بارزان عەلی حەمە

دوایین بڵاوکراوەکان

3 بابەت
بیروڕا
08-02-2025

ئامانجی مامۆستایانی نارازیی چیە لە هەولێر؟

ئەوان ئامانجیان ئەوە نییە کە بێن لە هەولێر خۆپیشاندان بکەن، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە ئیخبار و هەڵای سەیتەرەکەیە، چونکە دڵنیان ڕێگەیان پێ نادرێت بێنە هەولێر. بەڵام وەک هەمیشە پێویستیان بەوەیە بڵێن: ئەها لای پارتی ئازادیی نییە و ڕێگە نادات؟! ئەها ئێمە لە سلێمانی چەند ئازاد و یۆنان و سویسراین؟! جا سەیربکەن مایک و پەیج و کەناڵ و کامێرا لەگەڵ خۆیان زۆرتر دێنن تاوەکو خۆپیشاندەر!   خۆی ئەم ئارەزووەیان کە جێی نان و ئاو و ئەمنیەت و خزمەتگوزاریشی بۆ گرتوونەتەوە، لەبەرامبەر هەر ناڕەزاییەکی خەڵک دژ بە خۆیان، یەکسەر بەم تێزە دەمکوتیان دەکەن! چیتان لە یەکێتی دەوێت؟ ئەوە نییە ئازادن؟ ئەوە نییە ڕۆشنبیرن؟! یانی کابرا نان نییە بیخوات، شەقامی نییە بەسەریدا بڕوات، ماوەی دە ساڵە لەو شارەدا یەکێتی جگە لە بۆیاخکردنەوەی محەجەرەکانی سەهۆڵەکە و تەعمیرکردنەوەی باخی گشتی، هیچی تری بۆ نەکردوون، کەچی بەوە دڵی خۆشکراوە کە ئازاد و ڕۆشنبیرە و مرۆڤایەتی لە دەرەوەی بازنە خەیاڵییەکەی ئەوان، هەمووی وەحشی و هۆڤانی و کەلەپچەن!   لەو دیوی دێگەڵەوە هەتا کەلار، بە ئاو و خاک و مەرز و گومرک و باج و زەریبە و زەوییەوە، بێ موناقەشە و بیلا مونازەعە، هەمووی هی یەکێتییە، تەنیا کێشە و موصیبەتەکانی زۆنەکە نەبێت کە پێی وتراوە خەتای پارتییە و ئەویش باوەڕی کردووە!   یانی بە باشی تەڵقینیان داون: ئەگەر جادەکەتان باشە، ئەوە خۆمان چاکمان کردووە، بەس ئەگەر خراپە، خەتای پارتییە! کە معاش بێت، ئەوە یەکێتی چووە لە بەغداد چاکی کردووە، بەس ئەگەر نەیەت خەتای پارتییە! کارەبا باش بێت، یەکێتی زیادی کردووە، بەس ببڕێت خەتای پارتییە! جا بە شارەزایانە ئەمەیان لە کەللەی جەماوەری بن دەستی خۆیاندا چەسپاندووە! چونکە تێگەیشتوون باشتر لەوەی کە بەنداوێک بۆ خەڵکەکەیان دروست بکەن، ئەوەیە کە پارتییان لا ناشرین و ترسناک بکەن!   بۆیە هەمیشە پێویستیان بە گەشەپێدانی ئەو تەفسیرەیە کە بەردەوام بۆ پارتییان کردووە! هاتنیشیان گوایە بۆ هەولێر، دەقیقەن هاتنە تا سەیتەرەکە، جا سبەی هەموویان فۆکەس ئەخەنە سەر میکزەمینییەکە و ..بیکەیسییەکی بەسەرەوەیە و لولەی کڵاشینکۆفی ئاسایشێک زووم ئەکەن و موبایلەکانیان دەردێنن و لایڤ دەکەنەوە، ئەها نایەڵن… ئەها… ئەها نایەڵن! خەڵکینە ئەها چەند دیکتاتۆرن؟ ئەها چۆن لە میللەت ئەترسن… ئیتر بەرە و سولی ئەگەڕێنەوە و خوا پێم نەگرێ لە کانی وەتمانیش لا ئەدەن و پارشێوێکی چاکی بۆ دەکەن…

بیروڕا
14-01-2025

مەسولە کاسبەکانی یەکێتی، خۆیان ئۆتۆمبێلی مەلیکەی قاچاخیان هێنا و هەر خ...

لەبەر ئەوەی تەواوی کێشەکانی کوردستان کراون بە کێشەیەکی پارتییانە، بۆیە کە مووچە دوادەکەوێت خەتای کەسی تری پێوە نابینرێ و هەر دەبێتە خەتای مەسروور بارزانی!   تۆبزانە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هیچ خراپەیەکی ئەم حکومەتە لەسەر یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ساغ بووەتەوە؟! چونکە هەر بە پەیج و تەلەفزیۆن، توانیویانە بیسەلمێنن خەتای مامی گچکە و هیچ کەس و حیزبێکی تر نییە، بەس کوردستان٢٤ نەیتوانیوە بەرائەتی مەسرور بارزانی نەک بەرامبەر بە جەماوەری یەکێتی، بەڵکو بەرامبەر بە بەغدایش بسەلمێنێت!   تەنانەت مەسولە کاسبەکانی یەکێتی، کە خۆیان ئۆتۆمبێلی مەلیکەی قاچاخیان هێنا و خۆیان ساغیان کردەوە و هەر خۆشیان قەدەغەیان کرد و دیسان هەر خۆشیان بەرەڵای سەرجادەیان کردنەوە، توانیان وا لەخەڵک بکەن زۆر سوپاسیان بکەن و تێریش جنێو بە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بدەن کە گوایە ئەوە ئەوە زوڵم لە هەژاران دەکات!   خۆیان ڕێیان لێ گرتن و پێشیان دەوتن: کێشەکەتان لە هەولێرە. کاتێکیش بۆیان بەرەڵاکردن، بە خەڵکیان وت: خەمتان نەبێ، وەرنەوە سەر جادە و حیساب بۆ حکومەتی بارزانی ناکەین! یانی لە کۆی مەسەلەی مەلیکەدا، مەسرور بارزانی وجودی نەبوو، بەس لە خەتاکەیدا ئەو بەرپرس بوو! ئەها ئەوان چۆن دەزانن وا بکەن خەڵک سوپاسیشیان بکات و تێر لە پێش مەڵبەندیش بە پەڕۆی سەوزەوە بۆیان هەڵپەڕێت؟!   ئاڤاش باسی موهیمەتی فڕۆکەی بەیرەقداری تورکی دەکات و یانزە هەزار کۆمێنتی بۆ نووسرابوو، هەموویان جنێویان بە خۆیان و خاوەنی ئاڤاش دەدا و بە جاشی تورکیایان دادەنان! من تێناگەم سوودی باسکردنی بەیرەقدار بۆ مەسروور بارزانی چییە؟!   کاتێک دوکانی کەمالیاتەکانی سەر شەقامی شەست مەتریی هەولێریش ئاگری گرت، هەموو میدیا و پەیجەکان گواستیانەوە، تەنیا کوردستان٢٤ نەبێت، ئەو بەمە لە نەستی خەڵکدا ئەوەی چاند کە ئەگەر بە قودرەتی قادر دوکانەکەیشت گڕ بگرێت، ڕەنگە هەر خەتای مەسروور بارزانی بێت، ئێ حەتمەن ئەوانیش نابێت خەتای ئەو باس بکەن. لە ئاگرەکەی لەنگەشدا، هەر بە وەهمی دیفاع لە حکومەت، تەنیا هەر باسی ئەوەیان دەکرد کە حەریقەکان زوو گەیشتوون! نەیاندەتوانی پرسی گرنگتر بوروژێنن، نەکا لەکونێکەوە خەتایەکی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەرکەوێت!   دەی بۆیە کێشەکان ئەگەر هی مەسرور بارزانیش نەبێت، خەتاکەی هەر دەبێت بە هی ئەو! جا یەکێتی ئاقڵانە توانیویەتی بیسەلمێنێت لەو دیوی دێگەڵەوە، هەموو شت بە خاک و ئاو و خەڵک و پارە و گومرک و حدودەوە هی ئەوە، تەنیا خەتا و هەڵە و کەموکورتییەکانی نەبێت کە هی مەسروورە!   ئێوەش بە لەشکرێکی بێ فکر و بێ حیکمەتەوە، هەر گۆرانیی عەرەبی بە باڵادا بڵێن: بم بم…یا شیخ زلم یا رفعة الناس…  

بیروڕا
28-10-2024

بۆچی لایەنە نارازییەکان هیچ قسەیەک بە کۆمسیۆنی عێراق ناڵێن؟

شتێک کە جێی تێبینییە لام، هەموو ئەوانەی کە لە ئەنجامەکان ناڕازین، هیچیان جنێو و یان سوکایەتی بە کۆمسیۆنەکەی بەغداد ناکەن، ئەزانن قسە وتن یان گومان خستنە سەر بەغداد و کۆمسیۆنەکەی، کە بەردەوام خۆیان بانگەشەی «پاکیزەیی»یەکەیان دەکرد، ڕەنگە حیزب و دامەزراوەکانیان بۆ هەمیشە ڕووبەڕووی دادگا و قەدەغەکردن بکاتەوە!   ئەوە ئەگەر کۆمسیۆنی هەرێم بووایە، ئێستا ئاسمان و ڕێسمانیان بەسەریدا وێران کردبوو. هەزاران جنێویان پێ ئەدا و دەچوون بە گژیدا.   ئەمە دەرخەری سایکۆلۆژیای شێواوی مرۆڤی کوردە بەرامبەر بەخۆی. ئەوەی کە بەخۆیی دەکات، قەت جەسارەت ناکات بە بێگانەی بکات. سەیری مێژوو بکەن، ئەو شەڕانەی کورد لەگەڵ خۆی کردوونی، زۆر زیاترن لەو شەڕانەی کە لەگەڵ دوژمن کردوونی!   مرۆڤی کورد زۆر بە تووندی و دڕندەیی و دڵڕەقی شەڕی هاوزمانی خۆی دەکات، بەڵام بۆ بێگانە هەم ترسنۆکترە، هەم بە ڕەحمتر!   جا لەم سۆنگەیەوە، لە ناڕەزاییەکەی هەڵبژاردنیش بڕوانن، ناڕازییەکان ناوێرن بە دەزگایەکدا هەڵشاخێن کە پێیان وایە دەوڵەت و قانوونێکی تر پاراستوویەتی، مەسەلەن ئەحزابی موعارەزەی ناو هەرێم، لە بەغدادیش هەر موعارەزەن و بەشداریی حکومەتیان نەکردووە، بەڵام کامیان ئەوەی دژ بە هەرێم و دامودەزگا حکومی و خۆماڵییەکە دەیکات، دژ بە حکومەتی حەشد بیکات؟   هەر ئەوەی کە تا ئێستا هیچیان جورئەت ناکەن دژ بە کۆمسیۆنی بەغداد قسە بکەن، ڕێک لەوە دەترسن ڕووبەڕووی قانوون بکرێنەوە. ئێستا لە دڵەوە خۆزگە دەخوازن کۆمسیۆنی هەرێم بیکردایە، بۆ ئەوەی هەم لە محکەمەی فیدراڵی شکاتی هەڵوەشانەوەیان بکردایە و هەمیش تێر جنێویان پێ بدایە!