عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک

دوایین بڵاوکراوەکان

3 بابەت
بیروڕا
09-07-2025

پارتی وەفادار بوو لەگەڵ هەرکیەکان و گەورەیی نواند

هەرکیەکان ئازان، کوردن، زۆرینەیان پارتین و شەهید و قوربانی زۆریان داوە بۆ کوردستان و پارتی. پارتی ئازایانەتر گەورەیی خۆی نواند و نەیهێشت هێزە ئەمنیەکانی زیانێکی ئەوتۆ بە هەرکیەکان بگەیەنن و نەکەوتە ژێر کاریگەری هەندێ میدیای نابەرپرس و سیاسەتی فاشلی پشت ئەو میدیایانە کە چەندین جار ئێمەیان توشی پێکدادان و کوشتن و بڕین کردووە لە سنوری خۆمان.ئەوەی ئەمێنێتەوە لەو ڕووداوە لایەنە یاساییەکەیەتی کە نابێت فەرامۆش بکرێت، دەبێ یاسا سەروەر بێت بەبێ جیاوازی و دەبێت برایان و دۆستانیشمان لە هۆزی هەرکی بە سینگ فراوانیەوە ملکەچی یاسا بن.  

بیروڕا
06-07-2025

کارە ڕاستەکە ئەوەیە کە کاک مەسرور بارزانی دەیکات لە پرسی ڕێککەوتنی هەر...

ڕاستە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی دایە و دوو مانگە مووچە وەرنەگیراوە، ئەوەش ڕاستە کە شەفافیەت و دادپەروەری تەواو لە داهاتی ناوخۆیی نیە و بەرپرسان و کۆمپانیا حیزبیەکان بەتایبەت ئەوانەی پارتی و یەکێتی گەندەڵی و قۆرخکاری دەکەن، بەڵام ڕێگای زۆر و جۆراوجۆری ناوخۆییمان هەیە بۆ سزادان و ڕێگری لەو گەندەڵی و چاوچنۆکیەی ناوخۆ و ناکرێت ئەو کێشە ناوخۆیانە تێک بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم بکرێت.ئێمە لە ئێستادا لە دانوسانداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دانوسانیش پێویستی بە پشوو درێژی و خۆ ڕاگریە بۆ پچڕینەوەی پشکی زیاتر و زیاتر لە بەرامبەر، وەکو ئەوەی کە کاک مەسرور بارزانی پێ داگرە لەسەر ماف و بەشی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، نەک وەکو ئەو کەس و لایەنانەی کە بە تەواوی ورەیان بەرداوە یان دەیانەوێت خۆیان شیرن بکەن لای بەغدا و ئەڵێن با بە زوویی بە هەموو داواکاریەکانی بەغدا ڕازی بین، نەرمی نواندنی وەها لە هیچ ڕێککەوتن و دانوسانێکدا نەبووە و خەریکە هەندێک لەو کەس و لایەنانە دەبنە جێگای گومان کە قازانیجی گەلەکەیان دەوێت یان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە لەگەڵ بەغدا یان بۆ مل شکاندنی یەکتر وادەکەن.   ئەم گرفتانە هەر چارەسەر دەبێت، بەڵام نابێت بە لاسەنگی و تەسلیم بوونی لایەک بێت.   عەبدوللای کوێخا موبارەک

بیروڕا
17-03-2024

پارتی بەدیلی نییە

ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە چەند ڕوویەکەوە بە قازانجی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشکێتەوە، براوەی کورسی پەرلەمانی و ڕای گشتی خەڵکی کوردستان و لێکدانەوەی ھەڵەی ئێران و لایەنە شیعە عێراقیەکان دەبێت.یەکەم. پێدەچێت ئەمجارەش پارتی لە ٤٠ کورسی بە سەرەوە بە دەست بھێنێت، لەکاتێکدا حزب و لیست و کەسایەتیە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک پەرتەوازە بوونە کە ڕەنگە حزبی دووەم لەسەر ئاستی ھەرێم نزیکەی ٢٠ کورسی پەرلەمانی بە دەست بھێنێت.دووەم. ئیتر قسەیەک لە ناوخۆی ھەرێم نامێنێت دژی پارتی کە جاران تۆمەتبار دەکرا بەوەی مەلەفی نەوتی لایە و شەفاف نیە، کۆمیسۆنی ھەڵبژاردن لە ژێر دەسەڵاتی پارتیە و تەزویر دەکات، یازدە کورسی کۆتاکان بۆ پارتیە، یەک بازنەیی ھەڵبژاردن لە سودی پارتیە و دەنگی دھۆک فەرز دەکات بەسەر سلێمانیدا و چەندین قسە و قسەڵۆکیتر کە بووبووە ماعیشیەت و بانگەشەی لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان بۆ فریودانی خەڵک و گەرم کردنی بازاڕی سیاسییان.سێیەم، ڕکابەرەکانی پارتی زۆرێک لە لایەنە شیعی و میلیشیاکانی عێراق و بگرە ئێرانیشیان فریودابوو بەوەی کە پارتی تەنھا بەناو گەورە ماوە، جەماوەر و ھێز و توانای ئەوتۆی نەماوە و ئەگەر ئەوان ھاوکار بن ئەتوانن پارتی بچوک بکەنەوە.بە کوردی و بە کورتی لە دوای ئەم ھەڵبژاردنە سەنگ و قورسایی پارتی بۆ یار و نەیار دەردەکەوێت و بۆچوونی خەڵک و دۆست و دوژن بەرامبەر پارتی دەگۆڕێت، ئەمریکا و ھاوپەیمانانیش گرنگی زیاتر بە پارتی دەدەن لەبەرئەوەی بیانویەک نامێنێت بۆ گومانکردن لە گەورەیی و بەھێزی و یەک بڕیاری پارتی.   ئەگەر کەسانێک ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوەیان پێڕاست نیە لێیان دەپرسین چی بەرەیەک بە بەدیلی پارتی دەزانن؟یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە پێناو ڕازیکردنی ئێرانیەکان و میلیشیاکانی عێراق و نەیارانی کورد پشتی کردووەتە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان، دەستی لە قەوارە و حکومڕانی کوردی بەرداوە، سیاسەتێکی دوو ڕووانە پەیڕەو دەکات لە نێوان خەڵکی ناڕازی و حکومڕانی کردنیدا؟   یان ئەو بەرەی ناڕازی و ئۆپۆزیسۆنەی پارچە پارچە بووە و ھەر کۆمەڵێک دژی ئەوی ترە و بە ئاوازێکی جیا دەخوێنێت؟ تەنھا دەپرسین ئەگەر کەسێک ویستی ناڕازی بێت لەگەڵ کێ و کام بەرەدا بێت؟ بزوتنەوەی گۆڕان؟ نەوەی نوێ؟ یەکگرتووی ئیسلامی؟ کۆمەڵی دادگەری؟ ھاوپەیمانی نیشتمانی؟ بەرەی گەل؟ بەرەی نیشتمانی؟.   باشە ئەم بەڕێزانە نەک ناتوانن یەک بن و ھاوپەیمانی بکەن لەگەڵ یەکتر، بگرە زۆر دژی یەکتریشن، ئیتر چۆن دەتوانن ببن بە بەدیل و حکومڕانی بکەن؟ چۆن خەڵک ئومێدی پێیانبێت و لەگەڵ کام بەرەیاندا بێت؟   تێبینیئەمە تەنھا خستنە ڕووی ڕاستی و واقیعی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستانە بۆ بەرچاو ڕوونی ھاوڵاتیان، ئەگینا مەبەستمان شکاندن و کەمکردنەوەی بەھای ھیچ کەس و لایەن و بەرەیەک نیە، لامان گرنگە دەسەڵاتێکی سەرتاسەری و ئۆپۆزیسۆنێکی ڕاستەقینەی عەقڵانی لە پێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بێتەکایەوە لە ھەرێمی کوردستاندا.