جیهان

شەرەکە گەرەتر دەبێت و ئیسرائیل پەناگەی نوێ بۆ هاووڵاتییانی دروست دەکا

11-03-2024
شەرەکە گەرەتر دەبێت و ئیسرائیل پەناگەی نوێ بۆ هاووڵاتییانی دروست دەکا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەمڕۆ دووشەممە میدیایەكی عەرەبی بڵاوی كردەوە كە دەوڵەتی ئیسرائیل چاوەڕوانی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەیە بەرانبەر حزبوڵای لوبنانی، بەم هۆیەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ شەڕەكە، پەناگەی نوێ بۆ هاووڵاتییانی دروست دەکا.

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەرەی ناوخۆی سوپای ئیسرائیل، خەریكی جێبەجێكردنی پلانێكی بەپەلەیە بۆ دامەزراندن و دروستكردنی پەناگەی نوێ، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە ناوچەكانی هاوسنوور لەگەڵ لوبنان خۆیان تێدا حەشار بدەن.

ماڵپەڕەكە نووسیویەتی ئەم هەنگاوەی سوپای ئیسرائیل وەك ئامادەكارییەك دێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و بەرفرەوانی بوونی بەرەی شەڕ لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی.

پەناگەكان بۆ ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییانە دروست دەكرێن كە لە شوقە كۆنەكانی ناوچەكەدا نیشتەجێن و لەژێر زەمینی شوقەكانیاندا حەشارگەی پێویستی لێ نییە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە كە حەشارگەكان ماوەی یەك خولەك لە هەر ماڵێكی سنووری حەیفای گەورە دوورن و هاووڵاتییان پێویستە یەك خولەك دوای گوێبیستبوونی زەنگی ئاگەداركردنەوە، خۆیان بگەیەننە پەناگەكان.