عارف قوربانی

دوایین بڵاوکراوەکان

2 بابەت
بیروڕا
28-07-2025

ئەوەى بە کوردى دەکەن، بە داعشیان نەکردووە

بەمەبەست زۆرجار لە نوسینەکانمدا ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە ئەم جیلە سیاسییەى ئێستاى حوکمڕانى عێراق، بۆ جۆرى مامەڵەکردن لەگەڵ پرسى کورد، بەراورد بەو چەند جیللە سیاسییەى سەت ساڵى رابردوو، زۆر ستراتیژییانەتر ئیدارەى کێشەى کورد دەدەن. بێئەوەى خۆیان وەک دوژمن ناساندبێت، یاخود راستەوخۆ چووبنە سەنگەرى دژایەتى کوردستانەوە، لەپەناى دۆستایەتى و بەزمانى برایەتى و پێکەوەژیانى دۆستانە، هەرچى ناشێت بە کوردیان کردووە. هۆکارەکەشى بە دەربڕینێکى سادە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رژێمە حوکمڕانەکانى رابردوو سەرنجیان لەسەر بەهێزکردنى پێگەکانى داگیرکردنى خاک بوو پاشان خەڵکەکەى، بەڵام ئەمان کار لەسەر داگیرکردنى مێشک دەکەن و دواتر خاک. ئەم دوو جۆرە لە ستراتیژى داگیرکاریى دەکرێت بە مۆدێلى سونە و مۆدێلى شیعى ناوى بەرین. دەسەڵاتدارانى سونە لە عێراق و تورکیاش ستراتیژى داگیرکەرانەیان لەسەر خاک بوو. ئەم جۆرە لە داگیرکاریى سەرەڕاى ئەوەى کاردانەوەى کوتوپڕ (رەد فیعل) دروست دەکات، ناشتوانێت تاسەر بەردەوام بێت، چونکە هیچ خاکێک بەداگیرکراوى نامێنێتەوە ئەگەر مێشکى خەڵکەکەى داگیر نەکرابێت. بەڵام دەسەڵاتى شیعى لە ئێران و سوریاى (بنەماڵەى ئەسەد) سەرنجى پێشوەختەیان لەسەر داگیرکردنى مێشک بوو، چونکە باوەڕیان وایە کە مێشکت داگیرکرد، خۆى خاکەکەت دەداتێ.    ئەوەى لە قۆناخەکانى رابردوو دەوڵەتى عێراق بە ئاگر و ئاسن و جینۆساید و چەکى کیمیایى نەیتوانى ئینتیماى کوردبوون بکوژێت و تاکى کورد لە بەردەم ئیرادەى خۆسەپێنى دەوڵەتى نەتەوەى سەردەست بە چۆکدا بهێنێت، ئەم حوکمڕانانەى عێراقی نوێ لەو رووەوە هەنگاوى زۆر گەورەیان ناوە. مێشکى زۆر کوردیان داگیرکردووە، بە ئەندازەیەک ئەم داگیرکارییە رۆچووەتە نێو دڵ و دەروونى بەشێک لە تاکى کوردەوە کە نەک هیچ ئینتیما و شانازییەکى بۆ کوردبوونى خۆى نەماوە، بەڵکو نەفرەت لە کوردبوونى خۆى دەکات. هەر یەک لە ئێوە کە ئێستا ئەم وتارە دەخوێننەوە لە هاوڕێکانى نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى خۆتانەوە تاوەکو سەر شاشەى تیڤیەکان، رۆژانە دەیان و سەتان کۆمێنتى لەم جۆرە کەسانە دەخوێننەوە کە گاڵتەیان بە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى کورد دێت، هەر ئەوەندەش نا بەڵکو سووکایەتى بەوانەش دەکەن کە دەربەستى میللەتەکەیانن. ماوەیەکە تێبینى دیاردەیەکى دیکەم کردووە، باوەڕم وایە ئەوەش بە پلانە و ئەجندایەکى سیاسى لە پشتەوە بەوردیى کارى لەسەر دەکات. ئەویش ئەوەیە کە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرژەوەندییە باڵاکانى کورد، پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان یەکسان دەکەن بە بەرژەوەندى حیزبەکانى دەسەڵات و دەیبەستنەوە بە بابەتى گەندەڵى و نادادپەروەرى حوکمڕانیی کوردییەوە. بەو مانایەى ئەگەر کەسێک بەرگرى لە سەروەربوونى میللەتەکەى و بەها و پیرۆزییەکانى نیشتمانەکەى بکات، یەکسانى دەکەن بەوەى بەرگرى لە گەندەڵى و نادادپەروەرى دەکات. هەست دەکەم ئەمەش بۆ دوو ئامانجە، یەکەمیان بۆ بە سووک تەماشاکردنى پرسە نیشتمانییەکانى کورد، دووەمیش بۆ لێدانە لەوانەى هێشتا باوەڕیان بە کورد و نیشتمانەکەیان پتەوە و رێز لە کوردبوونى خۆیان دەگرن. تەماشا بکەن ئەگەر کەسێک لە بەرنامەیەکى کەناڵێکى تەلەڤزیۆنى باسى بەردەوامى ستراتیژیەتى تەعریب و مەترسییەکانى بکات لەسەر کوردستان، ئەو کۆمێنتانە بخوێننەوە کە بۆى دەنوسرێت بزانن چەند کەسیان جنێوى پێدەدەن و سووکایەتى پێدەکەن. رۆشنبیرێک، چاودێرێکى سیاسى باسى ئەو ستەمکارییانە بکات کە لە بەغداوە هێشتا لەسەر میللەتەکەمان بەردەوامە، بزانە چى پێدەکەن. ئەمە جگە لە باشوورى کوردستان لەنێو هیچ میللەتێکى سەر گۆى ئەم زەوینەدا بوونى نییە. هۆکارەکەشى ئەوەیە باشوورى کوردستان بووەتە لانەى جاسوسى. بەغداى ئێستا توانیوێتى پێش داگیرکردنى خاک، مێشکەکان بەجۆرێک داگیربکات لەپاى درێژەدان بە سیاسەت و ستراتیژە شۆڤێنییەکانى سەردەمى سەدام، لەنێو کوردستانەوە ستایش بکرێت. بۆ نمونە رژێمى بەعس و سەدام ناسنامەیان لە کوردە فەیلییەکان وەرگرتەوە و کەوتنە پاکتاوکردنیان، دەست بەسەر ماڵ و موڵکی هەزاران خێزانى فەیلیدا گیرا. ئەم حوکمڕانانەى عێراقی نوێ شیعەن و هەموو قورساییان خستووەتە سەر تەشەیوع، فەیلییەکانى بەغدا هەموویان شیعە مەزهەبن، بەڵام لەبەر ئەوەى کوردن، تائێستا دەسەڵات ئامادە نییە ماڵ و موڵک و ناسنامەیان بۆ بگێڕێتەوە. جیاوازى چییە لەنێوان دەسەڵاتێک کە ناسنامە و ماڵى کوردی فەیلی زەوتکردووە و دەسەڵاتێک ئامادە نییە ناسنامە و ماڵەکەى بۆ بگێڕێتەوە.  لە تەواوى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێم لە جەلەولا و خانەقینەوە بۆ خورماتوو و کەرکووک و تا دەشتى نەینەوا و مەخموور، سەدام قەدەخەى کردبوو مناڵى کورد بە زمانى کوردى بخوێنێت. ئەمان بە دەستوور و بە یاسا قەدەخەیان نەکردووە بەڵام بە کردار کارێکیان کردووە هاوشێوەى قەدەخەکردنەکەى سەدامە. چونکە تائێستا ئامادە نین یەک مامۆستاى کورد دابمەزرێنن بە زمانى کوردى وانە بە مناڵى کورد بڵێتەوە. تەماشا بکەن ماوەى 22 ساڵە شیعە لەسەر حوکمن لە بەغدا، لەم 22 ساڵەدا رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە نەفتخانە و بابەگوڕگوڕ دەردەهێنن و دەیفرۆشن، بەڵام ئامادە نین لە پارەى ئەم ملیۆنان بەرمیلە نەوتەى کوردستان، مووچەى مامۆستایەک بدەن کە وانەى کوردى دەڵێتەوە. تەنانەت ئەو قوتابخانانەى هەرێمى کوردستان لەو ناوچانە کردوونییەتییەوە، بەغدا خوێندکارەکانى لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرناگرێت، کە خوێندن تەواو دەکەن، دایاننامەزرێنێت. ئیتر سیاسەتى قەدەخەکردن چۆنە؟  بەڵام کاتێ داعش چوار پارێزگاى ناوچە سوونییەکانى داگیرکرد و بۆ ماوەى سێ ساڵ حوکمى کرد. بەغدا مووچە و بودجەى بۆ ناوچەکانى داعش دەنارد. لەکاتێکدا یەکەم کارێک داعش لەو ناوچانە کردى، هەڵوەشاندنەوەى مەنهەجى پەروەردەى عێراق بوو، مەنهەجێکى تایبەت بە داعش کرایە بەرنامە و پرۆگرامى خوێندن. بەغدا ئامادە بوو مووچەى ئەو مامۆستایانە بنێرێت کە وانەى داعشی و فکری داعشیان بە مناڵان دەگوتەوە، بەڵام ئامادە نییە مووچەى ئەو مامۆستا کەرکووکى و خانەقینى و مەخموورییانە بدات کە بە زمانى کوردى وانە بە مناڵانى کوردى ئەو بەشەى کوردستانى ژێردەسەڵاتى شیعە دەڵێنەوە.  هەموو کێشەى ناسنامە و خاک و مافى زەوتکراوى سەتان هەزار خێزانى کورد لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم، لە مادەى 140ی دەستوورى عێراقدا چڕکراوەتەوە، 20 ساڵە دەستوور پەسندکراوە و پێویست بوو بەپێى ئەو قۆناخبەندییەى بۆ جێبەجێکردنى ئەو مادەیە دیاریکراوە، لەمێژبوایە بارودۆخى ئەو ناوچانە بەو جۆرە ئاسایى بکرانایەتەوە کە هەموو عەرەبى تەعریب بچوونایەتەوە شوێنى خۆیان و کوردى دەرکراو بگەڕایەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆى. بەغدا نەک ئەم مادەیەى دەستوورى جێبەجێ نەکرد، زۆر زیاتر لەو ژمارە عەرەبەى لە چوارچێوەى سیاسەتى تەعریب لە ساڵى 1968 بۆ 2003 هێنرابوونە کەرکووک، لەم 22 ساڵەى دەسەڵاتى شیعەدا لەو رێژەیە زیاتر عەرەب هێندراون و بە پشتیوانیى دەوڵەت و بە ئامانجى پاکتاوى رەگەزى لە مەندەلییەوە تاوەکو شنگال نیشتەجێکراون. ئەگەر کەسێک دژى ئەم سیاسەتەى بەغدا بێت، نوخبە و رۆشنبیر و مامۆستا و ئەکادیمیست و خوێنەوارێکى زۆرى کورد، نەک هەر لۆمەى دەکەن، بگرە گاڵتەیان بە عەقڵى دێت.  ئەم دیاردە مەترسیدارە تادێت فراوان دەبێت، مەترسییەکانیشی لە هێرش و پەلامارى سوپاى داگیرکەر ترسناکترە بۆ داگیرکردنمان. پارتى و یەکێتى بە پلەى یەکەم بەرپرسیارێتى ئەم دۆخەیان لە ئەستۆیە و ئەوان زەمینەخۆشکەرى ئەم رۆژگارە بوون، بەڵام جگە لەم دوو هێزە سیاسییە کەسی دیکە ناتوانێت رێ لە پەرەسەندنى ئەم مەترسییەش بگرێت. دەبێت سەرئەنجام بەئاگابێنەوە و پلان بۆ چارەسەرى ئەو شێواوویانە بدۆزنەوە کە خۆیان هۆکارى دروستبوونى بوون.  هێشتا عێراق بەشى ئەوە نەکەوتووەتەوە سەرپێى خۆى بتوانێت هەموو ئامانجەکانى بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت، کوردیش چى لە هەرێم و چى لە بەغدا بەشى ئەوە کەرەستە و ئامرازى بەرگریکردنى بەدەستەوەیە کە بتوانێت بۆ خزمەتى کورد و نیشتمانەکەى بەکارى بهێنێت ئەگەر ئەم دوو حیزبە بچوکترین هەستى بەرپرسیارێتى نەتەوەیى و نیشتمانییان هەبێت.

بیروڕا
31-08-2023

چاوەڕوانی بەغدا بن، بێ شێو سەردەنێنەوە

زۆر جارى دیکە ئەوەم گوتووە، کورد تێگەیشتنێکى هەڵەى بۆ خۆى دروستکردووە لە ناسین و هەڵسەنگاندنى شیعە لە عێراق. بە حوکمى ئەوەى لە سەدەى رابردوو دەسەڵات لە دەستى عەرەبى سوننەدا بوو، ئەو زووڵم و ستەمکارییانەى بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراون، لەلایەن دەسەڵاتدارانى سوننەوە پیادەکراوە، هەروەها لەبەرئەوەى شیعەش تا ئەندازەیەک دەچەوسێندرانەوە و چەند حیزبێکى سیاسى ئۆپۆزیسیۆنیان هەبوو کە لەگەڵ کورد لەیەک سەنگەرى دژ بە بەعسدا بوون، ئیدی کورد هەر لەبەرئەوە پێى وابوو شیعە دۆست و پشت و پەناى کورد دەبن.    لەدواى رووخانى سەدام لەسەر بنەماى ئەو وێنا هەڵەیە بۆ شیعە، کورد پشتیوانییەکى لە رادەبەدەرى شیعەکانی کرد تا جومگە گرنگەکانى حوکمڕانیی عێراق بکەوێتە دەستى ئەوانەوە. بێ ئەوەى ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرێت کە ئەوان لەڕووى ژمارەوە زۆرینەن و رەنگە سبەى پرسى زۆرینە و کەمینە بکەنە پاساو بۆ فەرامۆشکردنى ئەو سازان و لێکتێگەیشتنانەى عێراقى نوێیان لەسەر بونیاتنرایەوە.    هەروەها کورد چاوپۆشییەکى زۆریکرد لەو تاوانکارییانەى شیعە بەرانبەر بە سوننەى عەرەب گرتیانەبەر، بێئەوەى ئەو پێویستییە لەبەرچاو بگرێت کە بۆ کورد واباش بوو جۆرێک لە هاوسەنگى لەنێوان شیعە و سوننە هەبووایە، تا لە ئەنجامى ناکۆکى و ململانێى نێوانیان دەرفەتى یاریکردن بۆ کورد فراوانتر بێت. یان هەست بەو مەترسییە بکات لە حاڵەتى سەرکەوتنى سیاسەتى پاکتاوکردنى سوننە لەلایەن شیعەکانەوە، ئەگەرى ئەوە هەیە ئەو مەیلى پاوانخوازییەى شیعە کوردستانیش بگرێتەوە.   هەرچەندە هێشتا بەشێکى زۆرى کورد چى لە ئاستى میلـلی و بەتایبەتى لەناو ئەوانەشدا کە خەریکى سیاسەتن، ئەم راستییەیان نەبینیوە یان درک بەوە ناکەن کە کورد وەک نەتەوە و جوگرافیاکەى وەک کوردستان کەوتووەتە ناو ئەو بازنەیەوە کە شیعە چاوى تێبڕیوە و وەک بەشێک لە پێویستیی تەواوکاریى پرۆسەى هیلالى شیعى دەیبینن. هەموو ئەو ناکۆکییانەش لەدواى کشانەوەى ئەمریکاوە لە کۆتایى ساڵى 2011ـەوە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، بەشێکە لەو ستراتیجەى شیعە لە عێراق، بەڵام لەلایەک بەهۆى خراپ ئیدارەدانى هەرێمى کوردستان و بوونى کێشە و ناکۆکیی زۆر لەنێو هێزە سیاسییەکانى کوردستان، لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى ئەوەى ماڵى شیعى ژمارەیەکى زۆر کوردى هەرزانیان کەوتە دەست کە ئەوان بۆ ماکیاجى سیاسەتى شیعە بەکاربەرن و راى گشتیی کوردستان بەجۆرێک ئاراستە بکەن، خەڵک بە ئاسانى درک بە حەقیقەتى حوکمڕانییەی شیعە و مەترسییەکانى لەسەر ئایندەى کوردستان نەکات.    بۆیە هێشتا کارێکى ئاسان نییە بتوانرێت لە کوردستان تێگەیشتنێکى گشتى بۆ حەقیقەتى حوکمڕانى و ناسینى ستراتیجى شیعە دروستبکرێت. سەربارى ئەوەى وا نزیکدەبێتەوە لە 10 ساڵ شیعە سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستانى گرتووەتەبەر، بۆ دوو ساڵیش دەچێت خەریکى لێدانە لە ژێرخان و سەرخانى ئابووریی کوردستان. خەریکى داڕشتنى پلانیشە بۆ لەبەریەکهەڵوەشانەوەى بنەما یاسایى و دەستوورییەکانى حوکمى خۆبەڕێوەبەرێتیی ناوچە کوردییەکان، بەڵام جێى داخە ئەم حەقیقەتانە هەموو نابیندرێن و زۆرن ئەوانەى لە هەموو ئەو ململانێ و ناکۆکییانەى لەنێوان کورد و بەغدا هەیە، کەوتوونەتە ژێر ئەو تەوژمە چەواشەکارییانەى بۆ گۆڕینى سایکۆلۆجیاى شەقامى کورد لە برەودایە و هەر پێیان وایە بەغدا لەسەر حەقە و هەمووى خەتاى کوردستانە.   ماوەى زیاتر لە پێنج مانگە بەغدا توانیویەتی رێگە لەوە بگرێت کوردستان نەوت هەناردە بکات کە ئەوە یەکێک لە ئامانجە ستراتیجییەکانى حوکمڕانیی شیعە بوو، بەڵام ئامادە نییە نەک بودجە، تەنانەت بەشى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان پارە بنێرێت. بەپێى ئەو راگەیێندراوانەى لە کۆبوونەوەى هاوبەشى وەفدى هەرێمی کوردستان و بەغداوە بڵاودەکرێنەوە، بەغدا هەر جارە و داواى شتێکى زیادە لە هەرێمى کوردستان دەکات. بەپێى لێدوانى وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەرێمی کوردستان و بەرپرسە باڵاکانیشى، هیچ شتێک نەماوە کە بەغدا داواى کردبێت و هەرێمی کوردستان پابەند نەبووبێت، بەڵام بەغدا ئامادە نییە پشکى هەرێمی کوردستان لە بودجەى گشتیی عێراق رەوانەى هەرێمی کوردستان بکات.    هەرچەندە ئەم گەمارۆ ئابوورییەى بەغدا کاریگەریی خراپى بۆ سەر ژیانى خەڵکى کوردستان هەبووە، سەتان کێشەى خێزانى و کۆمەڵایەتى لێکەوتووەتەوە، خەڵک لە دۆخێکى خراپدان، بەڵام ئەشێ درێژەکێشانى یارمەتیدەربێت لەوەى وردە وردە خەڵکى کوردستان بەئاگابێنەوە لەوەى ئەوە جەوهەرى حوکمى شیعە و نیەتى راستەقینەى شیعەکانە کە نایانەوێ کورد نینۆکى هەبێت سەرى خۆى پێ بخورێنێت.    هیچ کات لەگەڵ ئەوە نەبوومە کورد سازش بۆ بەغدا بکات، بەڵام لەپێناو دەرخستنى راستییەکان و تێگەیشتنى خەڵکى کوردستان، هەروەها بۆ راستکردنەوەى ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەى لە ناسینى شیعەدا کورد بۆخۆى دروستیکردووە و بەئاگاهاتنەوەى کورد کە لەبەردەم چى ستراتیجێکی مەترسیدارى شیعەدایە، پێشنیازى ئەوە بۆ حکومەتى هەرێمی کوردستان دەکەم پرۆسەى ئەو شتانەى بەغدا داواى دەکات خێراتر بکات، نەک هەر مەلەفى نەوت و دەروازە سنووریەکان، نەک هەر داهاتە جۆراوجۆرەکانى ناوخۆ، بەڵکو داوا لە بەغدا بکات فەرمانبەرى عەرەبى شیعە بنێرن ماڵ بە ماڵ پارەى ئاو و کارەباش کۆبکەنەوە. داوا دەکەم حکومەتى هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا بکات لیژنەیەکى وەقفى شیعی عێراق رابسپێرن بێنە کوردستان تا پارەى زەکات و سەرفترەش کۆبکەنەوە و بیبەن بۆ بەغدا.    دڵنیابن کوردستان هەموو ئەوانەش بکات، بەغدا ئامادە نییە مانگى ملیارێک دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵک هەمووى لەم راستییە تێناگات، هەرێمی کوردستان دەبێت زوو ئەو رێگایانە بگرێتەبەر بۆ ئەوەى ئەم راستییە روونبێتەوە. دواى ئەوە پێویستە بەدواى تەگبیرى حاڵى خۆیدا بگەڕێت، چونکە یەقینبن لەوەى خەڵکى کوردستان چاوەڕوانى نانى بەغدا بن، بێ شێو سەردەنێنەوە.