کوردستان

مەسرور بارزانی ئەرکی گەڕاندنەوەی تەرمی چوار کۆچبەری ڕۆئاوا لە ئەستۆ دەگرێت

30-03-2021
مەسرور بارزانی ئەرکی گەڕاندنەوەی تەرمی چوار کۆچبەری ڕۆئاوا لە ئەستۆ دەگرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەمڕۆ سێشەممە 30-03-2021 نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی رووداوێکی هاتووچۆ لە کرواتیا کە تێیدا چوار کۆچبەری رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا و 24ـی دیکەش بریندار بوون بڵاوکردەوە، لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵە و کەسوکاریان [کەسوکاری ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە] و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان، لەسەر راسپاردە و ئەرکی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەرمی ئەو چوار پەنابەرە دەگەڕێنرێتەوە".

رووداوەکە لە 22-03-2021 روویدا، لەو کاتەدا رووداو پەیوەندی بەو نەخۆشخانەیەوە کرد کە بریندارانی رووداوەکەی تێدا چارەسەر دەکرێن. سەنتەری پەیوەندیییەکانی نەخۆشخانەی نۆڤا گرادیسکا لە شاری سلاڤۆنسکی برود بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوار کۆچبەر لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و دۆخی تەندروستیی بریندارێکیش سەختە." میدیای کرواتیا بڵاویکردووەتەوە "شەش لە بریندارەکان لە دۆخێکی تەندروستی خراپدان."

دەقی راگەیەنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 بە داخەوە لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە وڵاتی کرواتیا  ، چوار پەنابەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان ، گیانیان لە دەستدا و چەند پەنابەرێکی دیکەش برینداربوون . وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵە و کەسوکاریان و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان ، لە سەر ڕاسپاردە و ئەرکی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، تەرمی ئەو چوار پەنابەرە دەگەڕێنڕێتەوە هەرێمی کوردستان و دواتر دەنێردرێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێن.