جیهان

ڕووسیا ئامادەیی دەبڕیوە یۆرانیۆمەکەی ئێران بباتە وڵاتەکەی

19-04-2026
ڕووسیا ئامادەیی دەبڕیوە یۆرانیۆمەکەی ئێران بباتە وڵاتەکەی
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ڕووسیا ئامادەیی خۆی بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە نیشان دەدات و گواستنەوەکە لەڕێگەی یەکێک لە دیارترین کۆمپانیاکانی بواری ئەتۆمیی ئەو وڵاتەوە دەبێت.

ئەلێکسی لیخاچێڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ڕۆساتۆمی ڕووسی ڕایگەیاند: گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە، پرسێکی سەرەکی و یەکجار هەستیارە لە دانوستانەکاندا، جەختی کردەوە کە جگە لە ئاڵۆزییە تەکنیکییەکان، متمانە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە لە هەر رێککەوتنێکدا و لەم بوارەدا، تەنیا رووسیا خاوەنی ئەزموونێکی ئەرێنییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی ئێرانی.

باسی لەوەش کردووە کە ڕووسیا لە ساڵی 2015دا و لەسەر داوای لایەنی ئێرانی، یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گواستووەتەوە بۆ دەرەوە و دەشڵێت: ئیشتاش ئامادەین هاوکاریی پرۆسەکە بکەین و ئەو ئەرکە بگرینە ئەستۆ.

ساڵی 2015 لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)ڕووسیا ڕۆڵی سەرەکی گێڕا لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشدا. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا، ئێران 11 تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوی ڕادەستی ڕووسیا کرد و لە بەرانبەردا بڕی پێویست لە “یۆرانیۆمی سرووشتی” (Yellowcake) وەرگرتەوە. ئەم ئاڵوگۆڕە بووە هۆی کەمکردنەوەی پاشەکەوتی ئەتۆمی ئێران بۆ ئەو ئاستەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەکرد.

رۆساتۆم کۆمپانیایەکی ڕووسییە و ساڵی 2007 دامەزراوە، میراتگری وەزارەتی وزەی ئەتۆمیی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووە و بارەگای سەرەکی لە مۆسکۆی. کۆمپانیاکە زنجیرەیەک پیشەسازیی بەڕێوەدەبات، لەوانە بەرهەمهینانی کارەبا، دروستکردنی وێستگە، سووتەمەنەنیی ناوکی، بواری سەربازی، زانستی و پزیشکی.