جیهان

ئەمریکا کارمەندانی لە بنکەی ئاسمانیی عودەیدە لە قەتەر دەگوازێتەوە

14-01-2026
ئەمریکا کارمەندانی لە بنکەی ئاسمانیی عودەیدە لە قەتەر دەگوازێتەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەمریکا داوای لە بەشێک لە کارمەندانی بنکەی ئاسمانیی عودەیدە لە قەتەر کردووە تا ئێوارە بنکەکە چۆڵ بکەن.

ئەم هەنگاوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە وڵاتەکەی دەستێوەردان دەکات بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران، ئەگەر بێتو تاران بەردەوام بێت لە کوشتنی خۆپیشاندەران.

سێ دیپلۆماتکار بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا ڕێنمایی داوە بە بەشێک لە کارمەندانی بنکەی ئاسمانی "عودەیدە" لە قەتەر، کە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2026 بنکەکە چۆڵ بکەن. 

ئەم جووڵەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە بەرپرسێکی باڵای ئێران پێشتر بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، تاران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ناوچەکە کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات، ئەوا ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج. 

یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان بە ڕۆیتەرزی گوتووە: ئەمە تەنها "گۆڕانکارییە  نەک چۆڵکردنی فەرمیی بنکەکە و تاوەکوو ئێستا هیچ هۆکارێکی دیاریکراو بۆ ئەم بڕیارە ڕانەگەیێنراوە.


ئەمەش بزانە: بنکەی عودەیدە لە قەتەر بە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و نزیکەی 10 هەزار سەربازی تێدا جێگیر کراوە. ئەم بنکەیە ناوەندی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.