لە ئیندۆنیزیا، کەشتییەکی گەشتیاری لە ئاوەکانی ئەو وڵاتە و لە دەریای جاوە بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە نقووم بووە و 140 سەرنشین بێسەروشوێنن..
ئیندۆنیزیا: کەشتییەکە دوێنێ شەممە بە 243 سەرنیشینەوە لە شاری سورابایا لە جاوەی رۆژهەڵاتەوە بەرەو بانجارماسین لە کالیمانتانی باشوور بەڕێکەوتبوو.
لەم بارەیەوە سەرۆکی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن دەڵێت، هەموو توانای خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان و تیمێکیان رەوانەی دوایین شوێنی دیاریکراوی کەشتییەکە کردووە.
تا ئێستا 103 سەرنشین توانراوە رزگار بکرێن. هەروەها گوتەبێژی تیمەکانی فریاگوزاری لە بانجارماسین ئەوەی خستەڕوو کە یەکێک لە سەرنشینە رزگارکراوەکان بەهۆی سەختیی دۆخ و برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە و 140 کەسیش بێسەروشوێنن.
ئەم وڵاتە لە 17 هەزار دوورگە پێکهاتووە، هاووڵاتییان بۆ گواستنەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان پشت بە کەشتییەکان دەبەستن لەبەرئەوەی رێگە دەریاییەکان تێچوویەکی کەمتریان هەیە و زیاتر بەردەستن، لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی سەرەکی لەو وڵاتەدا، جێبەجێنەکردنی پێوەرەکانی سەلامەتییە، کە ئەمەش وەک هۆکارێکی سەرەکی دەبینرێت بۆ بەرزیی رێژەی رووداوە دەریاییەکان بەراورد بە وڵاتانی دیکە.