردان.  دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە میدیاكانی راگەیاند: سەرەتای مانگی ئەیلول تاقیکردنەوەی وەزری دوەمی (12)ـی ئامادەیی بەڕێودەچێت، لەبەر ئەوە دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی داهاتو پێدەچێت بکەوێتە کۆتایی مانگی ئەیلول ئەگەر کۆرۆنا کۆنتڕۆڵکرا، ئەگەر نا پێویستمان بە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی شێوازی دەوامکردن و بڕیاردان.  لەبارەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی (12)ی ئامادەیی بەڕێوەبەری پەروەردە رایگەیاندووە، هەموو ئامادەکاریەکیان کردووە بۆ باش بەڕێوەچونی پرۆسەکە، هەماهەنگییان لەگەڵ سەرجەم فەرماندە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوە هاوکاربن، وتیشی: کە کارەبای بەردەوام بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا و موەلیدە ئەهلییەکان بۆ خوێندکاران دابینکراوە و تیمەکانی تەندروستی لە هەندێک هۆڵی تاقیکردنەوە دەگەڕێن بۆ دڵنیابونەوە لە سەلامەتی خوێندکاران لە روی تەندروستی جەستەیی و دەرونییەوە.

بیروڕا
11-07-2020

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل خۆی کەرەنتین دەکات

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ئەکاونتی توویتەری خۆی رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی گومانی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، خۆی کەرەنتین کردووە. بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی گومانی بەرکەوتنی لەگەڵ نەخۆشێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دوای راوێژ لەگەڵ بەرپرسانی پزیشکی، خۆی کەرەنتین دەکات و پشکنینی کۆرۆنا دەکات.

بیروڕا
11-07-2020

نرخی نەوتی برێنت 2% بەرزبووەوە

نرخی نەوتی برێنت لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی هەینی بە رێژەی 2% بەرزبووەوە، نرخی هەر بەرمیلێک بە 43 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تەکساسیش بە 40 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.  دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەوتیی وزە پێشبینییەکانی خۆی لەسەر خواست بۆ نەوتی خاو بەرزکردەوە بۆ سەرووی 92 ملیۆن بەرمیل، نرخی نەوت رۆژی هەینی بەرزبووەوە. پێشبینییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەوتیی وزە خواستی لەسەر نەوت 400 هەزار بەرمیل زیادکردووە. هەرچەندە نرخی نەوتی برێنت لەدوای داڕمانی، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هێندەی پێش ئەو ماوەیە، بەڵام زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا مەترسی هەیە ببێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت. شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆناش رێگەی نەدا نرخی نەوت زیاتر بەرزبێتەوە، بەوپێیەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا بۆ سەرووی 63 هەزار کەس لە 24 کاژێردا بەرزبووەوە.

بیروڕا
11-07-2020

پوتن و ئەردۆغان و رۆحانی لەسەر پلانێك بۆ سووریا رێكەوتن

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ەردۆغان، سەرۆكی توركیا و حەسەن رۆحانی، هاوتا ئێرانییەكەیان لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵە هاوبەشەكانیان بۆ چارەسەركردنی پرسی سووریا رێكەوتن. دوای لووتكە سێ قۆڵیەكەی سەرۆكی ئەو سێ وڵاتە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەبارەی پرسی سووریا دەركرد و تێیدا جەختیان لەسەر بەهێزكردنی هەماهەنگی نێوانیان لە چوارچێوەی رێكەوتنەكانی ئەستانا كردەوە. لە بەیاننامەكەدا جەخت لەسەر پابەندبوونی ئەو سێ وڵاتە بە پارێزگاریكردن لە یەكپارچەیی خاكی سووریا كرایەوە و هەموو ئەو هەوڵانەشیان رەت كردەوە، كە بە پاساوی شەڕی دژ بە تیرۆر بۆ دروستكردنی واقعێكی نوێ لە ناو خاكی سووریا دەدرێن، بەتایبەت راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆ "الحكم الذاتی". هەرسێ سەرۆكەكان ئامادەیی خۆشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پلانەكانی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە سووریا نیشاندا و ئەو هەوڵانەشیان وەك هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی سووریا لەقەڵەمدا. لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هەریەك لە پوتن و ئەردۆغان و رۆحانی دانپێدانانی ئەمەریكایان بە جۆلان وەك خاكی ئیسرائیل ئیدانە كرد و هۆشدارییان دا، "ئەو هەنگاوەی مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەكە درووست دەكات".

بیروڕا
11-07-2020

فەرەنسا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و دەڵێت: هەر هەنگاوێكی تەل ئەڤیڤ بۆ دەست بەسەردا گرتنی خاكی فەلەستین بێ سزا تێناپەڕێت. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، جان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتی كردەوە، "ئێستا لەگەڵ هاوبەشە سەرەكییەكانمان سەرقاڵی تاوتوێ كردنی جووڵە و وەڵامێكی گونجاوین بۆ ئیسرائیل، كە ئەگەر بێتو خاكی فەلەستین بخاتە سەر سنووری وڵاتەكەی، ئێمەش دەستەوەستان نابین". لۆدریان گوتیشی: "ئەو خاكەی فەلەستین كە ئیسرائیل باسی لێوە دەكات رووبەرەكەی هەرچەند بێت، دەكرێت ببێتە هۆی درووستكردنی گومان لە هەڵەكانی چارەسەركردنی گرژی نێوان هەردوو لا".

بیروڕا
11-07-2020

گۆگل كاره‌كانی له‌ چین راگرت

كۆمپانیای گۆگڵ رایگەیاند:"له‌ رۆژی 9ی ته‌مموزه‌وه‌ پرۆژه‌ی روماڵكردنی كاره‌كانی له‌ ناوچه‌ی دابڕاو كۆتایی پێدێت". كۆمپانیاكە دەشڵێت:"هیچ پێگه‌ و قورساییه‌كی كاره‌كانیان نامێنێت له‌ وناوچه‌یه‌ كه‌ وڵاتی چین و چه‌ند شوێنێكه‌". له‌ دره‌نگانی ئه‌مڕۆدا ئاژانسی بلۆمبێرگ نیوز بڵاویكردەه‌وه‌ كە گۆگل كاره‌كانی له‌ چین و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ راگرتووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌زیادبوونی ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییه‌ی به‌هۆی جیۆسیاسی و په‌تای كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه‌ هاتۆته‌ دنیاوه‌. دەشلێت"به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی باڵای پرۆژه‌كه‌ پێیانوانییه‌ به‌هۆی ئه‌و دوو هۆكاره‌وه‌ به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و پلاتفۆرمی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ كه‌ به‌كه‌ڵكی چین نایه‌ت".

بیروڕا
11-07-2020

وتەبێژی حكومەتی ئێران: لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

هەواڵدەربارەی بڕیاری لێپرسینەوە لە حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران، عەلی رەبیعی، وتەبێژی حكومەتی ئێران داوا دەكات، پەرلەمان لە جێگەی لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار، چاره‌نووسی ئەو 68 پڕۆژە یاسایانە یەكلایی بكاتەوە، كە لە پەرلەمان پشتگوێ خراون.گوتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند "چارەسەر كردنی كێشەكان و دەرچوون لەم قەیرانەی ئێستای وڵات تێیكەوتووە، پێوسیتی بە ھاوكاری ھەموو لایەنەكان ھەیە". گوتەبێژی حكومەتی ئێران گوتیشی "بڕیاری لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار بڕیارێكی كتوپڕ بووە و رێگەچارە نییە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان، بەڵكو دۆخی وڵات ئاڵۆزتر دەكات".

بیروڕا
11-07-2020

سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دادەنێت

هەواڵئەمڕۆ شەممە 2020/7/11 کاتژمێر 14:30 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، لە شاری سلێمانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی دادەنرێت.شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكان 146 كیلۆمەترە و پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. حكومەتی ھەرێمی كوردستان 400 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە. لە قۆناغی یەکەم 32  کیلۆمەتر تەواو دەکرێت و دواتر دەست بە قۆناغەکانی دیکەش دەکرێت.

بیروڕا
09-07-2020

وەزیری پلاندانان: تادێت هەژاریی لە عێراق زیاتر دەبێت

هەواڵخالید بەتال نەجم وەزیری پلاندانانی عێراق لە راگەیەكراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ئەو  بەدواداچونەی بەهاوكاری بانكی نێودەوڵەتی و رێكخرای یونسێف و تیمێكی ئۆكسفۆرد و راوێژكارانی سندوقی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ دانیشتوان لەسەر كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر رێژەی هەژاری كردویانە دەركەوتوە رێژەی هەژاری لەعیراقدا زۆر بەرزبوەتەوە. ئەوەشی راگەیاندوە:بەپێی بەدواداچونەكە دەركەوتوە 11 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی عیراقی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، لەكاتێكدا لەپێش سەرهەڵدانی كرۆنا ژمارەكە نزیكەی 10 ملیۆن كەس بووە، هەروەها رێژی هەژاری ئەو كەسانەشی كە تەمەنیان لەخوار 18 ساڵانەوەیە دوای هاتنی كۆرۆنا گەیشتوەتە 38%.