لیژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، بڕیاری راگرتنی 147 بەرپرسی پێشوو و ئێستای یانەکانی بۆ ماوەی 45 رۆژ دەرکرد بەهۆی پێشێلکردنی بنەماکانی گرەوکردن لەسەر یارییەکان، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لەبارەی گرەوکردن و قومار، لەسەر یارییەکانی خولە نێوخۆییەکانی وڵاتەکە.
لیژنەی رێککاری، سزاکانی سەپاند، پاشئەوەی بە 448 دۆسێی بەرپرسانی تۆپی پێی وڵاتەکەدا چووەوە، کە تۆمەتبارکرابوون بەوەی لە ماوەی کارکردنیان لە یانەکان، لە بابەتی قومار و گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان، تێوەگلاون.
لیژنەکە پاش لێکۆڵینەوە یەکلاییکردەوە، 147 کەس لە کۆی 448 کەس بنەماکانی گرەوکردنیان پێشێلکردووە، هەربۆیە ئەو کەسانە بە راگرتن بۆ ماوەی 45 رۆژ لە کارکردن راگیراون و بەپێی سزاکەش، هەموو کارێکی نێو سیستمی تۆپی پێیان، لەماوەی راگرتنەکەدا لێ قەدەخە دەکرێت.
لیستی کەسایەتییە سزادراوەکان، ئەرتۆگل دۆگانی سەرۆکی یانەی تڕابزۆن سپۆری رکابەر لە خولی سوپەرلیگی تورکیای تێدایە.
میدیاکان دەڵێن، لیژنەکە لێکۆڵینەوەی لە 301 کەسی دیکە کردووە، بەڵام لەبەرنەبوونی بەڵگەی پێویست، نەیتوانیوە رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتە بەر.
پێشتر و لە مانگی نۆی رابردوودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاندبوو کە 448 بەرپرسی پێشوو و ئێستای یانەکانی بە راگرتن لەکارکردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ سزاداوە، بەرپرسەکان لە یانەکانی خولی پلە یەک و دووی تورکیا، کاریانکردووە.
ئەوکات فیدراسیۆنەکە رایگەیاند کە سزادراوەکان، لەکاتی کارکردنیان لە یانەکان، گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە و ئەوەش کارێکە، یاسا رێگای پێنادات.
سزا نوێیەکان، بەشێکە لەو هەڵمەتە دەورەیەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بۆ خاوێنکردنەوەی یارییەکە و پێشخستنی خاوێنی ئەنجامی دەدات، ئەوەش پاش زنجیرەیەک لە کێشە و دۆسێی گەندەڵی و گومانکردن لە ئەنجامی یارییەکان و بەڕێوەبردنی یانەکان.
یاساکانی فیفا و یوفا، سزای زۆر تووند و رێوشوێنی تووندیان داناوە، بۆ رێگریکردن لە بەشداریکردنی هەر کەسێک کە لە بواری تۆپی پێدا کاردەکات، بە بەشداریکردن لە قومار و گرەو لەسەر ئەنجامی یارییەکانی تۆپی پێ بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەوەش بۆ پاراستنی تۆپی پێ لە دەستکاریکردنی یارییەکان و دەستەبەرکردنی یەکسانیی هەل بۆ هەمووان.