تا عێراق كۆتایی نەیەت، فاشیستیی دەسەڵاتەكانی كۆتایی نایەتهەرێمی کوردستان کە لەسەر بنەمای (سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی) بەشدارە لە دەسەڵاتی عێراقدا و بەپێی دەستووری کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ، کەچی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ئەم هەرێمی فیدراڵییە نانێرێت و لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکەکەی بەردەوامە، هۆکاری ئەمەش، بیری فاشییانەی عەرەبە کە ڕۆ چووەتە مێشکیان و ئەستەمیشە بتوانن بیر و مێشکیان لەو زەلکاوە پاک بکەنەوە. ئێوە سەیر کەن، عەرەب لە عێراق کە ئێستا هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، لەنێو خۆیاندا کێشەی سیاسی و مەزهەبی و ناوچەییان هەیە، هەر لەناو خودی نەزهەبەكانیاندا چەندین ڕەوت و لایەنی دژ بەیەک هەن، سەرەڕای کێشەکانی نێو ماڵی خۆیان وەک عەرەبی شیعەی دەسەڵات، دژی عەرەبە سوننەكانیشن و مەترسیی گەورەشن بۆ سەر گیان و ماڵیان، بەڵام هەموو ئەمانە وەک عەرەب، سەرەڕای ناکۆکییە قووڵەکانی نێوانیان لەبەرامبەر بە مافەڕەواکانی خەڵکی کوردستان، بیرە فاشییەكانیان زاڵ دەبێت و دژی داخوازی و شایستەکانی کوردستان یەک دەگرن. بیری فاشیی عەرەبی عێراق، لە ئاست داواکاریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی کوردستان بیرێكی نەگۆڕە، سەرەڕای جیاوازیی مەزهەبی و سیاسییان، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرێزی دەسەڵاتدارانی عێراق پاك دەكەنەوە و هەرێمی كوردستان خەتابار دەكەن، جڕوجانەوەری فاشیی عەرەبی عێراقیش کەوتوونەتە وێزەمان و برسیمان دەکات و درز دەخاتە نێوانیانەوە. ئێمەی کورد هەست بەو هەموو مەترسی و دابڕینانە ناکەین، کەچی عەرەبی عێراق سەرەڕای هەموو ناکۆکی و بەرژەوەندییە سیاسی و مەزهەبییەکانیان، لە ئاست دژایەتیی دەسکەوتەکانی کورد یەک دەگرن و بیری فاشییان زیندوو دەکەنەوە، بۆیە پێویستە یەک شت بزانین، ئەویش ئەوەیە كە بیری فاشییانە لای دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراق ئەوەندە زاڵە لە زەلکاودا نقوومی كردوون و ئەستەمە لێی دەرچن،كۆتایی نایەت تا عێراق كۆتایی نەیەت، هەر بەو لۆژیکەش بیر دەکەنەوە و چاکبوونیان ئەستەمە، بۆیە دەبێ لایەنە سیاسییەکانی کورد هەموو کێشەکانی خۆیان بەلاوە بنێن، تا زاڵ بن بەسەر بیری فاشیی عەرەب و ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستان پێیدا دەگوزەرێ تێیپەڕێنن، تاکوو شکۆی گەلی کوردستان پارێزراو بێت.
ئەوەتا دەبینین فاشییەکانی عێراقی عرووبە! ماوە ماوە عەرەبی هاوردەی کەرکووک لە زەوییەکانی كورد مۆڵ دەدەن، كە ناوچەی كێشەلەسەرن، جا ئەو عەرەبە هاوردانەش، بە بیری فاشییانە و پشتیوانیی هێزی چەكداری عێراقیەوە، دەیانەوێت خاک و ماڵ و کەرامەتی کورد داگیر بکەن. لەبەرامبەردا خەڵكی كوردی خاوەن زەوی و ماڵ، جگە لە کوردبوون و پێداگری چەکی تر شک نابەن، تاوەكوو بە گژ هەموو ئەو هەڕەشە و داگیركارییانەدا بچنەوە، بۆیە جوتیار و خەڵكی كوردی خاوەن ماف و زەوی، ئامادەن مەرگ هەڵبژێرن، نەک ئەوەی خاک و زەوی ئاواییەكانیان بۆ داگیرکەر جێبهێڵن. ئەم دەستدرێژی و داگیركارییە لەکاتێکدایە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی حزبی بەعسی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی زەوی و موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكان داوە، بۆیە خاوەن زەوییەکانی گوندی شەناغە، بڕیاریان دا دەست بە كێڵانی زەوییەكانیان بكەن، بەڵام هێزێكی سەربازیی سوپای عێراق بە هەمەڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە سەریان و نەیانهێشت زەوییەكانیان بكێڵن. ئاشکرایە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، شوڤێنستان زۆر بێشەرمانە لە هەوڵی بەدیهێنانی خەونە گڵاوەکەی بەعسدان و درێژە بە پرۆسەی تەعریب دەدەن لەسەر خاك و زەوی و موڵك و گوندە و ئاواییەكانی كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان. سوپا و حەشد و هێزی چەكدار لە ناوچەكە، پشتیوانیی عەرەبە هاوردەکان دەکەن و هەڕەشەی گرتن لە کورد دەکەن، پارێزگاری کەرکووکیش بێ هەڵوێست تەماشایان دەكات، بێدەنگیی پارێزگار لە ئاست ئەو دەستدرێژییانە، كە پەرلەمانی عێراق بڕیاری گەڕانەوەی موڵك و زەویی بۆ خاوەنەكانیان دەركردووە، پشتیوانیكردنە لە شۆڤێنیستان و داگیركاریی موڵك و ماڵی كورد، بێدەنگیی پارێزگاری كەركووك لە ئاست ئەم تاوان و داگیركارییە بێلایەنی نییە، بەڵكوو هاوکاری و پشتیوانیی پرۆسەی داگیركاری و نانەوەی پشێوییە، هەرگیز بێدەنگیی پارێزگاری كەركووك لەم ئان و ساتەدا بێلایەنی نییە، چونكە ئەمە ماف خواردنە و پەرلەمانی عێراق یاسای بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دەركردووە، پارێزگار دەبێ بەدەنگەوە بێ و بڕیاری بوێرانە دەربكا و رێگر بێ لە جێبەجێكردنی هەر تاوان و داگیركارییەك دەرهەق خەڵكی ناوچەكە بكرێ، بەپێچەوانەوە بێدەنگی و بێهەڵوێستیی پارێزگار، راستەوخۆ پشتیوانییە لە عەرەبی هاوردە و شۆڤێنییەكان و ئەو داگیركارییەی بە زەبری هێز بەرامبەر خەڵكی ڕەسەن و خاوەنی ماڵی ناوچەكەیدا دەكەن. بەڵام ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق کردوویانە و دەیکەن، دەبێ بزانن، ئەو هەوڵەشیان تەنیا خەیاڵپڵاوییە و هیچی دی، ئەو خەونە گڵاوەیان هەرگیز بۆ نایەتە دی و خاوەن ماڵ هەرگیز واز لە ماڵ و موڵكی خۆی ناهێنێ بۆ داگیركار.