جیهان

میسر سەری لە چالاکوانانی کەشوهەوا شێواندووە

05-10-2022
میسر سەری لە چالاکوانانی کەشوهەوا شێواندووە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی، چالاکوانانی کەشوهەوا "سەریان لێ شێواوە" لەوەی کە کۆمپانیای کۆکا کۆلا کە کۆمپانیایەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی پلاستیکەیە، وەک سپۆنسەرێک بۆ دانوستانەکانی COP27 لە میسر تۆمارکراوە.

چالاکوانان بە بی بی سییان راگەیاندووە، کە بڕیاری میسر بۆ بوونی کۆکا کۆلا وەک سپۆنسەرێک، دانوستانەکانی کۆنفرانسی کەشوهەوا تێکدەدات، کە مەبەستی کۆنفرانسەکە چارەسەرکردنی مەترسییەکانی کەشوهەوای جیهانە کە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، چونکە "کۆکا کۆلا یەکێکە لە گەورەترین بەشداربووانی جیهان لە پیسبوونی کەشوهەوا".

دانوستانەکانی کەشوهەوای ئەمساڵ لە لایەن میسرەوە لە شاری شەرم شێخی کەنار دەریا میوانداری دەکرێت و بڕیارە لە 6 تا 18ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

بەپێی هەواڵەکەی بی بی سی، میسر هەفتەی ڕابردوو گرێبەستی سپۆنسەرییەکەی کۆکا کۆلای واژوو کردووە.

مایکل گۆڵتزمان، جێگری سەرۆکی کۆکا کۆلا بۆ سیاسەتی گشتی و بەردەوامیی لە واژووکردنەکەدا وتی: "لە ڕێگەی هاوبەشیکردن لەم کۆنفرانسەدا، کۆمپانیاکە ئامانجی پشتگیریکردنی بە کۆمەڵی هەیە دژی گۆڕانی کەشوهەوا".

هەرچی چالاکوانانن کۆمپانیاکە بە "سەوزشۆردن" تۆمەتبار دەکەن و زیاتر لە 5 هەزار کەس واژوویان لەسەر داواکارییەک کردووە و داوای پێچەوانەکردنەوەی بڕیاری سپۆنسەرییەکەی کۆکا کۆلا دەکەن.

ساڵی 2019 کۆمپانیاکە دانی بەوەدانا کە ساڵانە سێ ملیۆن تۆن پاکەت و بەستەری پلاستیکی بەکاردەهێنێت و ساڵی ڕابردووش لە ریزبەندی یەکەمین کۆمپانیاکان بوو لە پیسکردنی زەوی.