بەهرۆز عزەت

دوایین بڵاوکراوەکان

2 بابەت
بیروڕا
06-09-2025

تێڕوانینی کۆریای باکوور کە جیهانی دەرەوە لە بنەڕەتدا دوژمنایەتییە

کارەکانی تیمی سەرۆک لە گەشتی کۆتایی کیم جۆنگ بۆ چین ئەو تێڕوانینە بە تەواوی نیشان دەدات، هەروەها تەرکیزی ڕژیم بۆ کۆنترۆڵکردن و وردەکارییە تۆندەکانی ئەمنی و هەواڵگری دەسەڵاتی پیۆنگ یانگ دەخاتە ڕوو.تیمی سەرۆک هەموو شتێک لەگەڵ خۆیان دەبن و هەموو شتێک پاک دەکەنەوە، هیچ شوێنەواریک بەجێ ناهێڵن، بە وریاییەوە هەموو شتەکان دەسڕنەوە کە کیم جۆنگ ئون لەگەلی بەرکەوتەی هەبووە!. بەرپرسانی کۆریای باکوور پێ یان وایە بارودۆخی، جەستەیی ڕێبەری مەزن کاریگەری گەورەی لەسەر ڕژێمی کۆریای باکور هەیە. بەو پێیەی کیم کێشی زیادە، هۆکارێکی کلاسیکییە بۆ چەندین حاڵەتی تەندروستی، بۆیە پێیان وایە هەر زانیاریکی تایبەت لەسەر سەرۆک، دەتوانێت مەترسیدار بێت!، وه قسەکردن لەسەر ئەو شتانە بەگشتی دەتوانێت قسە و باسەکانی گۆڕینی ڕژێمی لێبکەوێتەوە، تەنانەت ئاژاوە لەو وڵاتەدا دروست بکات کە دەیان ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەکەی کیم جۆنگە. چون سیستەمی خێزانی لە کۆریای باکوور جێنشینێکی ڕوونی نییە. کچکەی بچووکە و هاوسەرەکەی هیچ پۆست و دەسەڵاتێکی سیاسی نییە، خوشکەکەی کیم هەرچەندە چالاکە، بەڵام بە شۆینگرەوەیکی بەهێز نازانرێت بۆ نموونه لەکاتی گەشتکردن بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمریکا و کۆریای باکوور لە ساڵی ٢٠١٩، وێنەیەکی کیم بڵاوبووەوە کە جگەرە دەکێشێت لەکاتێکدا شەمەندەفەرەکە وەستابوو لە ناننینگی چین. بینرا کە خوشکەکەی کیم بە خۆڵەمێشێکەوە وەستابوو.زیاتر لەوە کیم جۆنگ ئون بەوە ناسراوە کە هەتا ئاودەستەکەشی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ هەر شوێنێک کە دەچێت، نەک تەنها لە گەشتە نێودەوڵەتییەکان بەڵکو لەناو کۆریای باکووریشدا. کارمەندێکی پێشووی فەرماندەیی پاسەوانی کۆریای باکوور ئاشکرای کردوە، ڕژێم ترسی ئەوەی هەیە کە غەواسەکانی تایبەت بە ئاوەڕۆکان دەستیان بە پیسایی ڕێبەری باڵا بگات. لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا و چین گەرمن،بەڵام رەنگە پیۆنگ یانگ ناتوانێت زۆر دڵنیا بێت کە متمانە بە کێ بکات!. بۆیە تیمی سەرۆک بە وریاییەوە کورسییەکە و هەموو ئەو ڕووکارانەیان پاک دەکردەوە کە سەرۆک بەرکەوتەی لەگەڵدا هەبووە!.بە مەبەستی ڕێگری لە هەر هەوڵێک بۆ گەیشتن بە زانیاری دەربارەی تەندروستی یان بۆ ئەوەی کە هیچ هێزێکی بیانی نەتوانێت دەستی بگات بە پرۆفایلی DNA ی کیم. پەرەسەندنی کۆریای باکوور لە هێزی سەربازیی و سووپای ناوچەییەوە بۆ هێزێکی ئەتۆمی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی دۆژمنە دەرەکییەکان بۆ پاراستنی کۆریا . پەرەسەندنی کۆریای باکوور لە هێزی سەربازیی و سووپای ناوچەییەوە بۆ هێزێکی ئەتۆمی ئاواتخوازی خاوەن توانای لێدانی نێوان کیشوەرەکان دەرئەنجامی پابەندبوونی دەیان ساڵەیە بە دوو ئەرکی بەردەوام کە لەلایەن ڕژێمی بنەماڵەی کیمەوە بە دەوڵەت دراوە، پاراستنی بوونی سەربەخۆی دەوڵەتی کۆریای باکوور لە بەرامبەر هەر هێزێکی دەرەکی، و دابینکردنی ئامرازەکان بۆ کۆریای باکوور بۆ زاڵبوون بەسەر کۆریادا. ئەگەرچی ئەوە بۆته هۆی ئەوەی کە کۆریای باکوور ئاستی لە زۆر بۆاردا دابەزیت و پێشکەوتن، پەرەسەندنی توانا نوێیەکانی لە زۆر بۆاردا دوا بخات ، بەڵام ئەم ڕۆڵە ناوەندیانەی پاراستووە. ئەم تێڕوانینە مێژوویەکی درێژیی هەیە کە بۆ چەند دەیەیک دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دابەشکردنی دەرەکیی زۆرەملێی کۆریا !. بنەماڵەی کیم ئەم مێژووەی قۆستۆتەوە بۆ داڕشتنی کولتوورێکی سیاسی تۆتالیتاری کە بە بەرەنگاربوونەوەی زلهێزەکانی دەرەوە پێناسە دەکرێت. بۆ پاراستنی گەلی کۆریا لە هەڕەشە دەرەکییەکان. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هەڕەشانەش سەرکردەکانی کۆریای باکوور پێیان وایە دەبێت توانا سەربازییەکان پەرەپێبدەن. لەسەر ئەم ئەساسەدا توانا بەرگری و سەربازییەکانی کۆریای باکوور بە تێپەڕبوونی کات پەرەیان سەندووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرکەوتە جیاوازەکانی هەڕەشەکان. کۆریایی باکوور ئەمریکا وەک هەڕەشەی سەرەتایی و دەستبەجێی ئەمنی دەرەکی خۆی دەبنیت. ئەم تێڕوانینە ڕەگ و ڕیشەی بەهێزی لە ڕۆڵی ئەمریکا لە کاتی جەنگی کۆریا و بوونی سەربازی ئەمریکا لە نیمچە دوورگەکەدا لە دوای ئاگربەستەوە و ڕۆڵی پێشەنگی واشنتۆن لە هەوڵدان بۆ تەداخول و دەستکاریکردنی ڕەفتاری پیۆنگ یانگ و سنووردارکردنی خواستە ئەتۆمییەکانیدا هەیە. هەروەها کۆریای باشوور و ژاپۆنیش وەک درێژکراوەی دەستدرێژی ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەتایبەت پیۆنگ یانگ کۆریای باشوور وەک هەڕەشەیەکی ئایدیۆلۆژی بەهێز و درێژخایەن دەبینیت. چین و ڕووسیا لە مێژوودا هاوپەیمان،هاوبەش و پاڵپشتی کۆریای باکوورن، بەڵام سەرەڕای دەستڕاگەیشتنێکی دیپلۆماسی فراوانتر لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، پیۆنگیانگ مەیلی ئەوەی هەیە متمانەیەکی کەم بەو دوو وڵاتە نیشان بدات.کۆریای باکوور ترسی لە چینێکی زۆر بەهێز هەیە ڕەنگە بۆ ئەوە بێت بیەوێت سەربەخۆیی سیاسی خۆی لە پەکین بپارێزێت. هەتا ترسی لە ڕووسیاش هەیە وەک هاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەکەدا. ڕژێمی کیم بەهۆی ترسی هەڕەشەکردن لە دەسەڵاتەکەی هەتا ترسیکی زۆری لە سەرچاوە ناوخۆییەکانیش هەیە.بۆیە ئەولەویتی داوتە بنبڕکردنی هەموو ئەو کاریگەرییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە ڕەنگە هەڕەشە بن لە ناوخۆدا، به جۆریک کە دانێشتوانی کۆریایی بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە. لە ماوەی دەیان ساڵدا، ئەمە وەک زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئاسایشی ناوخۆیی، کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی سەریەککەوتوو دەرکەوتوو کە بۆ دڵنیابوون لە دڵسۆزی ڕەها بۆ سەرکردە داڕێژراون. کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر سەربازیدا بە تایبەتی گرینگ بوو و تا ئێستاش وەک ئەولەویتی یەکەم و سەرەکی بۆ ڕژێمی کیم جۆنگ ئون دەمێنێتەوە. ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی کۆریایی باکوور کۆریای باکوور بە شێوەیەکی بێ دوو دڵی ستراتیژی و بەرژەوەندی و ناسنامەی ئاسایشی نیشتمانی خۆی بەستەوە بە بوون بە هێزێکی ئەتۆمی کە بگاتە نێوان کیشوەرەکان. ئەم چەمکانە ئێستا لە یاسا، عەقیدە و دەستووری کۆریای باکووردا جێگیرکراون. بەگشتی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی کۆریای باکوور دوو ئامانجی سەرەکی هەیە: دڵنیابوون لە ئاسایشی درێژخایەنی ڕژێمی کیم، کە سەرکردایەتی بەم شێوەیە پێناسەی دەکات کە کۆریای باکوور وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەر و سەربەخۆ کە لەلایەن بنەماڵەی کیمەوە حوکم دەکرێت، و پاراستنی توانای کاریگەری باڵادەست بەسەر کۆریادا. لە ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٠٠ەوە ستراتیژی باکوور بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە بریتی بووە لە یەکەمایەتیدان بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و موشەکی بالیستی بۆ گەیاندنی چەکی ئەتۆمی بۆ مەودای دوورتر لە هەمان کاتدا پاراستنی سەربازی ئاسایی کە توانای ئەوەی هەیە زیانێکی زۆر بە کۆریای باشوور بگەیەنێت. بۆیە کیم جۆنگ ئون هێزی سەربازیی و ئەتۆمی خۆی بە بەردەوامی فراوانتر دەکات.کیم جۆنگ ئون بە ئاشکرا جەختی لەسەر توانای موشەکی بالیستیکی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور کردووەتەوە بۆ لێدانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا بۆ ترساندن و ئاگاداکردنەوەی ئاکتەرە نێودەوڵەتیەکانی تر. سەقامگیری سیاسی کیم جۆنگ ئون سەقامگیری سیاسی بە پێویست دەزانێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، تێڕوانینێک کە لە باوک و باپیرەیەوە بۆی ماوەتەوە. هیچ سەرکردەیەکی کۆریای باکوور تەحەمولی سەرهەڵدانی سیستەمێکی سیاسیی کێبڕکێکار یان نەبوونی دڵسۆزی لە نێوان نوخبەکانی ڕژێمدا نەکردووە. بۆ پاراستنی سەقامگیری و کۆنترۆڵکردن، دەوڵەت ئامێرێکی ئاسایشی ناوخۆیی بەربڵاوی خۆی دەپارێزێت کە پێکهاتووە لە چەندین دەزگا و وەزارەت کە ناوچەی بەرپرسیارێتی سەریەککەوتوو و دەسەڵاتی فراوانیان هەیە بۆ چاودێریکردنی هەموو هاووڵاتیانی کۆریای باکوور.هەروەها خەڵکی کۆریای باکوور هاندەدرێن کە ڕاپۆرت لەسەر یەکتر بدەن لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە ڕێگەی سیستەمێکی "چاودێری گەڕەکەکانەوە" کە پێی دەوترێت ئینمینبان. ئەو هاووڵاتیانەی کە سەرپێچییان کردووە، دەتوانن لە سیستەمێکی بەرفراوانی کەمپەکانی زیندان کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێن، زیندانی بکرێن. کیم پاکتاوکردن و لەسێدارەدانی بەکارهێناوە بۆ نەهێشتنی هەڕەشە هەستپێکراوەکان لەسەر دەسەڵاتەکەی و ناچارکردنی دڵسۆزی لە ژێردەستەکانی. ڕەنگە تێڕوانینی ئەو بۆ هەڕەشە بەشێکی بەهۆی هەستیارییەوە بێت بەرامبەر بەو پرسیارانەی کە ئایا کیمی گەنج توانیویەتی سەرکردایەتی تەواوی کۆریای باکوور بکات دوای مردنی باوکی، هەروەها پێدەچێت مەبەست لێی یادەوەرییەکانی کیم ئیل سونگ بێت، کە کیم جۆنگ ئون هەوڵی لاسایی کردنەوەی ئەدات،بۆ نموونه بە ئاشکرا مامی خۆی، چانگ سۆنگ-تایک، لە پۆستی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگری نیشتمانی لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣ دوورخستەوە و بەهۆی تاوانەکانی دژی دەوڵەت لەسێدارەی دا، لە بواری سەربازیدا، کیم چەندین جار دەستکاری لە پۆستە سەرەکییەکانی بەرگریدا کردووە و ئەفسەرە باڵاکانی لابردوە. ئەنجامەکەی سیستەمێکە کە لە دەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر سەقامگیر دەردەکەوێت، نوخبەکان بەهۆی ترس و ئیمتیازەوە پاڵنەریان بۆ دروستکراوە بۆ پاراستنی ڕژێمی کیم”.ئاسایشی باکوور بە جۆریک تۆندکراوە کە هەتا ڕاکردنیش سەختە بۆیە ڕێژەی هەڵهاتن لە کۆریای باکوور بۆ کۆریای باشوور زۆر دابەزیوە. پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی کرد، بۆ یەکەمجار وەک سەرکردەی کۆریای باکوور گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات کرد بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی چین، کۆریای باشوور، ئەمریکا و ڕووسیا. پێدەچێت ئەو پێی وایە ئەم هەوڵانە بۆ بەدەستهێنانی یارمەتی و سزاکان پێویستن. گەشت و دانۆستانەکانی کیم وەک بەشێک لە هەمەچەشنکردنی پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوورییەکان و کەمکردنەوەی زیاتری پشتبەستنی ئابووری بە چین و سزاکان سەر رژیمەکەی بوون،بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا، کیم وردە وردە دەستی بە هەوڵەکانی کردەوە بۆ تیشک خستنە سەر توانا سەربازییەکان، کە پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ بێزاری خۆی لە نەبوونی پێشکەوتن لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان. دەستی کردەوە بە سەردانە سەربازییەکان و هەڵدانی مووشەک و کۆتا دەرکەوتنی لە چین درێژکراوەی ئەمە بوو. کۆریای باکوور تێدەگات شێوازی جەنگ گۆڕاوە و سوپای وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادە نییە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی مۆدێرن. ڕەنگە پیۆنگیانگ هەڵسەنگاندن بۆ هێزەکەی بە گشتی بکات کە ناتوانێت لە شەڕکردن لەگەڵ ئەمریکادا سەربکەوێت.بۆیە ئەولەویەتەکانی کیم وەک سەرۆکی کۆریای باکوور چەسپاندنی توانای ئەتۆمی دەوڵەت و هەنگاونان بە خێرایی بووە بەرەو گەیشتن بە جبەخانەی مووشەکی بالیستی کە توانای هەڕەشەکردن لە ئەمریکای هەبێت لە هەمان کاتدا هەوڵی مۆدێرنکردنی ئابووری بە سیاسەتێکی "دوو هێڵی" دەدات بە ناوی بیونگجین.ئەما هەرچەندە گەشەسەندنی ئابووری لە پێشینەی کارەکانە، بەڵام کیم ئامادەیە بەرگەی زیانەکانی دارایی بگرێت بۆ ئەوەی ئامانجەکانی دیکە بەرەوپێش ببات.  

بیروڕا
10-05-2025

کشمیر میدانی جەنگیکی کۆتایی نەهاتوو

کشمیر میدانی جەنگیکی کۆتایی نەهاتوو، سیناریۆکانی جەنگ لە سێبەری چەکی ئەتۆمیدا لەنێوان هیندستان و پاکستان .   هیندستان کە زۆرینەی هیندۆسین و پاکستان کە زۆرینەی موسڵمانن کە لە ساڵی ١٩٤٧ سەربەخۆ بوون. دوای ئەوەی بەریتانییەکان دەستبەرداری کۆلۆنیالیزم بوون،چەند مانگێک دواتر گرژی و ئالوزییەکانی نێوان دوو وڵاتە نوێیەکە لەسەر کشمیر دەستی پێ کرد.هیندستان ئیدیعای کرد کە کشمیر بەشێکە لە هیند، لە کاتێکدا پاکستان بە پشتیوانی جەماوەری زۆرینەی موسڵمانی ناوچەکەی وەک بنەمایەک بۆ ئیدیعای خۆی هێنایەوە.مێژوویی ململانی و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هیندستان و پاکستان لەوکاتەوە دەستی پێ کرد.   مەهاراجا (پاشاى کشمیر) سەرەتا بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕا، چونکە کشمیر بۆ چەندین سەدە بەهۆی داگیرکردنی ئیمپراتۆریەتەکانەوە پشتگوێ خرا و ژێردەستە کرا. بەڵام لە کۆتاییدا ڕەزامەندی دەربڕی کە پەیوەندی بە هیندستانەوە بکات، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕی هیندستان و پاکستان لە ساڵانی ١٩٤٧-١٩٤٨. بەڵام دواتر ڕێککەوتنی کەراچی ساڵی ١٩٤٩ بە دامەزراندنی هێڵی ئاگربەست بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کاتی کۆتایی بە توندوتیژی لە ناوچەی کشمیر هێنا. هێڵێک کێشرا کە خاکەکەی دابەش دەکرد، نزیکەی دوو لەسەر سێی ناوچەکە بۆ هیندستان و ئەوەی تر بۆ پاکستان. دواتر گرژییەکان زیاتر بوون، پەرەی سەند و لە ساڵی ١٩٦٥دا جەنگیک لە نێوانیان دا ڕویدا کە دوەمین جەنگی گەورەی نێوانیان بوو، لە ساڵی ١٩٧١دا هیندستان و پاکستان شەڕێکی کورتی دیکەیان لەسەر ڕۆژهەڵاتی پاکستان کرد، دواتر ریککەوتنی سملا بە ئەنجام گەیشت و لە ئەنجامدا بەنگلادیش دروست بوو.   بەڵام لە ساڵی ١٩٧٤دا ململانێکان بە هێنانەکایەی چەکی ئەتۆمی ڕەهەندێکی نوێی وەرگرت. لەو ساڵەدا هیندستان یەکەم چەکی ئەتۆمی خۆی تاقیکردەوە، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی کە پاکستان دوای دوو دەیە گەیشتە چەکی ئەتومی. هەروەها لە ساڵی ١٩٩٩ دوای ئەوەی سەربازانی پاکستان دزەیان کردە ناو کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ناوچەی بەرزایی کارگیل ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.کە یەکیکی تر لە مهم ترین ڕووبەڕووبوونەوەکان بوو، کە دواتر بە فشاری نێودەولەتی پاکستان ناچار بوو بکشیتەوە.هندستان تەواوی ئەوناوچانەی گرتەوە کە کەوتەبونە ژیر دەستی پاکستان. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨، ترسی ڕووبەڕووبوونەوەیکی تری ڕاستەوخۆی سەربازی لە نێوانیاندا بەرزبوەوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا زیاتر لە سێ هەزار هێرشی سنوور بەزاندن تۆمارکراون. هەروەها لە سالی ٢٠١٩ هێرشی پولواما، جاریکی تر گرژی نێوانیان دەستی پێ کردەوە. دوای بڵاوەپێکردنی دەیان هەزار سەرباز بۆ ناوچەکە، حکومەتی هیندستان هەنگاوی نا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٣٧٠ی دەستووری هیندستان. گۆڕانکارییەکە پێگەی تایبەتی جامو و کشمیری لابرد، کشمیرییەکانی ناچارکرد سەربەخۆیی خۆیان کەمکەنەوە.   لە 22ی نیسانی 2025، گرژییەکان دوبارە پەرەی سەند، دوای ئەوەی چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر گەشتیارانی هیندستان لە شاری پاهالگام لە کشمیر کە ناوچەیەکی سنووری کێشە لەسەرەو لە ئەنجامدا بیست و پێنج هاووڵاتی هیندی و هاوڵاتییەکی نیپاڵی کوژران. هیندستان پاکستانی بە هۆکاری هێرشەکە زانیوە، بەڵام ئیسلام ئاباد ڕەتیدەکاتەوە پەیوندەی بەو هێرشەوە هەبێت گرۆپیک خستیە ئەستوی خۆی، ڕووداوەکە کوشندەترین هێرشی تیرۆریستی بوو لە خاکی هیندستان لە دوای هێرشەکانی ساڵی ٢٠٠٨ی شاری مومبای.   لەبەرامبەردا نیودەلهی سەرەتا ئاوەکانی ئیندوس یا دریایی سند گرتەوە کە (٩٠٪بەرهەمی خوراکی و کشتوکالی پاکستان لەسەر ئەو ئاوەیە و کاریگەریکی گەورەی لەسەر تەواوی شار و گوندەکانی ئەو وڵاتە دەبێت)، هەروەها داخستنی دەروازەی سنووری نێوان هەردوو وڵات. پیش ئۆپراسیونەکە عەتاوڵا تەلار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان رایگەیاند "پاکستان زانیاری هەواڵگری باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستان بەنیازە لە 24-36 کاتژمێری داهاتوودا چالاکیی سەربازی دژی پاکستان ئەنجام بدات."دواتر هندستان دەستی کرد بە چەند مانۆڕی سەربازی بەتایبەت هێز و چەکی دەریایی و دواتر ئۆپەراسیۆنی سندوور" لە ٧ مانگ دەستپێکرد کە ٩ شوێنی لە کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، کردە ئامانج، کە گوایە ئەو شوێنانە بۆ پلاندانان بۆ هێرشەکان بەکارهێنراون. دەلێن تەنیا ژێرخانی تیرۆریستی"ی سەر بە دوو گروپی چەکداری - لەشکر تەیبە و جەیش محەممەدیان کردووەتە ئامانج.نەک ناوچەی مەدەنی و سوپای پاکستان.ئەمە بەشێکە لە وەڵامی هیندستان بۆ هێرشی پاهالگام کە مانگی ڕابردوو لە کشمیری ئیدارەی هیندستان ڕوویدا.   لە کاتیکدا هندستان رایگەیاند کە تەنیا ئەو ناوچانانەی کە کەمپی مەشقی چەکدارە یا گرۆپە تیرورستیەکانن بۆردمان کردوە،بەلام ئەو دۆخە ترسی ململانێی سەربازیی بەرفراوانتری نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی زیاتر کرد، لەبەرامبەردا پاکستان هەڵپەساردنی پەیمانی ئاوی ڕەتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ڕۆیشتنی ڕووباری ئیندوس بۆ پاکستان راگەیاندنی شەڕە.(ئیندوس لە تبتەوە سەرچاوەی گرتووە و پێش ئەوەی بگاتە پاکستان بە چین و کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستاندا تێدەپەڕێت). ئیسلام ئاباد ئیدیعای ئەوە دەکات پێنج فڕۆکەی هێزی ئاسمانی هیندستانی خستۆتە خوارەوە، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئەمەش ململانییەکەی هەردو وڵاتی گەیاندووەتە لێواریکی فراوانتر.جەنگەکانی پێشوو لەسەر کشمیر هەریەکەیان خوێناوی بوون.   نیودەلهی بە هاوبەشێکی گرنگ بۆ واشنتۆن دادەنرێت، چونکە هەوڵدەدات بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی چین بداتەوە لە ناوچەکە و زەریای هێمن. هەروەها پاکستان بە هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکا دادەنرێت.لەلایەکی تر چین کە هاوکات ئیدیعای کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە کشمیر دەکات و لە ساڵانی ڕابردوودا لە پاکستان نزیکتر بووەتەوە.   لە کاتێکدا کە دۆخەکە هێشتا لە پەرەسەندندایە، ئەوەی لە دوای ئەوە دێت زۆر بەندە بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پاکستان بۆ لێدانەکان. پاکستان ئەمە بە راگەیاندنی جەنگ دەزانیت، هەڕەشەی ئەوە دەکات لە بەردەام بونی ئەو هێرەشانە بە هەموو توانایی خۆی وەلام دەداتەوە و رایانگەیاند کە هەر هێرشیک بکریت وەڵامیکی هاوشێوە دەدنەوە. هەروەها بەردەوامی جەنگ بەندە بە ئابوریی هەردولا جەنگی نوێ تیچوی زۆرە ئایا اقتصادی هەردو وڵاتەکە چەندە تەحمولی ئەوە دەکات. هندیستان بەراورد بە پاکستان اقتصادیکی گەورەیە ، هیندستان خاوەنی یەکیک لە گەورەترین و بەهێزترین سوپاکانی جیهانە، بودجەی سەربازیی حەوت بەرامبەری بودجەی پاکستانە، لەبەرامبەردا اقتصادی پاکستان ئەستەمە تەحمولی جەنگیکی بەردەوام و درێژخایەن بکات،قەرزیکی زۆری دەرەکی لەسەرە،هەردوکیان ئامادەی جەنگیکی درێژخایەن و بەردەوامیان نیە و نایانەویت،سەخت دەبێت جەنگیکی فراوان بە ئاسانی لە نێوانیاندا ڕونادات.   بە شێوەیەکی گشتی چەند سیناریۆیک هەیە لەوانە هەڕەشەی ئەتۆمی بەلام ئەمە ئەگەرەیکی زۆر دورە و ناواقعی یە هەردو وڵات زۆر باش مەترسی ئەوە دەزانن، سیناریۆیکی تریش کە دەکریت زۆر دور بێت چون هەردوکیان ئەوەیان ناویت و دەزانن کە دەرئەنجامەکەی چون دەبێت، ئەویش جەنگی تەواوە ئەگەرەیکی زۆر دورە کە جەنگی تەواو عەیار لە نێوانیاندا ڕوبدات، سیناریۆیکی دیکە لەهەموویان واقعی تر ئەوەیە کە جەنگیکی سنوردار بێت، سیناریۆیکی دیکە ڕێگەی دیپلۆماسییە، بەلام لەگەل ئەوەشدا هەموو سیناریۆ و ئەگەریک کراوەیە ،ئەگەری ئەوە هەیە گرژییەکان لەدەست دەربچن بۆ جەنگیکی تەواو، ململانی هیندستان و پاکستان کە دوو دراوسێیین کە مێژوویەکی دوور و درێژی ململانێیان هەیە،لە ئەگەری بەردەوام بوونی گرژیی و هێرشەکان و ڕودانی هەر یەکیک لەو سیناریۆ و ئەگەرانە جیا لە دیپلۆماسیت ناوچەکە و دوخەکە دەخاتە ناو ئالۆزیی و مەترسیکی گەورە.